جەلیل گادانی بەكۆرۆنا كۆچی دوایی كرد
  2020-08-06       1109       

سکرتاریای حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) رایگەیاند ئەمڕۆ پێنجەشەممە جەلیل گادانی سیاسەتمەدار و ڕێبەرایەتیی پێشووی ئەو حزبە، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.



ئاوێنه‌: لەڕاگەیەندراوەکەی سکرتاریای (حدک)دا هاتووە ئەمڕۆ پێجشەممە 2020.8.6 جەلیل گادانی سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد، پاش حەوت دەیە تێکۆشانی سیاسی لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیدا، کۆچی دوایی کرد.

جەلیل گادانی جیا لەوەی کەسێکی سیاسی بووە، هاوکات نووسەر و وەرگێڕیش بووە و  چەندین کتێبی چاپکراویشی هەیە.

 

جەلیلی گادانی

 - لە ساڵی 1934 لە شاری مەهاباد لەدایک بووە.

-لەساڵی 1972 بڕوانامەی بەکالۆرۆسی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە.

-ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان.

-لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد رەزا شادا زیندانی بووە.

- دوای روخانی حکومەتی پاشایەتی وەک ئەندامی رێبەریی حیزب هەڵدەبژێرێت و دەبێتە ئەندامی دەفتەری سیاسی.

- ساڵی 1988 لە حدکا جیا دەبێتەوەو دەبێتە سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ.

-ساڵی 1996 لەگەڵ حیزبی دیموکرات یەکیگرتەوە.

-لەکۆنگرەی 10ی حیزبی دیموکرات، یەکەمین کۆنگرەی دوای یەکگرتنەوە، وەک ئەندامی رێبەری و دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات هەڵدەبژێرێتەوە.
- لەساڵی 2006 کە ریزەکانی حیزبی دیموکرات لێکدەترازێت، جەلیل گادانی لەگەڵ عەبدوڵای حەسەن زادەو چەندین کەسایەتی حزب جیادەبنەوەو ناوی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لەخۆیان دەنێن.

-لە کۆنگرەی 14ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکەمین کۆنگرەی دوای لێکدابڕان، وەک بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاودێری حیزبی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کرا.

 

حیزبی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی جەلیل گادانی-یەوە ئەم راگەیاندراوەی بڵاوکردەوە:


ڕاگەیەندراوی خەبەری
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، کاک جەلیل گادانی، سیاسەتمەدار، کەسایەتیی دیاری سیاسیی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد، پاش حەوت دەیە تێکۆشانی سیاسی لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک جەلیل گادانی ماوەی حەوتوویەک بوو بۆ چارەسەری نەخۆشیی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، کە بەداخەوە ئەمڕۆ چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پێوەندییەدا بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
سکرتاریا
١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×