2020-08-04   1578     
بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی "ناردنی هێز بۆ سه‌ر ماڵی سه‌رمایه‌دارێكی عه‌ره‌ب و هه‌ڕه‌شه‌كردن لێی" بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵه دوره له‌راستییه‌وه.
ئاوێنه: جه‌لال شێخ كه‌ریم، بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه، "گوایه ئێمه هێزمان ناردوەته سه‌ر ماڵی سه‌رمایه‌دارێكی عه‌ره‌ب و هه‌ڕه‌شه‌مان لێ كردوه، سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌واڵه درۆیه".
ئاماژه‌ی به ورده‌كاری روداوه‌كه‌ش كردوه و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕو، "پاش ئه‌وه‌ی برای شه‌هیدێكی یه‌كێتی هاته لامان و سكاڵای ئه‌وه‌ی كرد، كه كه‌سێكی عه‌ره‌ب غه‌در و ناهه‌قی به‌رامبه‌ر كردوه و ده‌ستی به‌سه‌ر بڕی نزیكه‌ی دو ملیۆن دۆلاریدا گرتوه، ئێمه‌ش به‌دواداچونمان بۆ مه‌سه‌له‌كه كرد‌و بۆمان ده‌ركه‌وت بابه‌ته‌كه راسته و پێشتریش له دادگا داوای تۆمار كردوه و دو مانگ ئەو هاوڵاتییە عه‌ره‌بە له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه زیندانیكراوه".
جه‌لال شێخ كه‌ریم باسی له‌وه‌شكردوه، "به‌هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، ئەو هاوڵاتیە عه‌ره‌بە ئازاد كراوه، هاوبه‌شێكی هه‌بوه كه ناوی (سپارده)یه، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئاسانكاری بۆ كراوه‌و رایكردوه و ئێستا له‌وڵاتی توركیایه".
بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕو، "به‌هۆی به‌رپرسیارێتیانه‌وه به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان و كه‌سوكاریان و دواتر له‌سه‌ر راسپارده‌ی دكتۆر سه‌باح به‌رزنجی كه‌سایه‌تی ناسراوی سلێمانی و كوردستان، كه‌سێكیان ڕاسپاردوه، بڕوات ئاگاداری ئەو هاوڵاتیە عەرەبە بكات و به ئاگاداری چه‌ند كه‌سێكی تر حه‌قی برای شه‌هیده‌كه بده‌نه‌وه، به‌ڵام دواتر ئه‌و كه‌سه‌ی رایانسپاردبو به‌رامبه‌ر به‌به‌بڕێك پاره رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن قه‌رزه‌كه‌دا كردوه و هێزی بردوه و هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌ر كابرای عه‌ره‌ب و كۆمپانیاكه‌ی و ماڵه‌كه‌ی و چه‌ند ره‌فتارێكی نه‌شیاوی ئه‌نجامداوه".
جه‌لال شێخ كه‌ریم رونیکردەوە، دوای ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وتوە، ئه‌و كه‌سه‌ی رایانسپاردبو "ئه‌و كاره نه‌شیاوه‌ی كردوه، راده‌ستی یاسامان كرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوڵاتیە عەرەبەکە دوا به‌دوای ئه‌و روداوه پێشتر له دژه‌تیرۆر داوای تۆماركردبو، رادەستی هێزه‌كانی دژه تیرۆرمانكرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی دادگاوه مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا دابكرێت".