پارێزگاری هەولێر: پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بە تێچوی 300 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت
  2020-08-06       625       

لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئاب، پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی قورس و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دەستیپێکرد و پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی ڕایگەیاند تێچووی پڕۆژەکە 300 ملیۆن دۆلارە.

ئاوێنه‌: لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی ڕایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بە تێچووی 300 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، کە جگە لە هەولێر ئاوی پاک دەگەیەنێتە قەزای ڕەواندز و گوندەکانی دەوروبەری.

فەرسەت سۆفی وتیشی، "دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی بهێنین لە ناوچەکە، هەروەها لە ناو شاری هەولێریش 24 بیر لێدەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی پاک."

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی قەرزی یابانییەوە 300 ملیۆن دۆلارمان بۆ جێبەجێکردن و بەگەڕخستنی ئەم پرۆژەیە دابین کردووە، بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورس لە هەولێر، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی دارایی قوڵدایە، بەڵام ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گەورە ستراتیجییەکان کە جێبەجێ دەکرێت.

فەرسەت سۆفی لە 5ی تەمموزدا ڕایگەیاند، بڕی 150ملیۆن دیناریان بۆ چاکسازی لە ئاوی هەولێردا دابین کردووە، هەروەها وەزارەتی کارەباش بەڵێنیداوە کارەبای پێویست بۆ بیرەکان دابین بکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×