فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لەدژی داعش دەستپێکرد
  2020-08-08       317       

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێك بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستیپێکرد.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دوای پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیاری هەواڵگرییانەی كە لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە سەبارەت بە بوونی ئەشكەوت و حەشارگەی داعش لە ناوچەكانی دۆڵەی سەرسار باكووری رۆژئاوای سەڵاحەددین پێشكەشكرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان لە ناوچەكە دەستپێكردووە.

هاوکات لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەددین، هێزەكانی سوات، پۆلیسی سەڵاحەددین و حەشدی شەعبی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دەكەن.

ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، پشتیوانی لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دابینكراوە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكە باس لەوەكراوە كە بەر لەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، ژمارەیەك پیگەی داعش لە ناوچەكە لە لایەن فڕۆكەكانی جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆردومانكراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×