بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی: هەولێر لە لوتكەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادایە
  2020-08-05       602       

د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە ئێستادا هەولێر لە لوتكەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادایەو لە دهۆكیش حاڵەتەكان رو لە زیادبونن بەڵام لە سلێمانی و گەرمیان رو لە كەمبونەوەن.

ئاوێنە: د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی"هەولێر لە لوتکەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادایە و ڕۆژانە زیاتر لە 200 حاڵەت تۆماردەکرێن."

وتیشی"داوا لە خەڵک دەکەین زۆر ئاگاداری خۆیان بن و پابەندی رێنماییەکان بن بارۆدوخەکە خراپە."

ئەوەشی خستەڕو"ڤایرۆسەکە لە سلێمانی و گەرمیان ڕو لە کەمبونەوەیە و بەداخەوە لەهەولێر خراپە و لە دهۆکیش حاڵەتەکان ڕو لە زیادبونە".

هەروەها وتیشی"لە هەولێر سێ نەخۆشخانە بۆ توشبوانی ڤایرۆسەکە تەرخانکرابون ئێستا زیادیانکردوە، نەخۆشخانەی فریاکەوتنیش کە زیاتر لە 100 قەرەوێلەی هەیە تەرخانکراوە بۆ ئەو نەخۆشیە و بەشێک لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریش دوبارە تەرخانکراوه و پلانیان هەیە نەخۆشخانەیەکی تریش لە دەرەوەی هەولێر بۆ قەزاو ناحیەکان تەرخان بکەن لەبەرئەوەی ژمارەکە یەکجار زۆرەو تا دێت زیاتر دەبێت و بارۆدۆخەکە باش نیە و ئەگەرخەڵک پابەند نەبێت توانای لەخۆگرتنی ئەو هەمو نەخۆشەیان نابێت."

جەختیشی كردۆتەوە"ئێستا لە نێو نەخۆشخانەکان ئوکسجین هەیە و خۆمان توانای دابینکردنمان هەیە، خەڵک ئوکسجین دەکڕێت و بۆ ماڵەوەی دەبات ئەوە شتێکی زۆر ناتەندروستە داوامان لە خەڵک هەیە کە ئەو کارە نەکەن تەنیا لەحاڵەتێکی زۆر پێویست ئەویش کاتێک کە پزیشکەکە خۆی داوایان لێ دەکات."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×