گۆڕان: ناكرێت بێدەنگ بین لە قاچاخی و قۆرخكاری سنورەكان
  2020-08-08       615       

عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت"ناکرێ بێدەنگ بین لە قاچاخی و قۆرخکاری سنورەکان ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە."

ئاوێنە: دوێنێ هەینی، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە بانگەوازێكدا بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم رایگەیاندبو: لەنێو شاری سلێمانی بەئاشكرا نوسینگەی قاچاخچێتی هەن كە چیت بوێت لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵ دەكەن و هەروەها بڕیار بەدەستی خاڵی سنوریی وەلید و خاپور لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان، تەنیا كۆمپانیایەكەو لە سحێلاوە دو سەر ئاژەڵ بە 35 هەزار دینار داخڵدەكەن و زیانیان بەسەدان مەڕدار گەیاندوە. داواشی لە سەرۆكایەتی حكومەت كردبو"ئەم قاچاخچێتی و تاڵانی و مافیاگەراییە رابگرن."

عەدنان عوسمان، كە هاوكات سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەمڕۆ شەممە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك رایگەیاندوە"‏ئەمە زەنگێکی مەترسیداری گەورەیە. ئەمە سەرەتایەکە بۆ فەرهودێکی رێکخراوانەو ئاشکرایانەی داهاتی نیشتمان و برابەشکردنی لە نێوان دەسەڵاتداراندا."

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان وتوشیەتی"بەردەوامی ئەمەو چارەسەرنەکردنی، ئاماژەیە بۆ نەبونی ئیرادەو بونی پاڵپشتی و پشتگیریش، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناکرێ بێدەنگ بین. ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×