ویلایەتی موسڵ لەڕاپۆرتێکی ساڵی ١٩٢٠ی بەریتانیادا
  2020-08-06       1213       

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 


تێبینی:
ئەم باسە بەشی پێنجەمی راپۆرتی پێداچوونەوەی حوکمی راستەوخۆی عێراقە لەلایەن بەریتانیاوە، کە ساڵی ١٩٢٠ ئامادە کراوە. راپۆرتەکە بە ناوی "پێداچوونەوەی کارگێڕیی مەدەنیی میزۆپۆتامیایەReview of the Civil Administration of Mesopotamia" و ساڵی ١٩٢٠ خاتوو گێرتروود لوسیان بێڵ نووسیوێتی، کە سکرتێری کۆمیسیۆنی باڵا بووە لە عێراق. راپۆرتەکە لە هەندێ شوێندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ و تێکڕا باس و هەڵسەنگاندنی چۆنێتی گرتنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی میزۆپۆتامیایە، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٢١دا قەوارەی دەوڵەتێکی تێدا دروست بکرێت بەناوی عێراقەوە و کەین و بەینی چۆنێتیی لکاندنی کوردستانی باشوورە بەم قەوارەیەوە. هەروەها بەوردی باسی ئێزیدییەکان و تیرە و تایفەکانی کورد و عەرەبی دانیشتووانی ئەم ویلایەتەی تێدایە، لەگەڵ کەین و بەینی گرتنی لەلایەن بەریتانیاوە و چۆنێتیی کشانەوەی تورکی عوسمانی لە دوای ئاگربەسی مانگی نۆڤەمبەری ١٩١٨ – وەرگێڕ.

 


دەقی تەواوی تێبینیی کۆمیسیۆنی باڵا لەسەر ئامادەکردنی بەم شێوەیە:
"ئەم پەیپەرە پێشکەش کردنی باسێکە لەبارەی کارگێڕیی مەدەنیی میزۆپۆتامیاوە لە ماوەی داگیرکردنی سەربازیی بەریتانیادا، کە وەک بڵێی لە هاوینی ئەمساڵەوە، کاتێ کە ماندێتی میزۆپۆتامیا لەلایەن بەریتانیای مەزنەوە قبووڵکرا، هەنگاو گیرایەبەر بۆ زوو دامەزراندنی حکوومەتێکی عەرەبی.
حکوومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانیا) داوای راپۆرتێکی کرد لەسەر ئەم ماوە قورس و پڕ گرفتە، لە جێگری کۆمیسیاری مەدەنی، کەوا ئامادەکاریی سپاردە خاتوو گێرتروود ل. بێڵ C. B. E.
ئۆفیسی هندستان India Office
٣ی دیسەمبەری ١٩٢٠
لەندەن: چاپ و بڵاوکردنەوەی لەلایەن ئۆفیسی پەڕاو و نووسراوەکانی حکوومەتی خاوەن شکۆوە.


 
لە بەهاری ١٩١٨دا هێرشەکەی میزۆپۆتامیا تەگەرەی هاتەڕێ بەهۆی پێویستیی پاراستنی باکووری ئێران لە هێرش و پەلاماری تورکەکان. لە پایزی ١٩١٧دا، شکستی تورکەکان لە غەززە بوو بە هۆی سنووردانان بۆ مەترسیی هێرشی تورکیی _ ئەڵمانی لە میزۆپۆتامیادا و ئەگەری داگیرکردنی خانەقینی رەخساند لە مانگی دیسەمبەردا. لە سەرەتای مایسی ١٩١٨دا پێشڕەوییەکی تر دەستیپێکرد و فەرماندەی گشتی، سێر ویلیەم مارشاڵ، کە جێگەی سێر ستانلی مۆدی گرتەوە پاش ئەوەی لە نۆڤەمبەری ١٩١٧دا کۆچی دوایی کرد، بەنیازی ئەوەبوو لە پێش هاتنی گەرمادا بگاتە زێی بچووک و لەو شوێنە لەبارەوە بۆ ئەوەی لە وەرزی پایزدا لە مووسڵ بدات. کفری و تووز و کەرکووک بە سەرکەوتوویی گیران و دانیشتووانی ئەو شوێنانە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە هێزەکانمان کرد، کە بێجگە لە کەرکووک زۆربەیان کوردن. لە ناوچەی کفری حەمید بەگی تاڵەبانی (راستییەکەی شێخ حەمیدە – و) بە ‌هێز و کاریگەریی خۆیەوە هاتووەتە پاڵ ئێمە. زۆربەی دانیشتووانی کەرکووک خوێنی تورکیان تێدا دەگەڕێت، نەک عوسمانی، بەڵکو نەوەی ئەو نیشتەجێ تورکانەن کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری سەلجووقییەکان. بەهەرحاڵ، دامەزراندنی رژێمی بەریتانی لە هەر شوێنێک بێ کێشە و گرفت نەبووە. لێرە مەسیحییەکان، کە ژمارەیان گەورە و بەرچاوە، بە دڵگەرمییەوە پێشوازییان لێکردین و موسڵمانەکانیش بە دڵ هاوکارمان بوون لە رێکخستنی شارەکەدا. لەلای رۆژهەڵاتی باشووری کوردستانیشەوە، لە سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک و پیاوماقووڵاندا ئەنجامدرا و بڕیاردرا حکوومەتێکی کوردیی کاتی دروستبکرێت، بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموودی بەرزنجیی دەسڕۆ و دەسەڵاتداری ناوچەکە، بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی دۆستانە بەرانبەر بە بەریتانییەکان. شێخ مەحموود نامەی بۆ ناردبووین و تێیدا ئەوەی دەربڕیبوو کە نوێنەرایەتیی تەواوی کوردی باشوور دەکات و ئامادەیە حوکممان رادەست بکات یان ئەو خۆی وەک نوێنەرێکی ئێمە هەڵسوکەوت بکات. بەڵام ئێمە تووشی نائومێدییەکی تاڵ بووین کاتێ کە هەردوولا، سوپا و لقە سڤیلەکانی  هێزەکەمان، ئەوەمان  بۆ دەرکەوت کەوا مەحاڵە سوود لەم هەموو بەڵێنانە ببینین. وەرچەرخانی تەواوی هۆکارە رەخساوەکانی هاتوچۆ بەرەو رێگەی ئێران نەک هەر پێشڕەویی راگرت، بەڵکو ناچاری کردین دەسبەرداری کەرکووکیش ببین. ئێمە رێگەمان دا بە دانیشتووە مەسیحییەکان بۆ سەلامەتیی خۆیان بچنە بەغدا و ژمارەیەکی بەرچاویان سوودیان لەم روخسەتە وەرگرت و زەوی و ماڵ و خانووی خۆیان بەجێهێشت و تورک بەتاڵان بردنی، کە لە پاش ئەوەی ئێمە چۆڵمان کرد ئەوان داگیریان کرد. هێزێکی عوسمانیی بچووکیش پێشڕەویی کرد بۆ سلێمانی، کە شێخ مەحموودی تێدا کرابوو بە نوێنەری بەریتانیا و شارەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی سەربازییەوە (ئەحکامی عورفی) و شێخی نارد بۆ کەرکووک. بەهەرحاڵ، تورکەکان سەرکێشیی ئەوەیان نەکرد وەرگەڕان و ئاژاوەی گشتگیر لە ناو تیرە و هۆزەکاندا بەرپابێت، چونکە شێخ مەحموود وەک سەرۆکی بنەماڵەیەکی پیرۆز دەسەڵات و کاریگەریی تایبەتی خۆی هەبوو، لەبەر ئەوە بەخێرایی ئازادکرا. کشانەوەی ئێمە وەرچەرخانێکی حەتمی لێکەوتەوە لە هاوسەنگیی کوردستاندا، بەڵام تورکەکان لەوە لاوازتر بوون بتوانن ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە بۆیان رەخسابوو. لە ئۆکتۆبەردا، سەرکەوتنەکانی هاوپەیمانان لە فەرەنسا و جەنەراڵ ئەللێنبی لە سووریا هاوسەنگییان لە بەرژەوەندیی ئێمە گێڕایەوە. هێزەکەی میزۆپۆتامیا هێشتا هەر پەکیکەوتووە بەهۆی کەموکورتی لە هۆکاری گواستنەوەدا و توانای هەوڵدانی نەبوو بۆ ئەنجامدانی پێشڕەوییەکی گشتی بۆ مووسڵ لە کەرکووکەوە، بەڵام رەتڵێکی بچووک بەئاڕاستەی ئاڵتوون کۆپری نێردرا بۆ پاراستنی لاباڵی ئەو هێزە سەرەکییەی پێشڕەویی کردبوو بەرەو راسەری دیجلە. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەردا، کەرکووکمان گرتەوە و پاش شەڕ و پێکدادانێکی قورس تورکەکان لە بنکە و سەنگەرە قایمەکانی خۆیان لە دۆڵی دیجلە و خوارووی قەڵای شەرقات هەڵکەنران و دوای ئەوەی بەرەو باکوور پاشەکشێیان کرد و رێگەی دەربازبوونیان لێگیرا، سەرلەبەری هێزەکە لە ٣٠ی ئۆکتۆبەردا خۆیان رادەستکرد. هەر لەو ماوەیەدا رەتڵی رۆژهەڵاتیش لەزێی بچووک پەڕییەوە و دۆژمنی بەگیرهێنا و رەتڵەکەی دیجلەش چەند میلێکی کەم لە مووسڵەوە دووربوو. عەلی ئیحسان پاشای فەرماندەی گشتیی هێزی تورک بە ژمارەیەکی کەمی هێزەکەیەوە لە شاردا مایەوە و فەرمانی دا هەموو کۆگا و تۆمارگە و شتی لەم چەشنە بگوێزنەوە، بەڵام لە یەکی نۆڤەمبەردا ئەم فەرمانە هەڵوەشایەوە و تۆمار و کاربەدەستەکان لە نوسەیبین و زاخۆ گێڕدرانەوە، کە پێشتر بۆ ئەوێیان ناردبوون. لەپاش چەند رۆژێک لە گفتوگۆی ئەوەی ئاخۆ عەلی ئیحسان پاشا بە پێی هەل و مەرجی ئاگربەس پێویستە خۆی رادەست بکات یان نە، لە ئەستەمبووڵەوە فەرمانی کشانەوە و چۆڵکردنی پێگەیشت. لە ٨ی نۆڤەمبەردا ئاڵای بەریتانیا union jack لەسەر سەرای مووسڵ هەڵکرا و ١٠ی مانگیش عەلی ئیحسان بەرەو نوسەیبین رۆیشت و لیفتنانت – کۆڵۆنێڵ لیچمەن پۆستی یەکەم ئەفسەری سیاسیی کەرتی مووسڵی وەرگرت. پاشەڕۆژی سیاسیی ویلایەتی مووسڵ مسۆگەر نەبوو و بەپێی رێککەوتننامەی ساڵی ١٩١٦ی سایکس – پیکۆ، دەبوو تەواوی ویلایەتی مووسڵ ببێتە ناوچەی دەسەڵاتی فەرەنسییەکان و پێیانوابوو پێویستە هەموو لایەک پێیەوە پابەند بێت سەرباری ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییەی کە شۆڕشی رووسیا هێنابوویە ئاراوە لە بارودۆخەکەدا. لەبەر ئەو هۆکارە حکوومەتی خاوەن شکۆ (بەریتانیا – و) فەرمانی دا کە ئەو سیستەمی حکوومەتی مەدەنییەی لە ویلایەتی بەغدا رێکخراوە نابێت فراوان بکرێت و مووسڵیش بگرێتەوە و دەبێت بخرێتە ژێر رکێفی کارگێڕییەکی سەربازیی تەواوەوە. لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا تێگەیشتنێکی زیمنیی هاتە ئاراوە کەوا رێککەوتننامەکە پەیوەست بە ویلایەتی مووسڵ هەموار دەکرێت و لەگەڵ کارگێڕیی مەدەنیی بەشی باشووری ناوچە داگیرکراوەکان Occupied Territories  تێکەڵ کرا. (ئەم تێرمی ناوچەی داگیرکراوە سیفەتێکی یاسای نێودەوڵەتیی هەیە، کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یشەوە عێراق، لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە هەمان مامەڵەی لەگەڵ کرا تا پێکهێنانی ئەنجومەنی حوکم. چەمکەکە لێرەدا ئەو مەبەستە سیاسییەی نیە کە لە ناو خەڵکدا باوە – وەرگێڕ).
