مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی: بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری كورد ببرێ
  2020-08-02       662       
ئەمڕۆ 2-8-2020لەبەرامبەر هێنانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ سنورەكانی كەركوك و خورماتوو، هەوڵدان بۆ نیشتەجێكردنیان لەسەر زەوی و زاری كوردە رەسەنەكانی ناوچەكە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبانگەوازێكدا ئاماژە بەگرتنەبەری تەواوی رێوشوێنەكان دەكات بۆ رێگەگرتن لەو دیاردەیە.

ئاوێنە: مەڵبەندیی 2ی یەكێتی لەو بانگەوازەدا رایگەیاندوە:"بە داخەوە لە كاتێكدا هاونیشتمانییانی كەركوك و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێكردنی بۆنەكانی چەژنی قوربانن، لەم كاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەكان بەشێك لە "عەرەبە هاوردەكان" كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە كەركوك و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب كردن هێنرابونە كەركوك ناوچەكانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێكی تر و بە مەبەستی بە عەرەب كردنەوەی ناوچەكانی (حەڤتەغار و مەهاوش و كولیتەپەی سەر بە شارۆچكەی داقوق) بەهێزێكی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەكەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری كوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بكرێنەوە!.

رونیشكراوەتەوە:"لەم رووەوە داوا لە سەرۆك كۆمار و سەرەك وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دەكەین كە بە پەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیركارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی كۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك تێكبدرێ. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوكەوتە داگیركارییە رەتدەكەینەوە و بە سەرەتایەكی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێكترازانی نێوان پێكهاتەكان بە تایبەتیش نێوان كورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكەین بە پەلە رێوشوێنە دەستورییەكان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیركارییە بگرن و لایەنگیری نەكەن!

ئاماژە بەوەشدراوە:"لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری كورد ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێك دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و پەرلەمانتارەكان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەندییان بە بەڕێز سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ و لایەنەكانی ترەوە كردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن و هەر رێوشوێنێك پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی كۆتایی هێێنان بەم كێشەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×