تەڤگەری ئازادی: ئەندامە دەستگیركراوەكانمان لەهەولێر هێشتا ئازاد نەكراون
  2020-08-07       626       

بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، دوێنێ دو ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون و تا ئێستا ئازادنەكراون. تەڤگەری ئازادی دەڵێت: لەو كارە بێدەنگ نابین.

ئاوێنە: ماڵپەڕی رۆژ نیوز بڵاویكردەوە"کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆی دوێنێ، ئاسایشی هەولێر، هەڵی کوتایە سەر ماڵی چەند ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و دو ئەندامیان بە ناوەکانی سەمیرە حەمەد ئەمین و عەونی حسێن دەستگیرکرد."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئاسایش بە بێ هیچ بەڵگەیەکی فەرمی و بە بیانوی ئەندامیەتیان لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، ئەو دو ئەندامەیان دەستگیر کردوە و تا ئێستا لە ئاسایشی هەولێر ماونەتەوە."

لای خۆیەوە نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وتی: وەک کاری هەمیشەییان دوێنێ دو ئەندامانیان دەستگیرکردوە، مانگێک لەمەو پێشیش ئەندامێکی دیکەمان بە ناوی تەحسین دەستگیرکراوە.

ئەوەشی خستەڕو: بەداخەوە لەم سەروبەندانەدا ئەمە کارێکی قێزەونە کە ئاسایشی پارتی بەرامبەر بە ئێمە دەیکات، چونکە تەڤگەری ئازادی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنە و ئەم شێوازە هەڵسوکەوتە لاوازی پارتی دیموکراتی کوردستان دەردەخات، چونکە ئەگەر وانەبێت هەوڵی دەستگیرکردنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی نادات بە هۆی بیروباوەڕی جیاوازییانەوە.

نەریمان ئەوەشی وت: ئەگەر هەڵەیەک لە ئەندامانی ئێمەوە بێت ئەوا بۆخۆمان ڕادەستی یاسایان دەکەین، ئاسایش بە بەردەوامی ئێمەیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئاگادار کردوەتەوە کە دەستگیرکردنی ئەندامانمان تەنها لە بەر ئەندامبونیانە لە تەڤگەری ئازادی، هۆیەکی دیکەشی ڕەنگە بە هۆی زیادبونی جموجوڵەکانمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بێت.

هەروەها ڕەخنەشی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان گرت و وتی: بە داخەوە کۆمەڵێک هێز و لایەنی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن لە باشوری کوردستان هەن کە هیچ دەنگێکان لێوە دەرنایە و هەڵوێستیان نییە بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ئێمە و ئەندامانمان، ئەگەرچی ئێمە هەمیشە لە سەر نادادپەروەرییەکانی سەر لایەنەکان هەڵوێستمان هەبوە.

لە کۆتاییشدا وتی: ئەو هێز و لایەنانە دڵنیا دەکەینەوە کە فشارێکی گەورەیان لە عێراقەوە بۆ دروست دەکەین بە مەبەستی ئازادکردنی ئەندامەکانمان و لەو بارەیەشەوە چالاکی جۆربەجۆری خۆمان بە خۆپیشاندان یان سەردان کردنی ڕێکخراوەکان بێت، ئەنجام دەدەین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×