لەڕووی فیزیکییەوە، ویلایەتی مووسڵ جیاوازیی تایبەتی تێدایە لەگەڵ ئەوەی کە لە بەغدا هەیە. لە باکووری چیای مەکحوولەوە، کە درێژبووەوەی چیای حەمرینە (گێرتروود بێڵ لێرەدا و لە راپۆرتەکانی تریدا هەر بە جەبەل حەمرین ناوی دەبات و بەهەمان شێوە بۆ جەبەل سنجاریش – و). رێگەی مووسڵ بۆ مەودایەکی دوورودرێژ بەسەر زەوییەکی رەقەن و بەردیندا دەڕوات، کە ئەمەش گۆڕانێکی ئاسایی دوای خاکی قوڕینی نیشتووی بەشی خوارووی میزۆپۆتامیایە. لە رۆخی لای راستی رووباری دیجلەوە، لە جزیرە، ناوچەکە هەموو هەردە و دەشتاییە و تەنها تۆقەڵە چیای سنجاری تێدا هەڵکەوتووە. لە رۆخی لای چەپی رووبارەکەوە پێدەشتەکە بۆ ماوەی جیاجیا لە رووبارەکەوە درێژدەبێتەوە بەرەو لێژاییە تووش و کووڕەکانی چیا کوردییەکان. زنجیرە چیا نزیکەکان باکگراوندێکی ئەو دیمەنە سرووشتییانەن کە لە شاری مووسڵ و لەوبەری رووبارەکەوە لێیاندەڕوانیت و دیمەنێکی دڵڕفێنە لە چاوی کەسێکەوە کە بە پێدەشتەکانی باشووری میزۆپۆتامیا راهاتووە. بەرزترین شاخ لە کەرتی مووسڵدا لە حەوت هەزار پێ زیاتر نیە، بەڵام هێجگار   سەخت و کووڕە و لەنێوان ریزە چیاکاندا دۆڵ و شیوی تەنگەبەر و لێکدابڕاو هەڵکەوتوون و رێگەکان بە لاپاڵە سەختەکاندا هەڵدەکشێن یان بە راڕەوی دۆڵ و دەربەندە تەنگەبەرەکاندا. لە چیاکاندا ئاو لە زۆربەی شوێنەکاندا زۆرە و هەرگیز وشک ناکات و دۆڵەکان پڕن لە داری میوە و رەز و گوێز و بادەم و دارچنار، لاپاڵی چیاکانیش داربەڕووی کورتەباڵا دایپۆشیون، بەڵام لە ناوچەی جزیرە ئاو تەنها لە تەلەعفەر و کانیاوەکانی دامێنی چیای سنجار هەیە، هەروەها هەندێ کانیاویش، کە زۆربەیان کبریتیان (سولفەر) تێدایە و دەکەونە دامێنی زنجیرە گردەکانی کە لە قەیارەوە درێژدەبێتەوە تا تەلەعفەر و ئەم کانیاوانە سەرچاوەی سامانێکی باشن بۆ تەلەعفەر. زیادەیەکی کەمی ئاوی سنجار کە بۆ کشتوکاڵ بەکارنایەت بەرەو دۆڵی سەرسار دەچێت، کە هاوشانی رووباری دیجلەیە و لەوێوە لە زۆنگاوە خوێڵێنەکانی باکووری رۆژئاوای بەغدادا خۆی وندەکات. دۆڵی سەرسار و گشت کانیاوەکانی بیابان هەر بە سوێرییەکی مامناوەند باسکراون لە رۆژگاری کۆنەوە. لە رۆخی لای راستی سەرسارەوە شوێنەوار و وێرانەی شاری حەزەری دێرین (Hatra) هەڵدەکەوێت و ناوچەکە لەوەڕگە و پاوانێکی بەناوبانگی خێڵی شەممەر جەربایە و ئەو ناوە کانیاوی سوێری تێدایە. لە رۆخی لای چەپی رووباری دیجلەدا، هەندێک لە گوندەکانی دەشتاییەکە کانیاوی ئاوی شیرین و سازگاریان تێدایە کە بۆ کشتوکاڵی هاوینە دەستدەدات، بەڵام سامان و دەوڵەمەندیی بەری چەپ بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ پیت و بەرەکەتی خاک و ئاوی دیجلە و هەردوو زێی گەورە و خابوور. لێرە بە لێواری رووبارەکاندا داری چنار و بی روواون و بەڵام ئەودوای دەشتاییەکە رووتەنە و داری تێدا نەڕوواوە و دارخورما لە باکووری تەنگی فەتحەوە نابینرێت. لەم کەرتەدا (مەبەستی ویلایەتی مووسڵە کە ئیدارەی راستەوخۆی بەریتانیا دوای گرتنی وڵاتەکە و سەندنەوەی لە دەستی تورک بەشبەشی کردبوو بۆ بەئاسانی ئیدارەدانی مەدەنی و هەر بەشەش ناوی کەرتی لێنابوو Division – وەرگێڕ)، نەوت و قیر و زفت هەیە، لەگەڵ مەڕمەڕێکی خۆڵەمێشیی نەرم کە بە ئاسانی دەبڕدرێت و بەزۆری بۆ خانووبەرە   بەکاردێت و بە وردی و جوانی هەڵکۆڵینی تێدا دەکرێت، کەوا مۆرکی تایبەتی تەلارسازییە لە ناوچەکەدا و لە جوانکاری و رازاندنەوەی مزگەوت و کەنیسە و خانووی پۆشتە و پەرداخدا بەکاردەهات.
لەلایەکەوە، رێکخستنەوەی کارگێڕی لە مووسڵ لە شوێنانی تر ئاسانتر بوو، چونکە لەکاتێکدا کە لە بەسرە و بەغدا هیچ تۆمارێکی پێشوومان نەبینی و کاربەدەستانی حکوومەتی تورکی لەگەڵ سوپادا کشابوونەوە، بەڵام لە مووسڵ تۆمارەکان و زۆربەی فەرمانبەر و کارمەندان لەشوێنی خۆیان مابوونەوە. لە مانگی نۆڤەمبەردا، کۆڵۆنێڵ لیچمەن سەردانی تەلەعفەر و سنجار و زاخۆ و ئامێدی و دهۆک و پیرەکەپرە و ئاکرێی کرد. لە هەموو ئەم شوێنانەدا ئاڵای تورکیا دەشەکایەوە و لە زۆربەشیاندا سەرباز و کاربەدەستی تورک هەبوون. ئەمانە هەموو پاکتاوکران و ئاڵای خۆمان هەڵکرا و یاریدەدەرانی ئەفسەری سیاسی بۆ ئەو ناوچانە دانران کە گرتبوومان.
ئەم کەرتی ویلایەتی مووسڵە بە ئاستێکی باش و بە کردار ویلایەتێکی عوسمانی بوو، بێجگە لە سنجەقی سلێمانی. دانیشتووانەکەی لە ناوچەکانی تری عێراق جۆراوجۆرتر بوون. لە دۆڵی   دیجلە و بیابانی دیجلە لە رۆژئاواوە، دانیشتووانی لە خێڵە عەرەبەکانی جووتیار و نیمچە کۆچەر بوون، یان بەدووی خێڵەکانی شەممەر و تەی بوون. لە چیاکانی رۆژهەڵات و باکووری مووسڵدا، ئەوە رەگەزی عەرەبی دانیشتووانی دەشتاییەکان دێنە کۆتایی و دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و تەنانەت لە دەشتایی و بیابانەکانی لای رۆژئاواشەوە، کە تۆقەڵەیەک تەپە و تەلانی چیای سنجاری پشتکووڕ لە ئاستی پێدەشتەکەی میزۆپۆتامیا بەرزبووەتەوە، کە دامێن و هەردە و لێژاییە بەردینەکانی زێد و ناوچەی ئێزیدییەکانە، کە لە باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵیش هەن.
ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن و رەنگە رەچەڵەکیشیان هەر کورد بێت و ژمارەیان لە کەرتەکەدا ١٨ تا ٢٠ هەزار کەسە. هێنری لایارد بە سەرسامی و شێوەیەکی سەرنجڕاکێش باسیان دەکات و هاوسۆز بووە لەگەڵ چەوساندنەوەی بەردەوامیان لەلایەن موسڵمان و کریستیانەکانەوە وەک یەک. ئەوان بە گریمانەی میللی شەیتان پەرستن و خۆیان ناویان لێناوە مەلیک تاوس، واتە شا تاوس (لێرەدا گێرتروود بێڵ وای تێگەیشتووە و خۆی مەلەک تاوسە کە ئێمە لەمەودوا وایدەنووسین – و). بەڵام وەسفی راستتری ئەوان ئەوەیە کا دوالیزمن و بیروباوەڕیان لە زەردەشتی و لە رێگەی مانییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوان هەواداری رۆحی شەیتانن (مەلەک تاوس) و باوەڕیان وایە کە ئەو فریشتەیەکە و کەوتووەتە خوارەوە و لە داهاتوودا رۆژێک دێت کە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی. بێجگە لەوەش، ئەوان لە پەیڕەویکردنی رێوڕەسم و سرووتی ئاینییاندا پارێزگاریی لە نەریتێک دەکەن کە دەکرێت بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و باوەڕەکەیان بگەڕێتەوە و پاشان پارچە پارچە بووە و تێکهەڵکێشی گنۆستی (غونووسی) و مەسیحی و ئیسلام بووە. مەزاری گەورەیان شێخ عادییە، کەوا تورکەکان چەندین جار رووخاندوویانە و نزیکەی دەکەوێتە باکووری مووسڵەوە و لە هاویندا حەج و زیارەتیان بۆ ئەوێیە (ئەو شوێنەی کە مەزاری شێخ عادی یان شێخادی تێدایە ئێزیدی بە لالش یان لالشی نوورانی ناوی دەبات و نازانم بێڵ بۆ باسی ئەو ناوە ناکات و ئاخۆ لەوکاتەدا ئەم ناوە نەبووە – و). سەرۆکی ئاینی و دنیاییان، یاخود میر، لە باعەدرە نیشتەجێیە، بەڵام سەرۆکی لاهووتییان لە عەین سفنی (ئێسفنی) نیشتەجێیە و لەگەڵ باشیکدا (بەعشیقە)، گرنگترین مەڵبەندیانە لەپاش شێخ عادی. ئەوان حەوت تاوسی زێڕینیان هەیە، کە یەکێکیان لە سەرەتای جەنگدا لە باشووری رووسیا فەوتاوە و ساڵانە دەیاننێرن بۆ مەڵبەند و ناوچەکانی ئێزیدی بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی و پیتاک بۆ میر و پیاوانی ئاینی. پێدەچێت زنجیربەندی هەرەمییان لەمانە پێکهاتبێت ١) میر، ٢) پیرەکان کەوا کەسایەتیی رۆحیی گەورە و پیرۆزیی مەزنیان هەیە، ٣) شێخەکان و سەرکردە ئاینییەکان و مامۆستاکان، ٤) قەووال، ئامادەبووانن لە وێنەکانی تاوسی پیرۆزدا، ٥) فەقیر، ئەوانەن کە بەردەوام جل و پۆشاکی رەش دەپۆشن و وادیارە ئەمانە دەبنە حەوت بەش یان تایفەوە و هەمو ئێزیدییەکان دەچنەوە سەر یەکێک لەم تایفانە و هەر تایفەیەکیشیان فریشتەیەک پاسەوانیانە و ناوی پێنج لەوانە: ١) شێخ عادی – تایفەکەی هی ریزبەندیی فەقیرە، ٢) مەلەک تاوس، ٣) شێخ شەمس، ٤) مەلەک فەرەحەدین، ٥) شێخ شەرفەدین. وادیارە هاوسەرگیری لە نێوان تایفە جیاوازەکاندا ئەنجامدەدرێت. پەرسا و کەسە پیرۆزەکانی تر ئەمانەن: شێخ حەسەنی بەسری، کە تەنها نەوەکانی ئەو لە ناو هەموو ئێزیدییەکاندا بواری خوێندن و نووسینیان پێدەدرێت، شێخ محەمەدی ئەبو زیاک، خاتوون فەخرە کە دەرکەوانی بەهەشتە، شێخ ئەلەند کە نەوەکانی دەتوانن ماری ژەهراوی بگرن. لەناویشیاندا "کۆچاک" هەیە کە پیشەیان فاڵچێتی و بەختگرەوە و خەوپەرژێنی دەکەن. لە شوێنێکدا لە چیای سنجار تڵیشێکی گەورەی شاخەکە هەیە کە زۆر قووڵە و بنی نیە و پیاوانی ئاین هەموو جۆرە بەروبوومێکی تێفڕێدەدەن بۆ ئەوەی وەک گەنجینەیەک مەلەک تاوس بەکاریبێنێت کاتێ کەوا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زەوی.
