2020-08-06   478     
بژار موسا، وتەبێژی بهڕێوهبهرایهتى گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، “رۆژانە لە تاقیگەی ناوەند، ٢٠٠ تاوەکو ٣٠٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماردەکرێت، ئێستا ٨٠ نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە و ١٠٠ نەخۆشی دیکەش ئۆکسجینیان بۆ دانراوە”.
ئاوێنە: شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەوتەی بەرپرسانی تەندروستیی هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێستا رۆژانە سەدان حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێت و بەشێکیشیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و مەترسی مردنیان لێ دەکرێت.
وتەبێژی بهڕێوهبهرایهتى گشتیی تەندروستی رایگەیاند “بەگشتی لە هەولێر هەزار و ٩٠٠ نەخۆشی کۆرۆنا ماون لەو ژمارەیە نزیکەی ٦٠٠ نەخۆشیان لە نەخۆشخانەکانن و ١٠٠ نەخۆش لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجیندان، ٨٠ نەخۆشیش باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئامێری هەناسەدانی دەستکردییان بۆ دانراوە”.
بژار موسا راشیگەیاند “ئەوانەی لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجینیشدان لە هەموو ئەگەرێکدا رەنگە باری تەندروستییان تێکبچێت و پێویستییان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکردبێت”.
وتەبێژی بهڕێوهبهرایهتى گشتیی تەندروستیی هەولێر وتیشی، “ئێمە نازانین لەناو شاردا چەند کەس تووش دەبێت، بەڵام ئەوەی لە تاقیگەی ناوەندی پشکنینی بۆ دەکەین و دەردەکەوێت کە تووشبووە، رۆژانە لەنێوان ٢٠٠ تاوەکو ٣٠٠ حاڵەتی نوێ تۆماردەکەین”.
بژار موسا دڵنیایی ئەوەیشی دا کە لە رووی پێداویستی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆش لە هەولێر هیچ کەموکوڕییەک نییە و هەموو شتێکیان لەبەردەستدایە.
بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنها ٢٠٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە و ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە بچێت گرفتی نەمانی ئامێرەکە دروست دەبێت.