دەرچوانی کۆلێژی ئەندازیاری كه‌ركوك مانگرتنیان راگەیاند
  2020-08-04       384       

ماوەی سێ رۆژە، دەرچوانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی کەرکوک، لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکووک مانگرتنیان راگەیاندوە و داوای دامەزراندن دەکەن لە کۆمپانیای نەوتی باکوور.

ئاوێنه‌: هەژار جەبار، یەکێک لە دەرچوانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی کەرکوک   رايگەیاند "ئێمە وەکو دەرچووانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژی ئەندازیاری، ئەمڕۆ بۆ سێیەم رۆژە هاتووینەتە بەردەم پارێزگای کەرکووک، ئەمە چەندین جارە خۆپشاندان و ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور و نووسینگەی کەرکووک-ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی نییە بۆ دامەزراندنمان لەسەر میلاکی کۆمپانیای نەوتی باکوور، هەموو جارێک لایەنه پەیوەندیدارەکان بەڵێنمان پێ دەدەن، ئەوەیش تەنها بۆ تاخیرکردنمان و بۆ ئەوەی بچینە ماڵەوە دانیشین و هیچمان بۆ نەکرێت".

ئەیوب محەمەد بەشداربووێکی مانگرتنی ئەمڕۆی دەرچوانی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی روپێو وتی: "من دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریم لە زانکۆی کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٩و تا ئێستا دانەمەزراوم کە چوار ساڵ یەکەمی بەشەکەم بووم".

ئەیوب محەمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دامەزراندن تەنها بۆ کەسوکاری بەرپرسانە و زۆرجاریش بەپارە خەڵکی دادەمەزرێنن و وتی: "ئێمەیش نزیکەی ساڵێکە خۆپيشاندان، ناڕەزایەتی و مانگرتن ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک نییە و بەردەوامیش دەبین تا مافی خۆمان وەرەگرین".

ئەو دەرچوانە، ژمارەیان زیاتر لە ٣٠٠ کەسە و دەرچووی بەشە جیاجیاکانی ئەندازیارین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×