بەرهەم ساڵح و كازمی جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەنەوە
  2020-08-06       496       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران جەخت لە گرنگی چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٨/٦ لە بەغدا بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیكرد لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆكرا دەربارەی كۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابوری وڵات و جەختكرایەوە لەپێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد وەك پابەندبونێک بە کارنامەی حكومەت.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، جەختیان لە پێویستی راوەدونانی پاشماوەکانی تیرۆر و بەردەوامیدان بە سەرکەوتنەکانی هێزە ئەمنییەکان و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی شارەکانی عێراقدا، ھاوکات گفتوگۆیشکرا لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆرۆنا و پشتیوانیکردنی لەلایەنە تەندروستییەکان و زامنکردنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان، هەروەها خستنەروی چارەسەر و ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەربازبون لە قەیرانی ئابوری و كەمكردنەوەی خەرجی حكومەت و زیادكردنی سەرچاوەی داھاتی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای چاكسازی لە وڵاتدا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێوێستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەجۆرێک مافە دەستورییەكانی سەرجەم هاوڵاتیان و موچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بپارێزێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا پەرەسندنە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان و رۆڵی جەمسەری عێراق لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا گفتوگۆی لە بارەوە كرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×