ئێزیدییەکان لە بەهاردا سێ رۆژ رۆژووگرتنیان هەیە و لە هەر خێزانێکدا کەسێکیان رۆژوو بۆ هەموویان دەگرێت. جەژنی گەورەیان لە هاویندایە و لە مەزاری شێخ عادی و لە هەموو لایەکەوە ئێزیدییەکان رووی تێدەکەن. دەوترێت کتێبێکیان هەیە بە ناوی "کتێبی رەش" (مەبەستی موسحەفی رەشە کە ئێزیدییەکان وای ناودەبەن و پیرۆزە لەلایان – و). بەگشتی واپێدەچێت کە وشەی شەیتان لە هەر شوێنێکی قورئاندا بێت و بکەوێتە لای ئەوان دەیسڕنەوە و باوەڕیشیان وایە کە هەر ئێزیدییەک ناوی "شەیتان" گۆبکات لە هەرکوێیەک بێت کوێر دەبێت، هەروەها خۆ دەپارێزن لە پیتی "ش" لە هەر وشە و رستەیەکدا بێت وەک شەت، مشت .. تاد.  (تێبینی: لێرەدا نووسەری ئەم راپۆرتە لەسەر زمانی قەشەیەکی کریستیانی شارۆچکەی ئەلقۆشەوە چیرۆکی پیاوێکی ئێزیدی بۆ ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی دەگێڕێتەوە، گوایە ئەم پیاوە کوڕە هەرزەکارەکەی ناردووە بۆ کێڵانی زەویی مەزراکەی و لە کاتی جووتکردندا چەند جارێک ئەو وشانەی گۆکردووە کە پیتی "ش" یان تێدایە و هەموو جارێک ترساوە لەوەی کوێرببێت و هیچ رووینەداوە و دواجار ناوی شەیتانیشی هێناوە و هەر هیچ رووینەداوە و ئێوارە کە گەڕاوەتەوە مەسەلەکەی بۆ باوکی گێڕاوەتەوە و ئەویش زۆر پەست و تووڕە بووە و دەستی داوەتە چەک بیکوژێت، بەڵام کوڕە گەنجەکە لەدەستی باوکی هەڵاتووە و پەنای هێناوەتە لای ئەمان و ئاینی خۆی گۆڕیوە و بووە بە مەسیحی و لە کوشتن رزگاری بووە. من پێموایە قەشەکە راستی نەکردووە و تەنها ویستوویەتی خۆی خۆشەویست بکات لای ئەفسەرە ئینگلیزەکە و هیچ کەسێکی ئێزیدیش ئامادە نەبووە ئەو کارە بکات و تەنانەت بیریشی لێبکاتەوە. پاشان هەر بەم ناڕاستییەش گەیشتووەتە لای خاتوو بێڵی نووسەری ئەم راپۆرتە و بێگومان منیش قەناعەتم نەبوو ئەو یەک دوو بڕگەیە وەک خۆی وەربگێڕم بۆیە ئەم روونکردنەوەیەم نووسیوە – وەرگێڕ).
ترس و دڵەڕاوکێ لەوەی بەبێ نیاز و مەبەست سووکایەتیی بە شەیتان بکرێت فاکتەرێکی چەسپاوە لە ژیانی رۆژانەی ئێزیدییەکاندا. یەکێک لە ئەندامانی ئەم تایفەیە کە سەردانی کونسوڵێکی بیانی کردووە لە مووسڵ تووشی دۆخێکی ناخۆش بەهۆی بوونی شوێنێکی تایبەت بە ئاخ و تفکردن لە ئۆفیسی کونسوڵەکەدا. چونکە لە حاڵەتی کوتوپڕدا رەنگە کەسێک تف بکات و ئەمەش هەرچەندە خۆڕسک و بێهۆیە بەڵام وا لێکدەدرێتەوە کە تف لە مەلەک تاوس دەکات.      (لە باوەڕی ئێزیدیدا تفکردن زۆر قەدەغە و رێگە پێنەدراوە – و).
لە دەرەوەی کەرتی مووسڵ، کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ناوچەکانی ماردین و دیاربەکر و حەڵەب و قەوقاز هەن. ئەوان بە زمانی کوردی قسە دەکەن و وادیارە رۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە مێژووی کوردەکانی بادیناندا. ئەوان بەتوندی پابەندن بەو باوەڕە سەیر و تایبەتایانەوە و ئاین گۆڕینیشیان، تەنانەت لە کات و سەردەمەکانی ستەم و چەوساندنەوەشدا، کە بەردەوام لێیان دووبارە دەبووەوە، زۆر دەگمەن بووە. بەگشتی، وادیارە ئەوان بەئاسانی دێنە ژێر بار و کۆنترۆڵ کردن و لایەنگری دڵسۆزی رژێمی بەریتانین. هەروەها رەوشت و ئاکاریان سادە و دۆستانەیە و بەدمەستن لە خواردنەوەی ئەلکهوولی بەهێزدا و ئەوە دەسەلمێنن کە هاوسۆزێکی باشی کریستیانەکانن و لە کاتی جەنگدا داڵدەی ژمارەیەکی زۆری ئەرمەنیان داوە  لە چیای سنجاردا. ئەمە و بەهۆی هێرش و پەلاماریانەوە بۆ سەر هێڵەکانی پەیوەندی کردن، پاڵی بە تورکەکانەوە نا کە کردەوەی تۆڵەئامێزیان لەدژ ئەنجام بدەن لە ساڵی ١٩١٧دا و هێزێکی باش و بەرچاویان بە تفەنگ و فیشەکەوە ناردە چیاکە و پاشان تەلەعفەرییەکان و خێڵە عەرەبەکانی دەوروپشتیان لێ هاندان و دوای ئەوەی بەئاسانی زاڵبوون بەسەر بەرگری کردنیاندا، کەوتنە سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان و سەرپاک ئاژەڵ و ماڵاتیان تاڵان کردن. ئەمان هەر بە میرات دوژمنی خێڵی شەممەرن، بەڵام وادیارە پەیوەندییەکی باشیان هەیە لەگەڵ شێخ محەمەد تائیدا.
سەرۆکی ئاینی و دنیاییان میرێکە لە بنەماڵەی چۆیی بەگ، کە لە باعەدرەی نزیک مەزاری شێخان دەژین. میر لە ئێستادا سەعید بەگە و ئیسماعیلی ئامۆزای لەپێش گرتنی مووسڵدا  پەیوەندیی لەگەڵمان هەبوو و سەردانی بەغدای کردبوو، هەروەها رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە رێکخستنی ئەو ئەرکی ئیستیتڵاعەی کەوا کاپتن هێدسن ئەنجامیدا بۆ چیای سنجار لە ساڵی ١٩١٨دا. بەو پێیە ئێمە پابەند بووین بەمەوە و بەتایبەتی کە هەمیشە باسی ئەوەی دەکرد کە ئەو سەرۆکی ئێزیدییەکانە و لەلایەن ئێمەشەوە بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. وەک چارەسەرێک لە نێوان داواکاریی هەردوو رکابەر ئیسماعیل و سەعیددا، کارەکە بەو شێوەیە رێکخرا کە سێ تاوسی پیرۆز بدرێتە ئیسماعیل بەگ (چونکە ئەو کەسەی کە تاوسی پیرۆزی لادەبێت ئەوە تیشکی سەوزە بۆ کۆکردنەوەی پیتاک و نەزر لە باوەڕداران). بەهەرحاڵ، ئەمە کاری کردە نەبوو چونکە هاوشێوەی بوونی پاپا رکابەرەکان بوو لە رۆما و ئەڤینیۆن. ئیسماعیل سەلماندی کە بە هیچ شێوەیەک شایستەی متمانە نیە و ناتوانێت رێگە لە دەهۆ و پیلانە بچووک و جۆراوجۆرەکان بگرێت و دواجار وا بەپێویست زانرا بنێردرێت بۆ بەغدا و سەعیدیش پێگە و پۆستی دابەشنەبووی سەرۆکایەتیی وەرگرتەوە و ئێستا بەتەواوی لەلایەن مەیانی دایکیەوە بەڕێوەدەبرێت، کە خانمێکی بەتەمەنی وریا و زیرەکە و هەمیشە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی تایفەکەیدا یەکناگرێتەوە. لەپاش ماوەیەکی کەم لە داگیرکردنی ئێمە بۆ مووسڵ، کارباری شەرعیی ئێزیدییەکان وا رێکخرا کە سەعید بەگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات بە هاوکاریی ئەنجومەنی پیرەکان. لەسەرەتاوە کارەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام هەستکردن بە ناڕەزایی لە بڕیارەکانی تا دەهات زیادی دەکرد و وا ئێستا دەردەکەوێت. کۆچی دوایی شێخ عەلی بابەشێخی سەرۆکی گەورەپیاوانی ئاینی (پیرەکان) و زێوانی مەزاری شێخادی بوو بەهۆی کزبوون و نەمانی کاریگەریی نەریتیی سەعید بەگ، کە هەوڵدەدات دامەزراندنی کەسێکی جێگرەوە بۆ هەتاهەتایە دوابخات و هەر لەدەستی خۆیدا بمێنێت.
لەئەنجامی ستەم و چەوسانەوەی سەردەمەکانی پێشوو وادیارە ئێزیدییەکان زەویوزارێکی زۆریان لەدەستداوە و لە یەک دوو شوێن و بەتایبەتی لە عەین سوفنی هەستکردنی زۆر بەهێز هەیە بۆ ئەم مەسەلەیە و لەمەودواش دەبێتە قورسترین ئەو کێشە و گرفتانەی بەرەوڕووی چارەسەری مەسەلەی زەوی دەبێتەوە لە کەرتەکەدا.
لە کاتی هاتنی ئێمەدا لە چیای سنجار، پیاوماقووڵ و ناودار حەمۆ شەڕۆ بوو، کە پیاوێکی بەتەمەنی فەقیر بوو (فەقیر پلەیەکی ئاینیی ئێزیدییەکانە – و). ئەم پیاوە بە مووچەیەکی مانگانە کرابوو بە سەرۆکی چیاکە و لە ناو شاریشدا بریکارێکی هەبوو کە ئەویش هەر مانگانەی هەبوو. ئەم چیایە بە هۆی شوێنی جوگرافییەوە و هەڵکەوتەی لە ناوەڕاستی جزیرەدا و بە هۆی مەیلی ئاشکرای حەممۆ شەڕۆ و ئێزیدییەکان دژ بە تورک و عەرەب، قەڵا و قایمکارییەکی گرنگ بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خێڵی شەممەری دوژمنیان یان بزووتنەوە پان تورکی و پان عەرەبییەکاندا.
