"دەنگۆی ناردنی 300 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە لەدوای جەژن، بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكە"
  2020-08-07       809       

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق، پێی وایە هەواڵی ئەوەی گوایە دوای جەژن حكومەتی عێراق بڕی 300 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت لە ئەنجامی گەیشتن بە رێككەوتن، تەنها جۆرێكە لە دڵخۆشكردنی خەڵك. جەختیش دەكاتەوە "ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت ته‌نها ده‌نگۆیه‌كه‌و‌ تائێستا بەغداو هەولێر نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك."

ئاوێنە: ئەحمەدی حاجی رەشید، لەمیانی وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، سەبارەت بە دەنگۆی رەوانەكردنی بڕی 300 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، وتی"ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غداد نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك و‌ هیچ ڕێكه‌وتنێكیش له‌سه‌ر پاره‌ نه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ی كه ‌هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه‌كردوه‌ كه‌ گوایه‌ دوای جه‌ژن 300 ملیار دینار ده‌نێردرێت له‌ئه‌نجامی ڕِێكه‌وتنێكدا، به‌بڕوای من ته‌نها جۆرێكه‌ له‌ دڵخۆشكردنی خه‌ڵك و‌ جۆرێكه‌ له‌ "په‌ین ستۆپ" بۆ ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌ی كه‌ ناردنی پاره‌ی لێوه‌ به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت كه ‌بریتییه‌ له‌یاسای بودجه‌ تائێستا یاسای بودجه‌مان نییه‌، بریتییه‌ له‌یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، له‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له‌مادده‌ی 27 بڕگه‌ی 5 دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر پارێزگا و هه‌رێمه‌كان نه‌وت ڕاده‌ست نه‌كه‌ن ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشكیان نابێت له‌ داهاتی عێراقدا ئه‌و داهاته‌ش ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌دا بێت چونكه‌ له‌مادده‌ی 14 له‌هه‌مان یاسا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ناكرێت له‌گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت هیچ پاره‌یه‌ك خه‌رج بكرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی تەخسیس بكرێت واته‌ لایه‌نی یاسادان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌دات. ئه‌وه‌ی كه‌ باس ده‌كرێت ته‌نها ده‌نگۆیه‌كه‌ و‌ تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك."

وتوشیەتی"بڕوام وایه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ڕۆژه‌كان به‌سه‌ربه‌رێت بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له‌ ئومێد بدات به‌ چاوه‌ڕوانیه‌كانی هاوڵاتیان ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا تائێستا هیچ جۆره‌ ڕێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ی من ئاگاداربم."

سەبارەت بەوەی كە ئەو دەنگۆیە سەرەتا لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە بڵاوكرایەوە، ئەحمەدی حاجی رەشید وتویەتی"من نازانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و قسه‌یه‌ی كردوه‌ چونكه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك یاسامان هه‌یه‌ له‌ عێراق ئه‌و یاسایانه‌ نه ‌كازمی و نه‌ غه‌یری كازمی ناتوانێت لێیان لابدات، مادده‌ی 27 له‌یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، مادده‌ی 14 له‌هه‌مان یاسا، ‌یاسای بودجه‌ كه‌ له‌ مادده‌ی 61 و بابه‌ته‌كانی ده‌ستوردا هاتوه‌، له‌مادده‌ی 110ی ده‌ستوردا هاتوه‌ ناكرێت خه‌رجی هیچ پاره‌یه‌ك بكرێت به‌بێ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی، چوارچێوه‌ یاساییه‌كه‌ش بودجه‌یه‌، من ده‌مه‌وێت ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌م قسه‌ی عاتفی و سۆزداری نه‌بێت و قسه‌ی یاسایی بێت ئه‌و قسانه‌ بێت كه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گوێیان لێبێت."

بەبڕوای ئەحمەدی حاجی رەشید عێراق هه‌وڵی "ماندوكردن"ی هه‌رێم ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی مانا "ته‌سلیم" ببێت به‌و ئیراده‌یه‌یه‌ی كه‌ له‌ئێستادا حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی و كازمی ده‌یانه‌وێت و پشتگیری هەرێمی كوردستانیشی بۆ كازمی بە بێ هیچ مەرجێك بە "هه‌ڵەیەكی‌ كوشنده"‌ی‌ سەركردە سیاسییەكانی هه‌رێمی كوردستان ناوبردوەو وتوشیەتی"به‌بڕوای من له‌ ئێستادا عێراقیش ده‌ستی ده‌ستی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌باره‌ت به‌چاره‌نوسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت"تائێستا بابه‌تی موچه‌ دیار نییه‌ چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ نییه‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك بكات، هه‌رێمی كوردستان سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌و نا ئیلتزامییه‌ی كه‌ له‌وه‌وپێش هه‌یبوه."

هەروەها وتوشیەتی"بەغداو هەرێم هه‌میشه‌ مه‌بده‌ئیه‌ن ڕێكه‌وتون به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌ ورده‌كارییه‌كه‌دا هه‌یه‌."

بەقسەی ئەحمەدی حاجی رەشید"هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌وت ئاماده‌ نییه‌ نه‌وت ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بۆیه‌ حكومه‌تی عێراقیش ئاماده‌ نییه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بنێرێت ئه‌وه‌ خاڵی جه‌وهه‌رییه.‌ بابه‌تی خاڵه‌ گومرگییه‌كان، ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شه‌ له‌ ده‌ستوردا، هه‌رێم ئاماده‌یه‌ ئه‌و هاوبه‌شه‌ به‌كاربهێنێت به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ خاڵه‌ گومرگیه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كلابۆته‌وه‌ بۆ كۆمپانیا حیزبییه‌كان كه‌ له‌وێ كارده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی تێدایه‌ كه‌ دیوانی چاودێری دارایی بێته‌ ئه‌وێ به‌ڵام دواجار ڕێكنه‌كه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ بۆهه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت چه‌نده‌."

جەختیشی كردۆتەوە كە "‌ئه‌و به‌رپرسانه‌ی هەرێم كه‌ چونه‌ته‌ به‌غدا ئاماده‌ییان ده‌رنه‌بڕیوه‌ كه‌ نه‌وت ڕاده‌ست بكه‌ن به‌ڵكو وتویانه‌ داهاتی نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غداد ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش وه‌زیری نه‌وت زۆر به‌ڕاشكاوی پێی وتون ده‌بێت له‌ هه‌مو عێراقدا ته‌نها یه‌ك سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌بێت و ته‌نها یه‌ك لایه‌ن كۆنتڕۆڵی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بكات."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشبینی بۆ ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا وتی"ناتوانم بڵێم ڕه‌ش بینم به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ من قسه‌م له‌گه‌ڵدا كردون له‌ سیاسیه‌كانی عێراق و هه‌ندێك له‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم، ماوه‌ی نێوانیان دوره‌و سه‌قفی داواكاری هه‌ردولایان به‌رزه‌و قابیلی جێبه‌جێكردن نییه‌، هه‌رێمی كوردستان داوای زیاتر له‌ 600 ملیار دینار ده‌كات و عێراقیش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ زۆر ده‌زانێت له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ستكردنی نه‌وت و خاڵه‌ گومرگیه‌كان."


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×