کێبڕکێکردن لەلەتکردنی زۆرترین تەماتەدا
  2020-08-07       419       
کرێکارانی کێڵگەکانی وەرزی کە کار لەوشککردنەوەی تەماتەدا دەکەن کە لەزۆر وڵاتدا سفرەو خوان دەڕازێنێتەوە، لەژێر گەرمای پڕوکێنەردا لەگەڵ کات پێشبڕکێ دەکەن هەروەها لەگەڵ یەکتریدا.

ئاوێنه، ئه‌نادۆڵ‌: کێڵگەکانی شارۆچکەی تۆرباڵی سنووری پارێزگای ئیزمیر کە رابەری هەناردەکردنی تەماتەی وشککراوە لەتورکیا، سور هەڵگەڕاون. بەشێکی زۆری کرێکاران کە سەرقاڵی ئەو کارەن لەشارۆچکەی سیڤەرەک سەربەپارێزگای ئورفاوە رویان لەو گێڵگانە کردووە بۆ کارکردن.

کرێکارانی کێڵگەی وەرزی کە لەمانگی نیسانەوە زێدی خۆیان جێدەهێڵن، تا تەواوبونی وەرزەکە لەشارە جیاوازەکان سەرقاڵی کارکردنن.

ئەو خانەوادانە لەناو ئەو چادرانەدا ژیان بەسەر دەبەن کە خۆیان دروستیان کردون‌و لەدوری سەدان کیلەمەتر لەخانووەکانیان لەغەریبیدا کار دەکەن بۆ دەستخستنی بژێوی ژیانیان.

تەماتە کە لەمانگی تەمووزدا، دەست بەرنینەوەی دەکرێت، بەمەبەستی وشککردنەوەی بەتراکتۆرو بارهەڵگر دەبرێن بۆ شوێنی دیاریکراو.

کرێکاران لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆر لە چادرەکانیان دێنە دەرەوە و دەست بە کاردەکەن.

کرێکارەکان یەک بە یەک تەماتەکان لە ناوەڕاستدا دەکەن بە دوو بەشەوە، پاشان بۆ وشککردنەوە لە بەرهەتاو دایاندەنێن. پاشان بۆ نانی نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ چادرەکانیان و دوای پشوویەکی کەم دووبارە دەست بەکار دەکەنەوە.

کرێکاران کە چەندین کاتژمێر لەژێر گەرمای پڕوکێنەردا کاردەکەن، هەریەکێکیان بەپێی خێرایی دەست لە رۆژێکدا تێکڕا ١٠٠ بۆ ١٥٠ پلاسکۆ تەماتە لەت دەکەن و بەگوێرەی پلاسکۆ پارە وەردەگرن لەبەرئەوە لەگەڵ کاتدا کێبڕکێ دەکەن بۆ لەتکردنی تەماتە.

ئەو کەسەی لە رۆژێکدا تێکڕا ١٥٠ پلاسکۆ تەماتە لەت بکات ئەوا ٣٧ هەزار و ٥٠٠ تەماتەی لەت کردووە.

ئافرەتان کە شان بەشانی پیاوان سەرقاڵی لەتکردنی تەماتەن، هاوکات کارەکانی وەک ئامادەکردنی خواردن، پاککردنەوەو منداڵ بەخێوکردن ئەنجام دەدەن، منداڵانی بچووکیش بەیاریکردنەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن.

کرێکاران کە ژیانیان لەکێڵگەو چادرەکاندا بەسەر دەبەن لەمانگی ئەیلوولدا روو دەکەنە چوکورئۆڤا بۆ کۆکردنەوەی پەموو.

هوسنا ئیلیک تەمەن ٥٧ ساڵ سەرەڕای ئەوەی تەمەنی کردووە، بەڵام لەگەڵ منداڵ و نەوەکانیدا کار دەکات لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە منداڵییەوە لەم کارەدایە.

هوسنا ئیلیک باسی لەوە کرد کە لە کۆی هەشت منداڵی تەنها سیانیان توانیویانە بخوێنن و وتی‌، '' تەمەنم لە چادردا بەسەر برد. لە کۆکردنەوەی پەموو، چەوەندەر، پیاز، بوندوق و هەموو ئیشێکی تردا کارم کردووە، بەڵام ئیدی تەمەنم کردووە و هیلاک بووم. زۆر نەخۆشی درێژخایەنم هەیە کارەکەمان سەختە، بەڵام لە پێناو بژێوی ژیان دەیکەین. ماوەیەک پێش تەواوبوونی کار دەچمەوە بۆ چادرەکە و خوان ئامادە دەکەم، کاری تەماتە لە تەواوبووندایە، ئەگەر تەمەن باقی بێت ساڵی داهاتووش دێینەوە''.

ئیبراهیم ئیلیک تەمەن ٤٢ ساڵ کە لە هەمان کاتدا بە ''خاڵە گەورە'' ناودەبرێت و خاوەنی حەوت منداڵە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای تەمووزەوە لە قەزای سیڤەرەک-ەوە دەرچوون.

ئیبراهیم ئیلیک باسی لەوە کرد کە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، هاتوون بۆ تۆربالی بۆ کاری تەماتە لەت کردن وده‌ڵێت، ''هەموو رۆژێک کاتژمێر شەش دەستبەکار دەکەین. دوای ماوەیەک لە کارکردن پشوو وەردەگرین بۆ چا خواردنەوە. دواتر تا کاتی نوێژی نیوەڕۆ کاردەکەین. دوای نزیکەی دوو کاتژمێر پشوودان بۆ نانی نیوەڕۆ ئینجا تا بانگی ئێوارە کاردەکەین. کرێکارەکان بەگوێرەی پلاسکۆ پارە وەردەرن، هەیە رۆژانە ٧٠ پلاسکۆ تەماتە لەت دەکات هەشە ١٥٠. لەم کارەدا خێرایی و وریایی گرنگە. لەم نێوەندەدا هەندێک خوێ دەکەن بە تەماتەکاندا، بەپێی پلەکانی گەرما تەماتە لە شەش رۆژدا وشک دەبێت. ئەوانە کۆدەکەینەوە و رەوانەی کۆگایان دەکەین".

زەهرا ئیلیک کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەییە، باس لەوە دەکات لە دوای تەواوبوونی قوتابخانە هاتوون بۆ ئیزمیر و وتی، ''رۆژانە ١٢٠ پلاسکۆ تەماتە لەت دەکەم. لەم کارەدا خێرایی و وریایی زۆر گرنگە. دەستکێش بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی دەستمان نەبڕین''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×