سیستانی داوا ده‌كات هاوکار ی و پشتیوانی گەلی لوبنان بكرێت
  2020-08-06       320       
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، بەداخەوە بەهۆی تەقینەوەکەی شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ژمارەیەکی زۆری رودای گیانلەدەستدان، دیارنەمان و برینداربونی هاوڵاتیان هەیە و بە دەیان هەزار کەسیش لە ماڵەکانیان ئاوارە بون، بۆیە داوا لە باوەڕداران و بەخشەرانی جیهان دەکەن بەهەر رێگایەک کە بەباشی دەزانن هاوکار و پشتیوانی گەلی لوبنان بکەن.

ئاوێنه‌: نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، مەرجەعەیەتی ئاینی باڵا لە نەجەف بەداخەوەیە بۆ ئەو کارەساتەی شاری بەیروتی گرتوەتەوە، کە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە ژمارەیەکی زۆری روداوی گیانلەدەستدان، دیارنەمان و برینداربونی هاوڵاتیان هەیە و بە دەیان هەزار کەسیش لە ماڵەکانیان ئاوارە بون، هەروەها زیانێکی زۆر بەر شارەکە گەیشتوە و ئەوەش دیمەنێکی کارەساتباری بەو شارە بەخشیوە کە لە دەیەی رابردودا کەم وێنە بوە.

ئەوەش هاتوە، سەرەخۆشی لە گەلی لوبنان دەکەن بەهۆی ئەو کارەساتەی روبەرویان بوەتەوە و داواکارن لە خوای گەورە هێز و خۆڕاگری بۆ تێپەڕاندنی ئەو روداوە نەخوازراوە بە هاوڵاتیانی لوبنان ببەخشێت، هەروەها داوا لە باوەڕداران و بەخشەرانی جیهان دەکەن هاوسۆز بن لەگەڵ ئەو دۆخە سەختەی لوبنانییەکان پێیدا تێپەڕدەبن و هەمو هاوکارییەکیش بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەو کارەساتە بەو رێگایەی بەباشی دەزانن پێشکەش بکەن.

4ی ئاب تەقینەوەیەکی گەورەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان رویدا و بەهۆیەوە تائێستا 137 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش برینداربون، چەندین وڵات لەنێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان نیشانداوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەغدا 20 تەن هاوکاری تەندروستی، هاوکاری نەوت و وزەشی پێشکەش بەیروت کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×