مانگرتنی دەرچوانی کۆلێژی ئەندازیاری کەرکوک لە بەرامبەر بینای پارێزگا بەردەوامە
  2020-08-06       435       

مانگرتن و خەوتنی دەرچووانی کۆلێژی ئەندازیاری کەرکوک لە باخچەی بەرامبەر بینای پارێزگای کەرکوک، بەردەوامە.
 
ئاوێنه‌: ماوەی چوار رۆژ و شەوە مانگرتنی بەشێک لە دەرچووانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی کەرکوک بۆ داواکاری دامەزراندنیان لە باخچەی بەرامبەر بینای پارێزگای کەرکوک بەردەوامە، بەڕۆژ دەرچوان بەشێک لە شەقامی پارێزگا دەگرن و بەهوتاف و دەنگی بەرز داوای دامەزراندن دەکەن، بەشەوانیش پێخەف و جێگاوبانی خەویان هێناوە و لەناو باخچە و شۆستەی شەقامی پارێزگا دەخەون.

نیهاد جیهاد یەکێکە لە بەشداربووانی مانگرتنی دەرچوان وتی، “داواکاری ئیمه ئاساییترین مافی خۆمانە ئەویش دامەزراندنە کە مافێکی یاسایی خۆمانە و لەوەتەی لێرە مانمان گرتووه، وەڵامێکی دڵخۆشکەرمان لە بەرپرسانەوە وەرنەگرتووە”.

نیهاد جیهاد وتیشی، “دوێنێ پارێزگاری کەرکوک سەردانی کردین و بەڵێنی پێداین کە رۆژی یەکشەممە دوو نوێنەری مانگرتوان چاویان بەوەزیری نەوت دەکەوێت، ئێمه لێرە شەوان دەمێنینەوە کە ژمارەمان نزیکەی ١٥٠ دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی کەرکوک-ین کە مانمانگرتووە و لە باخچەی بەرامبەر بینای پارێزگار دەمێنینەوە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان جێبەجی دەکەن”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×