لە ناوچە بەپیت و بڕشتەکانی دەوروبەری شاری مووسڵ و رۆژهەڵاتی دیجلەدا، ژمارەیەک کریستیان هەن، کە زۆربەیان کلدانن، بێجگە لە بوونی هەندی کۆمەڵگەی بچووکی یەعقووبی و نەستوورییەکان. پەتریرکی کلدان لە مووسڵ دادەنیشێت کە شارنشینەکانی ئەم تائیفەیە زۆربەی پیشەگەران پێکدێنن. لە دەرەوەی شاریش کلدانییەکان جووتیارن و بە زیرەکی و بلیمەتی بەناوبانگن، چونکە گوندەکانیان بووژاوەترین و گەشەکردووترین نیشتەجێن لە ویلایەتەکەدا. لەبەر کلدانەکان و سریانە کاسۆلیکەکان نوێنەرێکی رەسوولی لە مووسڵ دانراوە و باوکانی دۆمەنیکانیش قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەکیان هەیە و هەردوکیان خەڵکێکی زۆر روویان تێدەکەن. هەروەها ئەسقوف و قەشەی کاسۆلیکی و نەستووری و یەعقووبیی سریانیی لێرە    هەن و جۆراوجۆریی رێبازە کریستیانەکان لە لایەن کۆمەڵگە بچووکەکانی رۆمانی کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسۆدۆکسە یۆنانییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن. جاران رۆمانە کاسۆلیکەکان و کەنیسە رۆژهەڵاتییە یەکگرتووەکان (کلدان و کاسۆلیکە سریانەکان) لەژێر پارێزگاریی فەرەنسادا بوون، بەهەمان شێوەی بەشەکانی تری ئیمپراتۆرێتی عوسمانی. کەمێک گومان لە ئەگەری ئەوە هەبوو کەوا دابینکردنی بریکارێکی ئەوروپی لەگەڵ حکوومەتی تورکیدا پاڵنەرێکی بەهێزی یەکگرتن بووە لەگەڵ کەنیسەی رۆمادا. سیاسەتی ئێمە لەپێش جەنگدا ئاڕاستەی پارێزگاریی کەنیسەی نەستووریی هەبوو دژ بە لقەکەی، واتە کلدانی کاسۆلیکی و هۆکاری ئەوەش تاڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەستەیەکی مسیۆنێری بچووک بەڵام کارامە لە ناو نەستوورییەکاندا کە بە نێردەی سەرۆکی ئەسقوفەکانی کانتەربەری بۆ نەستوورییەکان دەناسرێت. لەلایەکی ترەوە، بوونی نێردەی دۆمینیکی، بە قوتابخانە و نەخۆشخانە باشەکەیەوە لە مووسڵ بوو بە هۆی ئەوەی کە ئاڕاستەی تێڕوانینە فەرەنسا بەهێز بکات. ئەمان پەیوەندییان لەگەل رۆما بەهێزە و رەنگە هەروا بمێنێتەوە، چونکە کەنیسەی کلدان بەکردەوە هیچ کۆمەکێکی نیە و لەڕووی داراییەوە پشت بە رۆما دەبەستێت.
لە تەلەعفەر، کە گوندێکی گەورەی رۆخی بیابانە لە نێوان مووسڵ و سنجاردا، رێژەیەکی گەورەی دانیشتووانی تورکمانن و ئیدیعای ئەوە دەکەن کە بە رەچەڵەک دەچنەوە سەر سەربازەکانی تەیموورلەنگ و زۆربەی زۆریان شیعەن. بەڵام تایفەی سوننە باڵادەستە لە ویلایەتی مووسڵدا، کە تەنها ١٧ هەزار شیعە هەن لە بەرانبەر ٢٥٠ هەزار سوننەدا، بەڵام بەهیچ جۆرێک شیعە لە   هەولێر و بەرەو باکوور نیە.
لە بەری لای چەپی رووباری دیجلە لەنێوان رووبارەکە و چیاکاندا خەڵکانی خڵتە و بەجێماوی هەر داگیرکاری و کۆچێک بەرچاو دەکەوتن کە لە ماوەی دوو هەزار ساڵ زیاتردا روویانداوە. لە پاڵ ئێزیدی و مەسیحییەکاندا بە هەموو تیرە و تایەفایانەوە، تورکمان و عەرەب و کورد دراوسێی نزیکی یەکترن. لێرە کۆمەڵێکی گەورەی دانیشتووانی شەبەک و سارلی هەن، کە سەر بە باوەڕێکی نهێنین یان جۆرە شیعەیەکی پەڕگر و توندڕەون و هەندێ نزیکایەتییان هەیە لەگەل ئەو عەلی ئیلاهیانەی لە هەردوو بەری رێگەی وڵاتی فارس دەبینرێن لە نێوان قەسری شیرین و کرماشاندا. خەڵکی پەراوێزی ئێزیدی دەکەونە دامێن و قەراخ و بیجاخی چیاکانەوە بەڵام دانیشتووانی چیاکان خۆیان تێکڕا کوردن، لەگەل ژمارەیەکی کەمی گوندی جوولەکە و کریستیان، کە لە ژمارەیەکی گەورەی مەسیحییەکان هەر ئەوەندەیان ماونەتەوە. کۆمەڵگەی جوو لە مووسڵ بچووک و کەمە  و هیچ سامان و گرنگییەکیان نیە کە تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی جووی بەغدایە. لە کاتی گەیشتنی ئێمەدا شارەکە پڕبوو لە ئاوارەی ئەرمەن بەڵام زۆربەی ئەوانە گوێزرانەوە بۆ بەغدا و لێرە دانیشتووانی ئەرمەن زۆر کەمن.
ئێمە پێش ئەوەی مووسڵ بگرین پەیوەندیمان بە هۆزی شەممەر جەرباوە هەبوو، وەک لە بەشێکی پێشتردا باسی هاتووە. ماڵی شێخ (واتە سەرۆکی هۆز – و) پێکهاتووە لە پانزە کوڕی فەرحان پاشا، کە نزیکەی چل ساڵ لەمەوپێش کۆچی دوایی کردووە. لە پاش مردنی باوکیان، کوڕەکان شێخنشینییەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد و ئەلعاسیی برا گەورەیان سەرۆک هۆزی راستەقینەیە. وا باسدەکرێت کەوا لەپێش جەنگدا لەسەر بەڵێنی والیی ئەو کاتە چووە بۆ مووسڵ بۆ ئەوەی لەمەودوا ئارامی و ئاسایش بپارێزێت و نەهێڵێت هیچ ئاژاوەیەک بەرپا ببێت، کەچی خراوەتە بەندیخانەوە و کاتێ بەردراوە تەڵاقی خواردووە کە جارێکیتر پێ نەخاتە مووسڵەوە. ئەگەر ئەم چیرۆکە راست بێت ئەوە تیشکیکی گەورە دەخاتە سەر هەڵسوکەوتی لە ماوەی ساڵی رابوردوودا. لەپاش ئەلعاسی، ناودارترین و دەرکەوتووترین ئەندامانی بنەماڵەی شێخ بریتین لە حاچم و کوڕەکەی و کوڕەزاکەی دەهام ئیبن هادی و بەدر و حومەیدی و ئەودوای براکانی ئەلعاسی. عەجیل ئەلیاوەری کوڕی عەبدولعەزیز و ئەوانەی کە بەگشتی پەیوەستن پێیانەوە کوڕانی شەللال و موسەننا و میشعەل، محەمەدی کوڕی موتڵەگ و عاسی و عوبێد کوڕانی میجوەل و فارس. ئەمان هەر بە میرات دوژمنی هۆزی عەنزەن و لە ماوەی جەنگیشدا دوژمنایەتییەکی گەورە هەبوو لە نێوان ئەمان و هۆزی دلێمدا.
یەک دوانێک لە سەرۆکەکان ویستیان خۆیان لە کشتوکاڵدا تاقی بکەنەوە. بەم پێیە لەپێش جەنگدا حومەیدی و بەدر کەوتنە کشتوکاڵ کردن لە جۆگەی فەرحاتییە لە نزیک بەلەدەوە. عەجیل ئەلیاوەر بە هاوبەشی لەگەڵ محەمەد نوجەیفی لە ناوچەی نەجمەی نزیک شورا کشتوکاڵیان دەکرد. بەڵام زۆربەی زۆری خێڵەکە بەتەواوی بەدوو بوون و لەسەر رەوە حوشترەکانی خۆیان دەژیان و هەروەها لەسەر وەرگرتنی "خاوە" (واتە سەرانە – و) لە مەڕوماڵاتی خێلەکانی تر و لە کاروانەکانی بەتایبەتی رێی نوسەیبین.
لە ماوەی ساڵانی جەنگدا، خێڵی شەممەر، بێجگە لە فەیسەڵ، کە لە نزیکی مووسڵ بوو و کاریگەرییەکی گەورەی نەبوو، بەردەوام لایەنگری تورک بوون و بە رەچاوکردنی شوێنی جوگرافییان، دەکرێت ئێمە لەمە تێبگەین. ئەوان سوودیان لە پێشڕەویی ئێمە بینی بە     رووبارەکەدا و کەوتنە راوڕووت و تاڵانکردنی گوندەکان بەدرێژایی رووباری دیجلە و هەروەها لەسەر رێگەی نوسێبین. کاتێ کە داوامان لێکردن بەتەواوی بێنە پاڵمان، حومەیدی و عەجیل ئەلیاوەر و عیادەی کوڕی عاسی ملیاندا، بەڵام ئەلعاسی بە بیانووی گەورەیی تەمەنەوە نەهات. ئەوجا پێیانوترا کە پێویستە لەسەریان لە مووسڵدا بمێننەوە تا هەندێک کاروباریان بۆ    رێکدەخرێت و ئەوانیش بەڵێنیان دا. بەڵام پاش جەند رۆژێک عەجیل ئەلیاوەر، کە خاوەن   دەسەڵات و کاریگەرییەکی گەورە بوو لەناویاندا، بێمۆڵەت مووسڵی بەجێهێشت بەهۆی ترسەوە بووبێت یان هەرشتێکی تر.  لەبەرئەوە لە ئێمە قاچاخ بووەوە و هێزەکانمان هەڵیانکوتایە سەر   ماڵ و حوشترەکانی کە لە شارۆچکەی شەرقاتەوە دوور نەبوون و دەستیان بەسەرداگیرا، بەڵام لە زریان و هەورەگرمەیەکدا سڵەمینەوە و لەترسا هەڵاتن و رەویانکرد. هەر لەم ماوەیەدا، حومەیدی ملکەچیی خۆی بۆ حکوومەت راگەیاند و بەڵێنی دا کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە ئارامی بهێڵێتەوە و لەبری ئەوە مانگی پێنجسەد روپێی بۆ بڕایەوە.
