لەكۆی‌ 549 په‌رله‌مانتار تەنها 8 پەرلەمانتار خانەنشینی په‌رله‌مانتارییان رەتکردۆتەوە
  2020-07-31       845       

ئا: ئاوێنه‌

 

ئه‌مڕۆ دوا واده‌بو بۆ‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ فۆرمی رەتکردنەوەی موچه‌ی خانەنشینی ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، تا ئێستا تەنها 8 پەرلەمانتار فۆڕمه‌كه‌یان پڕكردۆته‌وه‌و موچه‌ی خانەنشینیان رەتکردۆتەوە.

 

لەدوای راپەڕینەوە، سەدان کەس بون بەپەرلەمانتار، تا ساڵی ٢٠٠٥ زۆربەی هەرە زۆران یەکێتی‌و پارتی بون، پاش ئەم ساڵە حزبە ئیسلامییەکان‌و زەحمەتکێشان‌و سۆشیالیست‌و شیوعی‌و مەسیحی‌و تورکومانیشی تێکەوت، لەساڵی ٢٠٠٩ەوە گۆڕان‌و لەدوا هەڵبژاردنیشدا نەوەی نوێ، بەشێکی زۆری ئەم پەرلەمانتارانە خۆیان وەک ناڕازای‌و رەخنەگری سەرسەختی دەسەلات ناساندوەو رەخنەیان لەناعەدالەتی موچەو ئاستی ژیانی هاوڵاتیان لەهەریمی کوردستاندا گرتوە، بەڵام کە کار گەیشتوە بەوەی ئایا خۆیان ئامدەن دەستبەرداری ئەو موچە زۆرە بن کە بۆیان براوەتەوە؟ زۆربەیان وەک دەرکەوت راشکاوانە وتویانە نەخێر، یاخود سەری خۆیان لێ کز کردوەو بەبێدەنگی پارەو ئیمتیازی خۆیان وەرگرتوە.


 نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌نوسراوی ژماره‌ 1034/4/4 له‌ڕێكه‌وتی‌ 30\6\2020، به‌ئیمزای‌ ئه‌رده‌ڵان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان گشتاندێكی سه‌باره‌ت به‌ده‌ستبه‌رداربون له‌وه‌رگرتنی ‌موچه‌ی خانه‌نشینیی په‌رله‌مانتارانی‌ خوله‌كانی‌ ئێستاو پێشوی‌ په‌رله‌مان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی كوردستان كرد.

له‌گشتاندنه‌كه‌دا هاتبو، به‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ شه‌شه‌م مادده‌ی‌ (7) له‌یاسی‌ ژماره‌ (2) ساڵی‌ (2020) یاسای‌ چاكسازیی له‌موچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین‌و ئیمتیازاته‌كان‌و خانه‌نشینی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان - عێراق، داواكاریی بۆ ده‌ستبه‌ردابونی‌ ئاره‌زومه‌ندانه‌ له‌خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانتاریی له‌هه‌ر پێنج خوله‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌به‌رواری‌ (2020/7/1)وه‌ ده‌ستیپێكردو بۆ ماوه‌ی‌ (30) ڕۆژ به‌رده‌وام بو.

له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و مانگه‌داو لەكۆی‌ 549 په‌رله‌مانتاریی هه‌ر پێنج خوله‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، تەنها 8 پەرلەمانتار فۆڕمه‌كه‌یان پڕكردۆته‌وه‌و موچه‌ی خانەنشینی په‌رله‌مانتارییان رەتکردۆتەوە، كه‌ پێكهاتون له‌:

- د. كازم فاروق، فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ
- مژده‌ مه‌حمود، فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ
- سیپان ئامێدی‌، فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ
- كاوه‌ عه‌بدولقادر، فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ
- عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، فراكسیۆنی‌ گۆڕان
- شیرین ئه‌مین، فراكسیۆنی‌ گۆڕان
- د. شایان عەسکەری، فراكسیۆنی‌ گۆڕان
- سیروان بابان، فراكسیۆنی‌ سه‌ربه‌خۆ


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×