گەماڕۆی فرۆشتنی چەك بە ئێران درێژ ناكرێتەوە
  2020-08-08       543       

لە چەند رۆژی داهاتوودا  ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە مەبەستی درێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە گەمارۆی چەکی سەر ئێران كۆدەبێتەوە، هەندێك لە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن چی دیکە ئەو گەمارۆیە درێژ نەكرێتەوە. 

ئاوێنه‌:  مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پڕۆژە بڕیارەکەی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکە پێشکەش دەکات، سەرەڕای ئەوەی چین و رووسیا دژایەتی ئەو هەوڵە دەکەن، بەڵام دیپلۆماتان ئاماژە بەوە دەکەن، دژایەتیکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا لەناو ئەنجوومەنەکە هێندە بەرزە کە تەنانەت لەوە ناچێت متمانەی 9 دەنگی ئەندام بەدەستبهێنێت و ئەگەر بەو جۆرەش بێت، پێویست ناکات رووسیا یان چین پەنا بۆ ڤیتۆکردنی ببەن. 

دیپلۆماتەکان دەڵێن، ئەمریکا بە زمانێكی تووند داوای درێژکردنەوەی گەمارۆکە دەکات، بەڵام وادیارە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ئەو درێژکردنەوەیەدا نین. 

دیپلۆماتان لەو بارەوە دەڵێن، دەبێت ئامانجی سەرەکی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاراستنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بێت و ئاماژە بەوەشدەکەن، دەکرێت جێبەجێکردنی خواستی ئیدارەی ترەمپ ببێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنە، هەربۆیە زۆر وڵات لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەو گەمارۆیەدا نین. 

 رۆژی 18ی ئۆکتۆبەری داهاتوو، ماوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ فرۆشتنی چەک بە ئێران کۆتاییدێت، کۆتاییهێنان بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی نێوان تاران و 6 وڵاتە زلهێزەکەی جیهاندایە. 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×