ئەلعاسی لە ناوچەی نوسێبین مایەوە و ناوبەناو داواکاریی ملکەچبوونی خۆی دەنارد، بەڵام لەبەر سروشتی تەمومژاوی قبووڵ نەدەکرا. لە هاویندا حاچم هاتەوە بەڵام دەستپێشخەرییەکانی رەتکرایەوە لەبەر ئەوەی خۆی بەتەنها هاتبوو. وەک باسدەکرا کەوا دزییەکان کاری شەممەر بوون و ناوبەناو لەسەر رێگەی نوسەیبین و شوێنەکانی تریش روویاندەدا، بەڵام هیچ شتێک لەسەر ئاستێکی بەرفراوان نەکرا تا مانگی سێپتەمبەر، کاتێ کە کاروانێک رووتکرایەوە لە ئەبو حەمزەی سەر رێگەی دێرەزوور و بایی زیاد لە ٣ هەزار لیرەی تورکی شمەک و کاڵای پێبوو. وەک تۆڵەکردنەوەیە بۆ ئەو کارە بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش هێرشکرایە سەر هۆزی شەممەر و دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆری حوشتر و مەڕوماڵاتیاندا. هەڵبەت نیاز وابوو لە کاتی کۆچی ساڵانەیاندا بەرەوخوار تەنگیان پێهەڵبچنین و بڕیان بکەین، بەڵام نەخشەکەمان سەرینەگرت. بەهەرحاڵ، ئەلعاسی دەهامی کوڕەزای بە نامەیەکەوە ناردە مووسڵ و تێیدا دەڵێ کەوا ئەو دەستی لە شێخێتیی هۆزەکەی کێشاوەتەوە بۆ ئەم، هەروەها چەند راگەیاندنێکیش لە حاچم و موتڵەگ ئەلفەرحان و ئەوانیتر و ئەوەیان دەربڕیوە وەک شێخی خۆیان (واتە سەرۆک هۆز – و) دانیان پێداناوە. وەک هەنگاوی یەکەم، بە دەهام راگەیەنرا کە پێویستە بڕی ٣ هەزار و پێنجسەد لیرە کۆبکەنەوە و بیبژێرن لە سزای رووتکردنەوەکەی ئەبو حەمزەدا و پاش ئەوە وەک شێخێکی بەشی ئەلعاسی لەلایەن حکوومەتەوە دانی پیادادەنرێت. ئەو رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەوە و خێرا بڕی هەزار و هەشتسەد لیرەی تورکیی نارد و باوەڕ وایە ئەم بڕە پارەیەی لە هۆزەکەی کۆکردووەتەوە لەدوای رووداوەکەی دێرەزوور. ئەمە بوو بە هۆی دواخستنی بژاردنی پارەکە و پرۆپاگەندەی شەریفیش ماوەیەکی درێژتر دوایخست. لە مانگی نیسانیشدا هەزار و پێنجسەد لیرەی تریشی بژارد و پاشان لە گەڵ خێڵەکەی بەرەوژوور رۆیشت و لە دەرەوەی سنووری ئێمەوە تێپەڕی.
مەسەلەی سەرانە (خاوە) لەلایەن ئەو خێڵانەوە کە بەزۆر لێیان سەندراوە هەر زوو هاتە بەرباس. ئەم باج سەندنە بڕابووەوە و بۆ هەر مێگەل یان رانەمەڕێک خاوەنەکەی دەبوو دوو مەڕ و چوار کاوڕ و چوار بەرخ و شەش مەجیدیی کاش بدات و کوڕانی فەرحان لە ناوخۆیاندا مافی کۆکردنەوەیان دابەشکردبوو. وەرگرتنی سەرانە لە خێڵە بچووکەکانی جزیرە مەسەلەیەکی نابەجێیە و هیچیتر نیە لە کرێی رێگەپێدانی ئاژەڵ لەوەڕاندن لە لەوەڕگە و پاوانەکانی شەممەردا (ئەمە لە ناو کورددا پووشانەی پێدەوترێت _ و). لەم بارەیەوە شەممەر تێگەیەنران کە دەتوانن پووشانەی مەڕ لەوەڕاندن وەربگرن لە بیاباندا، بەڵام بە چاوپێداخشاندنەوە و کشتوکاڵ کردنی گوندیش دەبەخشرێت. بەڵام دان بە مافی باج سەپاندندا نەنرا بەسەر کارواندا. سەرانە وەرگرتن مافی پارێزگاری دەداتە ئەوانەی لێیان وەردەگیرێت و حاڵی حازر زەحمەتە ئێمە رێگەی لێبگرین.
بەهەرحاڵ، دژواریی هەتاهەتایی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی خێڵە کۆچەرەکان و جووتیار یان بازرگاندا روون و ئاشکرا لە پێگە و هەڵوێستی شەممەردا دەردەکەوێت. بێگومان ئەمانە دەرد و بەڵایەکی گشتین و لەسەر خەڵک رووتکردنەوە و تاڵانی دەژین. هەندیکیان ساڵی پار بە ئەندازەی ئەوە قازانجیان کردبوو ئەگەر حوشترەکانیان بخستایەتەگەڕ بۆ بار گواستنەوە. ئەمەش رەنگە بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکە چونکە لە خستنەگەڕی حوشترەکانیان تا پارەی زیاتریان بێتەدەست واتە پاڵنەر و هاندانێکی کەمترە بۆ دزی، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە چەند ساڵی داهاتوودا دەسەڵاتی ئێمە پشت بەوە دەبەستێت کە چەند توانای بەستنی رێگەی هاتوچۆی گەرمیان و کوێستانی ئەوانمان هەیە.
لەدوای شەممەر، خێڵی سەرەکیی جەزیرە تەیە، کە سەرۆک هۆز یان شێخیان محەمەد عەبدولڕەحمانە. هاتوچۆی ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێوان نوسێبین و جەبەل سنجاردایە و بێجگە لە ژمارەیەکی کەمی گوندنشینیان لە ناوچەی تەلەعفەردا تێکڕا هەموو کۆچەرن. ئەوان بەدەر لە یەک کردەوەی رووتکردنەوە لەسەر رێگەی تەلەعفەر، سەرئێشەیەکی وایان دروست نەدەکرد. لەو بۆنەیەشدا بەخێرایی گرتنی ژمارەیەک گوێدرێژیان، کە کاڵا و شمەکیان لە نزیکی مووسڵ دەگواستەوە، بوو بە هۆکاری گێڕانەوەی کاڵا دزراوەکان. شێخەکەی ئەمان پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ ئێزیدییەکاندا لە سنجار و پێدەچێت پەیوەندیی باش نەبێت لەگەڵ ئەلعاسی.
ناوچەی هەردوو خێڵی متێوت و جحێش لە پاینی سنجارەوە درێژدەبێتەوە بۆ تەلەعفەر، بەڵام هەردوو خێڵەکە بایەخێکی ئەوتۆیان نیە. حەدیدییەکان شوانکارەی مووسڵن و دەوڵەمەندەکانی خاوەن مەڕوماڵاتی قەبە رانیان دەدەنێ بۆیان بەخێو بکەن. ئەوان بە ترسنۆکی ناوبانگیان دەرکردووە و بەدووەکان بە چاوێکی نزمەوە تەماشایان دەکەن و ژن و ژنخوازییان لەگەڵ ئەنجام نادەن. هەندێک کێشە لەناو خێڵی ئەلبوحەمەددا هەبوو لەسەر مەسەلەی شێخایەتیی عەشیرەتەکە و ئەم هۆزە دوژمنایەتییان هەیە لەگەڵ هۆزی جبووردا، کە خەریکی کشتوکاڵن بەدرێژایی قەراخ رووباری دیجلەدا.
وا تازە بەکردەوە مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکرێت.
کارگێڕیی بەریتانی هەمان دابەشکردنی ئیداریی تورکیی هێشتووەتەوە بۆ ویلایەتەکە و یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیی جێگەی قایمقامی قەزاکەی گرتووەتەوە. بەپێی ئەزموونیشمان لە شوێنانی تر، ئیدارە و داهاتمان تێکەڵ کردووە.
هەر ناوچە یان قەزایەک دەکرێتە چەند ناحیەیەکەوە و بۆ هەر یەکەیان مەئموورێکی دارایی عەرەب دادەنرێت و ئەمانە هەموو لەژێر دەستی بەڕێوەبەرێکی داراییدا دەبن لە قەزاکەدا (مودیر ماڵ). لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩دا حەسەن بەگی سەرۆکی بەڕێوەبەرێتیی سەنییە لە سەردەمی تورکدا، کرا بە پشکنەری داهاتی ویلایەتی مووسڵ و ئەم پۆستە لە دوو ماوەی کورتدا یاریدەدەرێکی ئەفسەری سیاسی بەڕێوەیدەبرد. لە سەردەمی عوسمانیدا بارەگای سەرەکیی ئیدارەی سەنییەی هەموو عێراق لە مووسڵ بوو. وەک ئاشکرایە کەوا بەڕێوەبردنی زەویوزار و مڵکەکانی سەنییە رێکخستنێکی تایبەتی خۆی هەبوو، کە جیابوو لە سیستەمی کارگێڕیی  ویلایەتەکە و راستەوخۆ لە ئەستەمبووڵەوە بەڕێوەدەبرا. بۆ مامەڵەکردنی دەسبەجێ لەگەڵ کێشە بچووکوکاندا، مەئموورەکانی سەنییە لە هەردوو ناوچە یان قەزای مووسڵ و تەلەعفەر دەسەڵاتی دادوەری پلە سێیان پێدرابوو و ئەمەش ئەزموونێکی سەرکەوتووبوو بەشێوەیەکی گشتی.
لە کەرتی مووسڵدا و بە تایبەتی لە پێدەشتەکەیدا، کە یەکەی کۆمەڵایەتی گوندە نەک عەشیرەت، موختارەکان یان سەرۆکی گوند رۆڵێکی گرنگ دەبینن. ئەوام بەرپرسیارن لە پاراستنی  یاساوڕێسا و پاکوخاوێنی لە گوندەکانیاندا و هەروەها چارەسەری کێشە و ناکۆکی بەپێی دابونەریت و گرتنی تاوانباران لە حاڵەتی تاوانی مەترسیداردا و پابەندبوون بە فەرمانی حکوومەتەوە و میوانداریکردنی کاربەدەستەکانی حکوومەت و دابینکردنی سەلامەتیی کاروان و رێبوارانێک کە بە شەو لە گونددا دەمێننەوە. هەروەها پابەندن بە یارمەتیدانی مودیر ماڵەکان لە کاروباری کشتوکاڵیی وەک خەمڵاندنی بەروبووم. لەبەرانبەریشدا، دەکرێ بەپێی عورف و نەریت رێژەیەک وەربگرن یان بۆ نموونە رێژەیەکی سەدی لە قازانجی ئەو کاڵایانەی بازرگان یان چەرچی لە گوندەکانیاندا دەیفرۆشن و رەنگە حکوومەت رێژەیەکیان لە بەروبوومی زستانە و   رەز و باخ بداتێ کە لە سەدا سێ تێنەپەڕێت. مووسڵیش، وەک بەغدا و بەسرە، چوار ئەندامی گەڕاندەوە بۆ ئەنجومەنی تورکی (نازانم مەبەست لەم ئەنجومەنە چیە – و) و یەکێک لەوانە، کە مەسیحییە و پەیوەندیی بەربڵاوی بە خەڵکەوە هەیە لە شاردا، بە پاشکۆی سیاسی دامەزراوە (مولحەق –  Attache).
کاتێ ئێمە هاتینە ئێرە بارودۆخی گشتیی ویلایەتەکە زۆر خراپ بوو و شارەکە پڕبوو لە ئاوارە و تابڵێی پیس بوو، گرانی و قاتوقڕی بوو و نرخی هەموو شتیک هێجگار بەرز بوو و هۆکاری سەرەکیی ئەوەش زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی کاڵا و بەروبووم بوو لەلایەن سوپای تورکەوە. باس لەوە دەکرێت کە لە زستانی ١٩١٧ – ١٩١٨دا لایکەمەکەی دە هەزار کەس لەبرسا مردوون. لە تەواوی ناوچەکاندا تەواوی گوندەکان، گوندە مەسیحییەکانی لێدەرچێت (کە لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەسەرباز نەدەگیران – و)، چۆڵبوون و کەسی وایان تێدا نەمابوو بەهۆی رەشبگیرییەوە بۆ سەربازی (ئەمە سەفەربەرلکی پێوتراوە – و). گواستنەوە و کشتوکاڵ بەتەواوی پەکیکەوتبوو بە هۆی ئەوەوە کە سەرلەبەری ئاژەڵ و وڵاخ دەستیان بەسەرداگیرابوو و لەسەدا پەنجای زەویوزار نەدەکێڵرا.
