بەشیر حەداد: کێشەی هاتنی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بۆ داقوق چارەسەرکرا
  2020-08-02       361       
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای پەیوەندییەک لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵەوە کێشەی هاتنی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بۆ داقوق چارەسەرکرا.

ئاوێنه‌: نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەشیر خەلیل حەداد لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و سەعد حەربییه، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکەوە کرد و داوای رونکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کیشەیەی کرد کە لەسنوری داقوق بەهۆی هاتنی ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەب بۆ گوندەکای ئەو ناوچەیە دروست بوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشیر حەداد، بە وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکی راگەیاند، "بارودۆخی ناوچەکانی ماددەی 140 ناجێگرە و نابێت لەم کاتەدا کارێک بکرێت بارودۆخەکە زیاتر تێک بچێت، بۆیە پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی هاتونەتە ناوچەکە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".

لەلایەن خۆیانەوە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و سەعد حەربییە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ئاماژەیان بەوەدا، "ئەو روداوە شتێکی نایاساییە و بەڵێنیان بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا کە بە زوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەو هاوڵاتیە عەرەبانەی کە هاتوونەتە ناوچەکەش بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، هەر دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ، ئەو هاوڵاتیە عەرەبانەی هاتبونە ناوچەکە گەڕێنرانەوە شوێنەکانی خۆیان و ئەو کەسانەش کە دەستگیر کرابون ئازادکران.

لە ھەمانکاتدا ھەریەک لە ناسر ھەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری و دیلان غەفور پەرلەمانتاری کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام لەسەر ھێڵ بون و ھاوکاربون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

بەیانی ئەمڕۆ  ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەبی هاوردە، چونە سنوری گوندەکانی دەورەبەری داقوق بە مەبەستی نیشتەجێ بونیان لەو ناوچەیە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە لە دژی ئەو کارە دەستیان بەخۆپیشاندان کرد و رێگریان لێکردن کە لە گوندەکانیان جێگیر بکرێن.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×