2020-07-28   589     
دارا ره‌شید
وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه به‌نیازن كاره‌با بده‌ه كه‌رتی تایبهتو كۆمپانیا به‌رهه‌م دابه‌ش بكات و هه‌ر خۆیانیش داهاته‌كانی كۆبكه‌نه‌وه بۆ حكومه‌ت و نرخه‌كه‌شی هه‌مان نرخی حكومه‌ت ده‌بێت.
ئاوێنه: له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی دایه‌وه.
له‌باره‌ی داهاتو گرفته‌كانی كه‌رتی كاره‌با، ناوبراو رایگه‌یاند، "ئێمه بۆ كه‌رتی كاره‌با مانگانه 81 ملیۆن دۆلار خه‌رجی حكومه‌تمان هه‌یه، به‌ڵام داهاتی ته‌نیا 40 ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه. ته‌نیا له‌سه‌دا 10ی به‌رهه‌می كاره‌با له بهنداوهكانهوهیه. %90ی له وێستگه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ته. بۆیه پڕۆژه‌مان ئه‌وه‌یه كه‌رتی كاره‌با بدرێته كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا به‌رهه‌م دابه‌ش بكات و هه‌ر خۆیانیش داهاته‌كانی كۆبكه‌نه‌وه بۆ حكومه‌ت و نرخه‌كه‌شی هه‌مان نرخی حكومه‌ت ده‌بێت."
له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌وه وتی، "حكومه‌ت ناتوانێت خه‌ڵك دابمه‌زرێنێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه دامه‌زراندنی ده‌وێت، دڵنیا نییه له چاره‌نووسی خۆی له كه‌رتی تایبه‌ت. ماف و ئیمتیازی دیار نییه، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین خانه‌نشینی كه‌رتی تایبه‌ت هاوشێوه‌ی كه‌رتی گشتیی بێت."
سه‌باره‌ت به‌تاپۆكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كارتن، دارا ره‌شید وتی، "ئه‌و یه‌كانه‌ی كارتن له به‌رامبه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان دراونه‌ته هاووڵاتیان، تاپۆ ده‌كرێن... هه‌روه‌ها ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه‌ی كه گرێبه‌ستیان هه‌بووه، ده‌بێت ته‌نیا بۆ جووتیاران بن و نابێت بفرۆشرێنه كه‌سانێك كه جووتیار نیین و زه‌وییه‌كه بۆ بواری كشتوكاڵی به‌كار ناهێنن."
ئه‌وه‌شی وت، "لیژنه بۆ تاپۆكردنی زه‌وییه‌كان و ئه‌و یه‌كانه درووست كراوه، كه له ناو شاردا به زیاده‌ڕۆیی درووستكراون و ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانن. 167 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و تا ئێستا تاپۆ نه‌كراون. ئه‌وه‌ش ده‌بێته داهات بۆ حكومه‌ت، چونكه ئه‌و یه‌كانه چه‌ندین جار ده‌ستاوده‌ستیان پێوه‌كراوه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكیان بۆ حكومه‌ت هه‌بێت."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه "ئێمه له باره‌ی ڤێلا و مهزرهعهكانهوه، به‌روونی بڵێم، ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌ملیككردنی ئه‌و ڤێلا و مهزرهعانهدا نین. پڕۆژه یاسامان ئاماده كردووه، ئه‌و ڤێلا و شتانه پابه‌ند ده‌كرێن به چه‌ند شتێك، چونكه ئه‌و زه‌ویانه هی ئه‌م نه‌وه‌یه نین به ته‌نیا، به‌ڵكو هی نه‌وه‌ی داهاتووشن. ناكرێت خه‌ڵكێك هه‌بێت سه‌د مه‌تر زه‌وی بۆ نیشته‌جێبوون نه‌بێت و خه‌ڵكێكیش هه‌بێت له‌سه‌ر پانتایی ده‌یان دۆنم زه‌وی ڤێلای درووست كردبێت."
تایبه‌ت به‌سیستمی بانكی، وه‌زیری پلاندانان وتی، "كار بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی نوێی بانكی ده‌كه‌ین. ئابووری كاش له هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕین بۆ ئابووری ئه‌لیكترۆنی. هه‌وڵی هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌ی داهات ده‌ده‌ین."
سه‌باره‌ت به‌گه‌نمی جوتیران رونیكرده‌وه كه له‌هه‌رێمی كوردستان ساڵانه یه‌ك ملیۆن ته‌ن گه‌نم به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. حكومه‌تی عێراق 400 هه‌زار ته‌ن وه‌رده‌گرێت و 600 هه‌زار ته‌نی ساغ نابێته‌وه. كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌تمان هێناوه. لهههولێرو سلێمانی و دهۆك كار ده‌كه‌ن. گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ كردوون. ئه‌و كۆمپانیایانه بۆ وه‌رزی چاندن، بنه‌تۆ ده‌ده‌نه جووتیار، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ جووتیاران ده‌كه‌ن و له وه‌رزی به‌رهه‌مدا به‌رهه‌مه‌كه‌یان لێ ده‌كڕنه‌وه. ئه‌و كۆمپانیایانه ئارد و ته‌واوی پێكهاته‌كانی به‌رهه‌م ده‌هێنن.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه له‌هه‌رێمی كوردستان جووتیاران كێشه‌ی ئاودێریان هه‌یه. %51ی كشتوكاڵی هه‌رێم پشت به باران ده‌به‌ستێت. %48ی پشت به ئاوی ژێر زه‌وی ده‌به‌ستێت. ته‌نیا %1ی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان پشت به ئاوی رووباره‌كان ده‌به‌ستێت و كشتوكاڵی هه‌رێم كه‌مترین سوود له ئاوی رووباره‌كان ده‌بینێت.
دارا ره‌شید وتی، "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتبووین ئه‌وان سێ به‌نداو له هه‌رێم درووست بكه‌ین. بڕیاره دوای جه‌ژن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گفتوگۆ بكرێته‌وه. خۆمانیش بڕمان داوه 6 به‌نداوی نوێ درووست بكه‌ین، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت و ئه‌و به‌نداوانه 1000 میگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن. 453 هه‌زار دۆنم زه‌وی دێراو ده‌كه‌ن. چه‌ندین هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنن و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ماسی به‌خێوكردن ده‌كرێنه‌وه."