بەروبوومی بنەڕەتی لە کەرتی مووسڵ گەنم و جۆیە و رێژەیان زۆر زیاترە لەوەی کە لە ویلایەتەکانی باشووردا دەچێنرێت. بەغدا وایدەڕوانییە مووسڵ کە سەرچاوەی دابینکردنی گەنم بێت بۆی، بێجگە لە میوەجات و گوێز و سەوزە کە لێرە لە پێدەشت و بناری شاخەکاندا باشتر دەڕوان. لەبەرئەوە داخستنی رێگەی مووسڵ لە مارسی ١٩١٧وە بۆ نۆڤەمبەری ١٩١٨ بەتەواوی سەخت کەوتەوە و بوو بە هۆی کەمیی خۆراک لە بەغدا لە ساڵی ١٩١٧دا. تەواوی بەروبوومی زستانە لە کەرتی مووسڵدا پشت بە بارانبارین دەبەستێت کە زۆرە، بەڵام بەهۆی کەمیی ئاوەوە لە هاویندا، بەروبوومی هاوینە لە دەشتاییدا زۆر کەمە یان هەر نیە، بەدەر لەو زەویانەی قەراخ زێ و رووبارەکان کە بە جۆگە ئاوی بۆ سەردەخەن یان لەو گوندانەی کە چەم و کانیاویان تێدایە. تەنها لە دۆڵی زێی گەورەدا ئاودێرییەکی بەرفراوان ئەنجامدەدرێت. لەلایەکی ترەوە، لە چیاکاندا بەروبوومی هاوینەی مەرەزە و تووتن و میوەجات گرنگیی زیاترە لە بەروبوومی دانەوێڵەی زستانە. لێرە ئامرازی کشتوکاڵی سەرەتاییە و گاسنی لە تەختەدار دروستکراو هێستر یان گا یان گوێدرێژ رایدەکێشن و زەویی پێدەکێڵرێت. بەعادەت جووتیار نیوەی زەییەکەی دەچێنێت و نیوەکەی تری بە نەکێڵراوی و بەیار بەجێدێڵێت بۆ ساڵی ئایندە. هەر کە جووتیار تۆوی ئەمساڵی وەشاند ئەوە شوێن جاڕ یان پەرێزی ساڵی رابردوو دەکێڵێت و لەبەر خۆری هاوین بەجێیدەهێڵێت. لە وەرزی پایزدا و لە پاش یەکەم بارانی پەڵە تۆوی دەکات و دەیکێڵێت و باشترین جووتیاریش پەینی پێوە دەکات. لە پرۆسەی تۆوداندا تێکڕا ١٢٠ پاوەند دەکرێتە رووبەری فەدانێکەوە و بڕشتی بەرهەمیش یەک و حەوت یان هەشتە. لە دوای گرتنی ویلایەتەکە هەنگاوی بەپەلە نرا  بۆ گێڕانەوەی بووژاندنەوە و گەشەکردنی کشتوکاڵ و لە ساڵی یەکەمدا نزیکەی ٥٥٠ گاجووت و سەد و پەنجا هەزار روپێ وەک قەرزی کشتوکاڵی دابەشی سەر جووتیاران کرا، بێجگە لە دابەشکردنی بڕێکی زۆری دانەوێڵەی تورکەکان کە دەستی بەسەرداگیرا و دابەشکرا.
بەڵگە هەیە کەوا بەشی هەرە گەورەی زەیوزار لە ویلایەتی مووسڵ لە بنەڕەتدا بەدەست جووتیارەکان خۆیانەوە بووبێت و هەر کەسە و زەویی خۆی کێڵاوە. بەڵام لە ئێستادا، زۆربەی ئەم زەوییانە چووەتە ژێردەستی خاوەن مڵکی گەورەوە، کە بەگشتی دانیشتووی مووسڵن و   ماف و بەڵگەنامە و سەنەدی تاپۆیان هەیە. سکاڵا زۆرە لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەم پرۆسەیە ئەنجامدراوە و وەک باسدەکرێت، بۆ نموونە، بڕێک پارە خراوەتە بەردەستی جووتیارەکە کە چوار یەکی نرخی راستەقینەی زەوییەکەی بوو بۆ ئەوەی بیفرۆشێتە خاوەن مڵکێکی دەسڕۆ و دەسەڵاتدارێکی دانیشتووی شار و لە حاڵەتی قایلنەبوونیدا تۆمەتێکی ساختەی کوشتنی بۆ دروستکراوە و لەسەری بەندکراوە و چەندین ساڵ لە بەندیخانەدا دەمایەوە تا ئەو کاتەی رای خۆی دەگۆڕی و زەوییەکەی هەرزانفرۆش دەکرد. پێدەچێت هێنانەکایەی سیستەمی تاپۆ هەل و دەرفەتی زۆر باشی دابێتە خەڵکی شار بۆ ئەوەی فێڵ لە جووتیاران بکەن و زەوییەکانیان لەدەست دەربکەن لە رێگەی بەڵگەنامەی فرۆشتنی ساختە و کاری لەم چەشنە. بە بارمتەدانانی خانووبەرەش چەکێکی تری باش بووە و زۆر جار خاوەن تاپۆکان لەپاشەملە کارەکانیان   کردووە و چاویان بە زەوییەکان نەکەوتووە و بەم پێیە مافیان جۆراوجۆر بووە لە ناوچە و شوێنە جیاوازەکاندا بەگوێرەی پیت و بڕشتی زەوییەکە و ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ جووتیارەکاندا کراوە. رێژەی وەرگرتنی مڵکانەش لە چواریەکەوە بووە تا ئەوەی لە شانزە بەش بەشێكی بکەوێت و هەرە باوەکەشی هەشت یەکە. لە بەرهەمی هاوینەدا خاوەن مڵک نیوەی وەردەگرێت بەو سیفەتەی کە خاوەن مافی ئاوەکەشە. هەڵوێستی جووتیاریش ناڕوونە و هەندێ جار دەوترێت کەوا هۆی درووستکردنی چەند ماڵێکی کەمی نەگونجاو بۆ ئەوەیە کە بتوانێت هەر کاتێ بیەوێت دەریانبکات. لە لایەنی تیۆریشەوە، وادیارە هۆکارێک نیە کە بۆچی ئەگەر خاوەن تاپۆ یان خاوەن مڵک داوای رێککەوتنێکی کرد کە پشکەکەی زیاتر بێت و جووتیارەکان قایل نەبوون، ئەوە نابێت دەریانبکات و خەڵکیتر بخاتە جێگەیان. ئەو کەسەی کە رووبەرێکی زەوی لەلایە و خۆی ناتوانێ بیکێڵێ، بەڵام ئارەزووشی لێیە خۆی بیکات ئەوە "مورابەچییەکی" بۆ دەگرێت و ئەگەر جاران چواریەکی پێبڕابیت ئەوە ئێستا هەشت یەکی پێدەبڕێت و فرەجار زۆر قەرزاری خاوەن مڵکەکەی دەبێت بە ڕادەیەک کە بۆ هەموو شتێک وابەستەی زەوییەکە دەبێت و ئەنجام دەبێتە جووتیارێکی زەویبەندە.
بەهەمان شێوە لە ناوچە شاخاوییەکان و لە گەلێ حاڵەتدا زەوی لە دەستی جووتیارەکان   دەرچووە و کەوتووەتە دەستی ئاغاواتو زۆر جاریش لەبەر هۆکاری سادە و ساکار. جووتیار لەوێ کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری کەسانێک کە ویستوویانە لەسەر رەنجی خەڵکیتر بژین و ئەم نەیتوانیوە بێ پارێزگاری بژی و ئەوەی لە کەسێکی لۆکاڵی گەورەوە بۆ دەستەبەر بووە لەبەرانبەر دەیەکی زەوییەکەیدا، کەوا ئەو خاوەن مڵکە تا توانیوێتی کەمترین بڕە پارەی داوە بە تورکەکان بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێبکات قبووڵی بکەن.
وادیارە لە رۆژگارێکدا رووبەرێکی باشی زەویی دەوروبەری مووسڵ بووبێتە خاوەندارییەکی فیوداڵی بە ناوی تیمارەوە، کەوا بەو پێیە کەسێک بووبێتە خاوەن زەوی لەبەرانبەر ناردنی ژمارەیەک پیاوی زۆر بۆ سەربازی لە کاتی بانگکردنیاندا. بەڵام کاتێ مەدحەت پاشا سیستەمی تاپۆی هێنایە کایەوە ئەمە بەشێوەیەکی ناچارکردن هەڵوەشایەوە و بەناوی جووتیارەکەوە تۆمارکرا. خاوەن مڵکەکانیش لە رێگەی باجی سەر زەوییەکەوە قەرەبوو کرانەوە کە ساڵانە کەمی دەکرد تا پاکتاو دەکرا و دەکوژێنرایەوە. لە تەلەعفەر دانیشتووان دابەشی سەر تیرە و عەشیرەت بوون و هەر تیرەیەک ئاغایەک سەرۆکایەتی دەکات، کە باس لەوە دەکەن گوایە خاوەن زەویوزارن، بەڵام بە کردار جووتیارەکان هیچ کات تاپۆیان پێنەداون هەرچەندە جارجار هەروا بۆ خۆشیی یارمەتییەکی کەمیان دەدەنێ.
ئێستا لە کەرتی مووسڵ چارەسەری مەسەلەی زەوی زۆر پێویستە و رەنگە تۆماری تاپۆ لە شوێنی تر خراپتر نەبێت، بەڵام تا پەڕی ئەوپەڕ خراپە. لە ناوچەی تەلەعفەر و سنجار ئاشکرایە کەوا ژمارەیەکی زۆری دەستوەردان و ساختەکاری کراوە و قوربانییەکان بەتوندی لەدژی وەستاونەتەوە. لە چەندین حاڵەتدا لە بەری چەپی رووبار و بەتایبەتی لە نیشتەجێکانی ئێزیدیدا، گوندی وا هەیە دابەشی ٢٧١ پشک کراوە. لەم پشکانە نزیکەی ١٩٣یان خاوەن مڵک تاپۆی هەیە و ئەودوای مڵکی خەڵکی گوندە و سنووری پشکەکان دیاری نەکراوە و و بەتەواوی نازانرێت لە کوێیە و بیر لەو ناکۆکییانە بکەرەوە کە لە حاڵەتی لەم چەشنەوە سەرچاوە دەگرێت.
بێگومان جێی سەرسوڕمانە کەوا دەبینین تەنها کریستیانەکان لە پێدەشتەکەدا توانیویانە زەویوزارەکەیان بپارێزن و لە چنگی خاوەن مڵکی مووسڵ دووریبخەنەوە. رەنگە لەبەرئەوە بووبێت کەوا گوندە موحەممەدییەکان هۆکارێکی پارێزگاری و گوێ لێگرتنی حکوومەتیان نەبووە، بەدەر لەوەی (کە بە نرخێکی تایبەتی) خۆ بدەنە پاڵ گەورەپیاوانی شار. بەڵام کریستیانەکان پەتریارک و قەشەکانیان پارێزەر و قسەکەر بوون بەناویانەوە و لە حاڵەتی کەنیسە کاسۆلیکییەکاندا ئامادەبوون سکاڵا وداواکارییان بگەیەننە هێزێکی بیانی.
وەک بنەمایەکی گشتی و عادەتی، لە کەرتی مووسڵدا پشکی حکوومەت لە بەروبوومی دانەوێلە دە یەک بوو (واتە لە ١٠ بەش بەشێکی هەبوو – و). بەڵام ناو بە ناو هەندێ باجی جۆراوجۆری تری دەخرایە سەر و تێکڕا داواکارییەکە دەگەیشتە دوانزە و نیو لە سەد. هۆی ئەوەش کەوا لەم کەرتەدا کشتوکاڵی ئەو زەویانەی پشت بە باران دەبەستێت رێژەیەکی کەمتریان پشک دەکەوێت وەک لەو زەویانەی ناوچەی بەغدا کە پشت بە ئاودێری دەبەستن، ئەوەیە کە تێکڕا بەرهەم لە ناوچەکانی بارانبارین مسۆگەر نیە و کەمتریشە لە بەرووبوومی ناوچەکانی ئاودێری. دەرد و نەخۆشییە کشتوکاڵییە جۆراوجۆرەکانیش کێشە و کاریگەریی خۆیان هەیە و بەتایبەتی کوللە زۆر ترسناکە. لەم وڵاتەدا کە دەشت و ساراین بەشێکی گەورەی پێکدێنێت و بە پووش داپۆشراوە و خۆر بەتەواوی وشکیکردووەتە، بەخێراییەکی زۆر ترسناک ئاگر دەگرێت و تەشەنە دەکات و لە هاویناندا تەماشا دەکەیت چەندین میل لە پووش و پەڵاش گڕیگرتووە و دەسووتێت.
