کاروانێکى زرێپۆش و پێداویستی تەکنیکى و سەربازیى ئەمریکا گەیشتە رۆژئاوای كوردستان
  2020-08-06       1924       
کاروانێکی نوێی یارمەتییە سەربازی و لۆجەستیکییەکانی ئەمریکا گەیشتە رۆژئاوای كوردستان ئەوەش لە چوارچێوەی هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەو وڵاتە بۆ کوردەکانی سووریا.

ئاوێنه‌: روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە 5ی ئابی 2020 كاروانێكی بارهەڵگری یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتۆتە شاری قامیشلۆ له‌ رۆژئاوای كوردستان.

بەپێی هەواڵى روانگەکە کاروانەکە چەندین بارھەڵگر، زرێپۆش، ئۆتۆمبێل و كەرستەی لۆجستییان پێبووە و لە رێگای خاڵی سنوری "وەلید" دەربازی رۆژئاوای كوردستان بوون دواتر بەرەو بنكەكانی ئەمەریكا لە حەسەكە و دێرەزوور رۆیشتوون.

هەروەها روانگە باسى لەوەشکردوە پێدەچێت ئەو کاروانە پێداویستییەکانى تایبەت بێت بەو کۆمپانیا نەوتییەى کە لە هەفتەى رابردوو گرێبەستى لەگەڵ ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان کردوە.

هەفتەى رابردوو ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان و کۆمپانیایێکى ئەمریکی گرێبەستێکیان واژوو کرد بۆ وەبەرهێنان لە کەرتى نەوتى.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×