سەركردەیەكی یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكا
  2020-07-31       1435       

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بە "كەسانی شكشتخواردوی حوكمڕانی" ناودەبات و دەشڵێت: جوانترین پیرۆزبایی ئەم جەژنە بۆ خەڵكی كوردستان هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

ئاوێنە: عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە پەیامێكدا سەبارەت بە جەژنی قوربان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك هەر چوار سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان و دادوەری بە "مایەی شەرمەزاری و ئابڕوچون بۆ گەل" ناوبردون و وتوشیەتی"ئەتانەوێت تاکەی ئاوا بەردەوام بن."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا داوای لە سەرۆكایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی كردوە ئەگەر پابەند نەبن بەو بەڵێن و بریارانەی کە لە کۆنگرەی چوارو کۆبونەوەی سەركردایەتی رۆژی 26ی مانگی رابردو داویانە ئەوا "بەر نەفرەتی خەڵک و خوا ئەکەوین."

وتوشیەتی"دەسەوەسانی و بێچارەیی ھەر سێ سەرۆکایەتییەكەی ھەرێم لە دوا کۆبونەوەیان نیشانەی ئەوەن کە دەبێ ئێمە بریاری جدیمان ھەبێ بۆ گۆرانکاری."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم چوار سەرۆکایەتی ھەرێمە بە ھیچ جۆرێک ئەھلی ئەم ئەرکە قورسەی حوکمرانی و نیشتیمانیە نیین و دەبێ بریارێک بدەین کە وەک ھەمیشە (ی،ن،ک) لە بەرەی گەل بێت."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"ئەوان کەسانی شکستخواردوی حوکمرانین و من شەرم دەکەم ئەوانە فەرمانرەوام بن، جوانترین پیرۆزبایش بۆ ئەم جەژنە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە." 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×