حکوومەتی عوسمانی تاقیکردنەوەی زۆری پەیڕەوی کردووە لە باج کۆکردنەوەدا و شێوە ئاساییەکەی کۆکرنەوەی پشکی حکوومەت بوو لە هەر گوندێک و فرۆشتنی بوو بە زیادکردنی ئاشکرا. بەعادەت گەورە خاوەن مڵک تێکڕا پشکەکانی حکوومەتی لە گوندەکانی خۆی دەکڕییەوە بە نرخێکی وا کە قازانجێکی گەورەی لێبکات. هەروەها چینێکی بازرگانی پیشەیی و شارەزا هەبوون و مولتەزیمیان پێدەوتن کە تەنها ژیان و گوزەرانیان لەسەر ئەوە بوو کە باجی گوندە بچووکەکان بۆ خۆیان بکڕنەوە و پاشان قازانجی زۆری لێبکەن. (پێموایە مەبەست لێرەدا دووکاندار و بازرگانە مامناوەدییەکانی شارن کە بە سەلەم و بە سەوزی و پێش پێگەیشتن بەرهەمی دانەوێڵە و ئاژەڵیان بە نرخێکی کەم لە جووتیاری هەژار دەکڕییەوە و دواتر بە گران دەیانفرۆشتەوە و قازانجی باشیان لێدەکرد – وەرگێڕ).
 ئەو هۆکارانەی ئێمە پشتمان پێدەبەستن مامەڵەیەکی ناجێگیر و پڕ لە بێمتمانەیی بوو. ئامانج لە سەرەتاوە خەمڵاندن بوو بە چاو و پاشان راستەوخۆ کۆکردنەوەی. بەهەرحاڵ و بەدەر لە زەحمەت و گرفتەکانی تر، گەلێ جار کارمەندی پێویستمان دەست نەدەکەوت لەو خەمڵێنەرانەی کە دەکرێت پشتیان پێببەستیت و پێوانەکردنی زەوی کارێکی ئاسان نەبوو بەهۆی رووبەری گەورە و فراوانیەوە.
 دواجار بڕیارمان وابوو کە بەردەوام بین لەسەر شێوەی "ئیلتیزام"، بە ئاگالێبوونیکی تەواوەوە بۆ خەمڵاندنی سەرەتایی خەرمانی نەکوتراوەوە، کە ئەمە رێگەیەکی خەمڵاندنی زۆر باوە لە زەوییەکانی سەنییەی ویلایەتی مووسڵدا. ئەمەش وایلێکردین کە لای خۆمانەوە نرخێکی یەدەک بۆ هەر گوندێک دابنێین و ئەگەر نەگەیشتە ئەو نرخە خۆمان راستەوخۆ کۆیبکەینەوە. هەروەها دانیشتووانی هەر گوندێک سەرپشک کران لە کڕینی باجی تایبەتیی خۆیان بە بەرزترین زیادکردنی ئاشکرا ئەگەر ئارەزوویان لێبێت و ئەنجامەکەشی مایەی رەزامەندی بوو. بە شێوەیەکی گشتی هۆکارێک هەبوو بۆ گریمانەی ئەوەی کە حکوومەت زیاد و کەمی لە بەشی راستەقینەی خۆی بەرنەکەوتبوو. ئێمە بژاردەی تایبەتی خۆمان بە وەرگرتنی راستەوخۆ لە حاڵەتێک دوواندا بەکارهێنا – کە ئەمەش بوو بە مایەی نیگەرانی و ناڕەحەتیی خاوەن تاپۆکە، چونکە بەئەنقەست نرخی کەم لێدەدا بەئومیدی ئەوەی ئێمە بەناچاری پێی قایل بین – لە فرە حاڵەتیشدا، کە هیوای گەورەترین ژمارە نەبوو، جووتیارەکان خۆیان باجەکەیان دەکڕییەوە. ئەنجامەکان دەریانخست کە لە بناغەدا تاڕادەیەک وردن. بەهەرحاڵ، لە داهاتوودا باجەکان راستەوخۆ بەپێی خەمڵاندنێکی لەم جۆرە وەردەگیرێن، وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٠دا جێبەجێ کرا بۆ بڕێکی باشی بەروبوومی هاوینە.
کۆدە Kodah، کە لەسەر مەڕ و مانگا وەردەگیرێت، باجێکی گرنگە لە ویلایەتی مووسڵدا. ئەم باجە لە سەردەمی تورکدا تێکڕا ٩،٥ قورۆش بوو بۆ هەر سەرێک، بەڵام ئەمساڵ لەلایەن ئێمەوە دیاریکرا بە هەشت ئانە بۆ هەر سەرێک لە مەڕ (ئانە یان عانە چوار فلس بوو – و) و بۆ هەر سەرێک مانگا یان گامێش یەک روپێ بوو. ژماردنی ئاژەڵەکان لە لایەن مەئموورەکان خۆیانەوە ئەنجامدەدرا بێئەوەی پەنا ببرێتە بەر کارمەندی تر. نەریت وابوو کە مەڕ لە هەردوو مانگی   مارت و نیساندا لە بەری راستی رووبارەکەوە بپەڕێنرێتەوە بۆ بەری چەپ و ئەمەش لە رۆژگاری تورکدا سوودی ئەوەی هەبوو کە هەموو مەڕەکان دەژمێردران لەو کاتەدا کە لە پردەکە دەپەڕێنرانەوە. لە دوا ژمادرنی مەڕ لە سەردەمی تورکدا ٨٠٣٧٣١ سەر بوون. زۆر جاریش سەرۆک هۆزەکان بە یاریدەدەری فەرمانبەرە مەڕژمێرەکان دادەنران و لەبەرانبەردا لە سەدا سێی مەڕی هۆزەکەی خۆیان بەردەکەوت. شایانی باسە کە مەڕوماڵاتی هۆزی شەممەر نەدەژمێردرا چونکە لە دەرەوەی سنووری ئێمە دەیانلەوەڕاندن. ژمارەیەکیش لە مووسڵاوییە دەوڵەمەندەکان مەڕەکانیان لای شەممەر بەخێو دەکرا و بەمەش خۆیان لە باج دەدزییەوە.
زەویوزاری سەنییە لە ویلایەتەکەدا رووبەرێکی بەرفراوانی هەبوو. لە رۆژگاری عەبدولحەمیددا زۆر بەباشی بەڕێوەدەبرا و بەهۆی پارێزبەندییانەوە لە هەڵکوتانەسەری جەندرمە و پشتگیریی تریش، کشتوکاڵ تێیدا لەبرەودابوو. بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی نوێدا هەڵسووڕاندنی کاروباریان گڵۆڵەی کەوتە لێژی (پێموایە لێرەدا مەبەستی رژێمی تورکە لاوەکانی دوای کوودەتای ساڵی ١٩٠٨ە لە دەوڵەتی عوسمانیدا – و)، لەژێر سایەی داگیرکاریی ئێمەشدا بارودۆخیان خراپ بوو وەک بەشەکانی تر.
ئەگەر کێشەی گواستنەوە چارەسەر بکرێت پێدەچێت هەل و دەرفەتی ئەم کەرتە لەودوای ناوچەکانی تری عێراق زۆر گەورەتر بێت بۆ بەکارهێنانی ئامێری کشتوکاڵی. لە پێش جەنگدا، زۆرێک لە خاوەن زەوییە گەورەکان ئامێری دروێنەیان هەبوو و رووبەرە بەرفراوانەکانی زەویوزاریش، کە پشت بە باران دەبەستێت و جۆگەکانی ئاودێری رێگری ئامێرەکان نیە تیایاندا وەک لە شوێنەکانی تردا هەیە. پشکی مڵکانە یان تاپۆی زەویوزاری سەنییە هەمیشە تاڕادەیەک ٧،٥ لەسەدایە، بێجگە لە ژمارەیەکی کەمی گوند لە قەزای زاخۆ کە وا پێشنیاز دەکرێت لەگەڵ گوندەکانی تردا بێتە سەر خەت. لە بەری جزیرە بەتایبەتی، بڕێکی زۆر زەوی هەیە کە پێیاندەوترێت "مەحلووڵ"، واتە ئەو زەویانەی خاوەنی میراتگریان نەماوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ حکوومەت و لەسەر ناوی خاوەنەکانی پێشوویان کوژاونەتەوە. پێدەچێت لێکۆڵینەوە و وردەکاریی تەواو لەم مەسەلەیەدا نەکرابێت، چونکە هیچ حاڵەتێک نەبیستراوە تێهەڵچوونەوەی تێدا کرابێت و کاتێکیش چارەسەری یەکلاکردنەوە بێتەپێشەوە گومان لەوە دەکرێت کە داواکاریی حکوومەت پشتگیریی بکرێت.
ئێستا دەستکراوە بە پەرەپێدان و بووژاندنەوەی دارستانەکانی حکوومەت کە زۆر بەخراپی وێرانکراون و دارەکانیان بڕاوەتەوە بۆ پێویستیی سوپای تورکیا و دەبێت ئەوپەڕی بایەخیان پێبدرێت. لە حاڵەتی ئاساییدا تاڕادەیەک بەغدا بەتەواوی پشت بە ناوچەکانی باکوور دەبەستێت بۆ تەختەدار. تۆ بەردەوام قەیاغ یان کەڵەک دەبینیت، کە لە لقەدار دروستکراون و پێستەی فووتێکراویان لە ژێرەوە لێبەستراوە و چەشنی ئەوانەن کە لە ریلیف و نەخشە هەڵکۆڵراوە ئاشوورییەکان دەچن لە مۆزەخانەی بەریتانیدا، بەسەر ئاوی رووباری دیجلەوەن و لق و کۆڵەکەدار و کاڵای تریان هەڵگرتووە. ئەم کەڵەکانە بە بارەکانیانەوە کاتێ کە دەگەنە بەغدا هەڵدەوەشێنرێنەوە و بارەکانیان دەفرۆشرێن و پێستەکان فشدەکرێنەوە و بە گوێدرێژ جارێكیتر دەگوێزرێنەوە بۆ سەرلەنوێ بەکارهێنان. باجی سەر تەختە و خەڵووز مۆرک و دیاردەیەکی بودجەی مووسڵە.
لە مانگی حوزێرانی ١٩١٩دا ئەفسەرێکی بەریتانی بۆ کاروباری گومرگ دامەزرا و رەسمی گومرگ لەسەر ئەو شمەک و کاڵایانە دانرا کە لە سووریا و تورکیاوە هاوردە دەکرێن. لە ساڵی ١٩١٨دا رێکخراوە کۆنەکەی تووتن "رێژی" پاکتاوکرا و داخرا و ئەفسەرەکەی گومرگ باجی تووتنیشی دەسەند و ئەو باجە لە مووسڵ بە رێژەیەکی چەسپاو تێکڕا هەشت عانەیە بۆ هەر کیلۆیەک و ئەوجا لە کۆگادا هەڵدەگیرێت.
ئەگەرچی شاری مووسڵ ناوبانگێکی خراپی هەیە بەڵام تاوانێکی وا تێیدا رووینەداوە و لە ناوچەکانی سەر رێگاوبانە خێراکان رووتکردنەوە و دزیی ئاژەڵی ماڵی تاوانی سەرەکین و گەلێ لە باندەکانی دزی دەسگیر کراون. پەلاماردانی کاروانەکان لەلایەن خێڵە بەدووەکانەوە لە رۆژگاری تورکدا دیادەیەکی بەردەوام و باو بوو و مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان نەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین کەوا لە پارەوە ئارامی و ئاسایشی گشتی باشتر بووە. ئێستا هێزی پۆلیسی ناوخۆ بنیاتدەنرێت و ئەم هێزە وریا و کارامەیە و خزمەتکردن تێیدا باوە و جێگەی پەسەندیی خەڵکە. لە کاتی گرتنی مووسڵدا رێژەیەکی گەورەی جەندرمەی تورک هەبوون و دابینکردنی پێویستیی هەنووکەیی خرابووە ئەستۆیان و ئەوپەڕی سەرکەوتوو بوون لە کاری پۆلیسی ناوچەکەدا، بەڵام گونجاو نین بۆ هیچ شێوەیەکی ئەرک و کاری سەربازی، چونکە نیاز وایە تاقمێکی لێڤی یان هێزێکی سەربازی پێکبهێنرێت. بێگومان لە سەر سنووری ئاڵۆزی کورد پێکهێنانی هێزێکی ئامادەی بچووکی لەم چەشنە مەسەلەیەکی بنەڕەتیی پێویستە.
