ترەمپ فەرمانی قەدەغەکردنی "تیک تۆک" و "ویچات"ی دەركرد
  2020-08-07       430       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دو فەرمانی دەركرد كە تیایاندا هەر مامەڵەیەكی ئەمریكی لەگەڵ هەردو كۆمپانیای "بایت دانس"ی چینی خاوەنی "تیك تۆك" و كۆمپانیای "تێنسێنت"ی خاوەنی "ویچات" قەدەغەدەكات.

ئاوێنە: ئەو دو فەرمانە دوای ئەوە هاتن كە ئیدارەكەی ترەمپ لەم هەفتەیەدا ئاماژەی بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان دابو بۆ سڕینەوەی ئەو ئەپڵیكەیشنە چینیانەی كە متمانەپێكراو نین و هەردو ئەپڵیكەیشنی "تیك تۆك" و "ویچات"ی بە "هەڕەشەی گەورە" ناوبردبو.

دۆناڵد ترەمپ لە فەرمانێكیدا ئاماژەی بەوەداوە كە "تیك تۆك" دەكرێت لەو هەڵمەتە چەواشەكارانەدا بەكاربهێنرێت كە سود بە حزبی كۆمۆنیستی چین دەگەیەنن و پێویستە لەسەر ئەمریكا "بڕیاری گرتنەبەری رێكاری توند بدات دژبە خاوەنانی تیك تۆك لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیماندا."

لە فەرمانكەی دیكەدا ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە كە "ویچات" بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی زانیارییەكی بێشوماری بەكارهێنەرانی كۆدەكاتەوەو ئەو پڕۆسەی كۆكردنەوەی زانیارانە، رێگە بە حزبی كۆمۆنیستی چین دەدات كە دەستی بگات بە زانیارییە شەخسییەكانی هاوڵاتیانی ئەمریكی كە ئەوەش هەڕەشەیە.

فەرمانی قەدەغەكردنی ویچات دەبێت لەماوەی 45 رۆژدا جێبەجێ بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×