چوار نامەی بەرپرسانی وڵاتەكە: ئێران بڵاوبونەوەی كۆرۆنای لە زیندانەكاندا پشتگوێخستوە
  2020-07-31       440       

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: ئێران داواكاریی بەپەلەی بەرپرسانی زیندانەكانی وڵاتەكەی پشتگوێ خستوە كە داوای دابینكردنی كەرەستەی خۆپارێزیی و پێداویستی پزیشكییان كردوە بۆ رێگریكردن لە دۆخی مەترسیداریی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە زیندانەكاندا. دەشڵێت: لە زیندانەكانی ئێران لانیكەم 20 توشبوی كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە كە زۆرترینیان لە زیندانی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بون.

ئاوێنە: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا رایگەیاند: چوار نامەیان دەستكەوتون كە لەلایەن چوار بەرپرسی دەزگای زیندانەكانی ئێرانەوە ئیمزاكراون و ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كراون و تێیاندا هۆشداریان داوە سەبارەت بە كەمی كەرەستەكانی خۆپارێزیی و پێداویستی پاكژكردنەوە و پێداویستییە پزیشكییە سەرەكییەكان لە زیندانەكانداو ئەوەشیان بە مەترسیدار ناوبردوە.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە وەزارەتی تەندروستی هیچ وەڵامێكی ئەو نامانەی نەداوەتەوەو تا ئێستاش زیندانەكانی ئێران بەشێوەیەكی ترسناك كەموكوڕیان هەیە لە پێداویستییە سەرەكییەكانی روبەڕوبونەوەی پەتا.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستۆتەڕو كە وردەكانی ئەو چوار نامەیە بەتەواوی دژبە لێدوانەكانی ئەسغەر جەهانگیر، راوێژكاری سەرۆكی بەرژەوەندی زیندانەكانی ئێرانە كە ئەو زانیاریانەی رەتكردبونەوە كە باس لە زیادبونی ژمارەی حاڵەتەكانی توشبون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە زیندانەكاندا دەكەن.

دەزگای زیندانەكانی ئێران كە سەربە دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتەیە، لە نامەكاندا جەختی كردۆتەوە كە بەپێی پێویست، پارەو پێداویستی لەبەردەستدا نییە بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە چوارەم نامەدا، یەكێك لە یاریدەدەرانی سەرۆكی ئەو دەزگایە كە ئاڕاستەی جێگری وەزیری تەندروستی كردوە، نوسیویەتی: وەڵامی سێ نامەی پێشویان نەدراوەتەوەو بۆ كۆنترۆڵكردنی "ئەو روداوە ناچاوەڕوانكراوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا" لە زیندانەكاندا، پێویستە كۆبونەوەیەكی بەپەلە بكرێت.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە بەڵگەی "نیگەرانكەر"یان لەبەردەستدایە كە "دۆخێكی بێ بەزەیی و نامرۆییانە" لە زیندانەكانی ئێراندا بەردەوامی هەیەو بەرپرسانی دادوەری بەئەنقەست و لەپێناو سزادان و تۆقاندنی زیندانیانی سیاسی، ئەو زیندانیانە لە مافی چاودێری تەندروستی و پزیشكی بێبەش دەكەن.

هەرچەندە چوار نامەكەی بەرپرسانی دەزگای زیندانیانی ئێران، ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا لەنێو زیندانەكان لەخۆناگرێت، بەڵام رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە زانیارییان هەیە لانیكەم 20 زیندانی بەهۆی توشبونیان بە كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوەو زۆرترینی ئەو توشبوانەشی كە گیانیان لەدەستداوە لە زیندانی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بون كە ژمارەیان هەشت كەسە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×