کاروباری شارەوانی لە مووسڵ خۆیدا ئەنجومەنێکی شارەوانیی هەڵبژێردراو بەڕێوەیدەبات. داهاتی شارەوانی زۆر کەم بوو و گەندەڵی تەشەنەی کردبوو و شارەکەش لە دۆخێکی پیسیی وادابوو کە لەباسکردن نایەت. لەبەرئەوە رێکخستنەوەیەکی توندوتۆڵ مەسەلەیەک بوو دەبوو جێبەجێ بکرایە، هەروەها دەبوو سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن وردە وردە پەراوێز بخرێن و بەناو بمێنن تا ئەو کاتەی کۆتاییان پێدێت. ئێستا سەرلەنوێ رێکخستنەوە بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا و نەخشە و پلانی کەمێک دەسکاریکراوی ئەنجومەنی شارەوانی لە گفتوگۆدایە و پێدەچێت گیانێکی پێشکەوتن بەرجەستە بکەن، چونکە ئەمە دانەمرکابووەوە تەنانەت لەپێش جەنگیشدا. لە ماوەی جەنگدا، تورکەکان دەستیان کرد بە بڕینی شەقامە سەرەکییەکان لە ناو شاردا، وەک ئەوەی لە بەغداش کردیان. لە بەغدا کارەکە تەواوبوو و سەلماندی کە خێروبێرێکی زۆری هەبوو، شەقامێکی بەرفراوانی وا نەبوو بواری رۆیشتنی ئۆتۆمبیلی تێدابێت. لە مووسڵ درووستکردنی دوو شەقامی نوێ دەستیپێکردبوو بە دوو گۆشەی راوەستاو لەسەر یەکتر، بەڵام پێش داگیرکردن تەواونەبوون و ئەوەیان کەوتە ساڵی ١٩١٩، بەڵام شایستەی ئەو خەرج و پارەیە دەبن کە بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە تەرخانکرابوو، کە بێجگە لەوەش کۆمەکێکی گەورەی شارەوانیشی ویست. پردە کۆنەکە هێشتا هەر ماوە و بە شێوەیەکی تایبەتی و سەیر تا ناوەڕاستی رووبارەکە چووە و لەوێوە بە پردی سەرئاوکەوتووی چەشنی کەڵەک دەپەڕیتەوە. ئێستا پردێکی تر خەریکە درووستدەکرێت و پلانەکانی دابینکردنی ئاو کەوتووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەروەها شارەکە لەئێستادا پاکبووەتەوە و ئەوانەی وێنەی کۆنیان لە یادەوەریدا ماوە وەک قەسابخانەکانی سەر پردە کۆنەکە لە رۆژگاری تورکدا زەحمەتە لایان مووسڵی ئەمڕۆ بناسنەوە کە هەمان شارەکەی جارانە.
لە تەلەعفەر، یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی ئەنجومەنێکی راوێژکاریی ئاغاواتی ناوخۆی هەبوو بۆ یارمەتیدان و هاوکاری کردنی لە کاروباری شارەوانیدا. شارەوانیی تر لە ئاکرێ و دهۆک و   زاخۆ و تلکێف هەن، بەڵام لە هەر یەکەیاندا کاروباری سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی.
ئێمە پاش گەیشتنمان بۆ مووسڵ دەسبەجێ مەسەلەی خوێندن و فێرکردنمان خستە دەستی خۆمان. لە حاڵی حازردا حەوت قوتابخانەی حکوومەت لە مووسڵدا هەیە، کە سیانی بۆ منداڵانی موحەممەدین (واتە موسڵمانەکان – و) و هەر یەکە لە تایفەکانی کلدان و سریان و یاقووبییەکان و جوو سەر و یەک قوتابخانەیان هەیە. هەروەها دوو قوتابخانەش بۆ کچانی موحەممەدی هەیە. ژمارەی قوتابییان لەم قوتابخانانەدا ئاماژەیەکی سوودبەخشمان دەداتێ و لە کاتێکدا حەوت لەسەر هەشتی دانیشتووانی شار موسڵمانن، کەچی خوێندکارانی مەسیحی ژمارەیان (٧٩١)ە لە بەرانبەر (٢٥٩) منداڵی قوتابی لە قوتابخانەی موسڵمانەکاندا. شەقامەکانی شار پڕن لە منداڵانی پەرتەوازە و ئاکار ناڕێکوپێک و چیرۆکی بەردەوامی گەنج و هەرزەکاری مۆراڵ و رەفتار خراپ دووبارە دەبنەوە. گەورە موسڵمانانی شار بە داخ و پەژارەوە دان بەم راستییەدا دەنێن بەڵام ناتوانن هیچ چارەسەرێکی گونجاو پێشنیاز بکەن و هەموولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک خەتای بەڕێوەبەرێتیی قوتابخانەکان و مامەڵەکردنیان نیە. پێدەچێت قوتابخانەی مەسیحییەکان کاراتر و پێشکەوتووتربن. ژمارەی منداڵی خوێندکار لە قوتابخانەکانی کچاندا ١٤٩ قوتابین و ئەمە ژمارەیەکی زۆر نیە بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەموو شتێکدا و لەگەڵ ژمارەی قوتابییانی کوڕاندا ئەمەیان ئەرێنییە. لە گوندە جۆراوجۆرەکانی دەوروبەری مووسڵدا، قوتابخانەی موسڵمانەکان لە پێنج شوێن هەن و هی مەسیحییەکان لە یانزە شوێن. هەروەها پێنج قوتابخانەی حکوومیی لە شوێنانیتر هەن کە گەورەتینیان لە تەلەعفەرە و هەشتا قوتابیی لەخۆگرتووە. تێبینیی ئەوە دەکرێت کە لە سەرەتاوە دوودڵییەکی گەورە هەبوو لە ناردنی منداڵانی کوڕ بۆ قوتابخانە لە تەلەعفەردا بەپێی ئەو قەناعەت و باوەڕەی کە لە پاشەڕۆژدا دەبنە "ئەفەندی"، واتە ئەندامانی چینی کاربەدەستی بێکەڵکی تورکی. (لە سەروەختێکی رۆژگاری حوکمی عوسمانیدا بە سووک تەماشای ئەفەندیی کاربەدەست دەکرا وەک کەسێکی بەرتیلخۆری مفتخۆر و رەنگە ئەم بۆچوونەی گێرتروود بێڵی ئامادەکاری ئەم راپۆرتە لەوەوە هاتبێت – وەرگێڕ).
خوێندن و فێرکردنی ئێزیدییەکان مەسەلەیەکی ئاڵۆزە بە هۆکاری ئەو راستییەی کەوا بیر و باوەڕی ئاینییان خوێندنەوە و نووسینی لە هەمووان قەدەغە کردووە، یەک بنەماڵەی شێخان نەبێت، کە ئەویش بنەماڵەی بەسرین Bait al Basri (مەبەست بنەماڵەی شێخ حەسەنی بەسرییە کە لە شوێنێکی تری ئەم راپۆرتەدا ناوی هاتووە گوایە تەنها ئەمان هەقی خوێندەواربوونیان هەبووە. لە رۆژگاری ئێستادا ئەم بنەماڵەی بەسرییەم لە ئێزیدییەکان نەبیستووە و پێموایە بێڵ بەهەڵەدا چووبێت و مەبەست بنەماڵەی میری ئێزیدییان یان بنەماڵەی بابەشێخ بێت، یان ئەوەیە وەک ئاینە ساینکریستییەکانی تر کە بۆ خۆپارێزیی لە ئاینی سەردەست و بەهەژموون خۆی لە پەنای ئەم ناوانەدا حەشارداوە – وەرگێڕ). کاتێ قوتابخانە لە شارۆچکەی سنجار کرایەوە ئەو کەسە ئێزیدییانەی کە لەوانیتر پێشکەوتووترن بڕیاریاندا منداڵە کوڕەکانیان بنێرنە قوتابخانە. بۆ بەدبەختی، پاش ماوەیەکی کەم لە کردنەوەی قوتابخانە، بارانێکی زۆر باری و لە دۆڵەکەی ناو شاردا لافاوێکی گەورە دروستبوو و چوار لەو منداڵانەی خنکاند کە چووبوونە قوتابخانە. ئەمەش بوو بە کاردانەوەیەکی گەورە لای موحافزەکاران (کۆنسێرڤاتیڤەکان)، بۆیە لە ئێستادا تەنها چوار کوڕە منداڵی ئێزیدییەکان لە قوتابخانەن.
لە هەموو ئەو سوود و خزمەتانەی حکوومەت پێشکەشی دەکات رەنگە هیچکامیان بە ئەندازەی چارەسەری پزیشکی برەوی نەبێت و پێشوازیی لێنەکرابێت، یان ئەنجامی سیاسیی زۆر بەهاداری نەبێت. هەڵبەت پێشکەوتنێکی گەورە لەم بوارەدا ئەنجامدرا و نەخۆشخانە کۆنەکەی مانگی سوور گەورەکرا و دەستی پێداهێنرا بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشخانەیەکی مەدەنی کە هەردوو بەشی    پیاوان و ژنان لەخۆبگرێت. لێرە پزیشکێکی نەشتەرگەری بەریتانی کاری دەکرد لەگەڵ پزیشکێکی یاریدەدەر و ژنێکی سەرۆک پەرستاران و دوو سستەری بەریتانی و کارمەندانی تر، کە دوو ژنە پەرستاری ئەرمەن و دوو یان سێ پزیشکی ناوخۆ بوون. بەگشتی پەرستارە ئەرمەنەکان زۆر کارامە و باش بوون و گەورەترین بەهایان هەبوو. دکتۆرە خۆوڵاتییەکانیش بەتوانا و راهێنراو بوون و یەکێکیان خوێندنی گشتیی پزیشکیی لە پاریس تەواوکردبوو. کلینیک یان نەخۆشخانەی بچووکتر لە ناوەندی هەموو قەزاکان کرانەوە و لە هەندێ حاڵەتدا پزیشکە سەربازییەکان دەمودەست یارمەتیی بایەخداریان پێشکەش دەکرد. نەخۆشیی مەلاریا گەورەترین و مەترسیدارترین کێشەی تەندروستییە لە ناوچە شاخاوییەکاندا و لە هەندێ شوێن خەڵکی وڵاتەکە زۆر پێوەی گرفتارن و بەو هۆیەوە رێژەی مردنی منداڵ بە شێوەیەکی ناسروشتی بەرزە. حکوومەتی عوسمانی دەرمانی کینینی quinine بەخۆڕایی دابەشکردووە وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرێکی تەندروستی. بێگومان مەترسیی مەلاریا لەخۆیدا بەسە بۆ پاساوی پێشکەشکردنی یارمەتیی پزیشکی و تەندروستی لە هەرشوێنێک بتوانرێت.
تا ئاستێکی باش ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا کراوە لە رێگەی وەگەڕخستنی هێڵی ئاسنەوە تا قەڵای شەرقات، کە لە دووریی حەفتا میلەوەیە لە مووسڵ و راکێشان و چەوڕێژکردنی رێگە تەواکەرەکە لە شەرقاتەوە. بەڵام تەواوکردنی هێڵە ئاسنەکە بۆ مووسڵ هێجگار مایەی رەزامەندی و خۆشحاڵییە لای خەڵکە خۆوڵاتییەکە و هۆکاری نزیکخستنەوەی هەردوو ویلایەتەکەیە لێکتر (واتە بەغدا و مووسڵ – و) و زەمینە خۆشکەری پەیوەندییەکی توندوتۆڵترە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×