بەهۆی نەبوونی کارەبا خۆپیشاندان لە پارێزگای زیقار بەرێوەچوو
  2020-08-09       407       
بەمەبەستی ناڕەزاییەتی دەربڕین لە هەمبەر خراپبوونی رەوشی كارەبا، هاووڵاتییانی دانیشتوی قەزای ئیسلاح رۆژهەڵاتی پارێزگای زیقار باشووری عێراق خۆپیشاندانیان ساز كرد.

ئاوێنە: میدیاكانی خۆجێی بڵاویان كردەوە كە دەیان هاووڵاتیی لە قەزای ئیسلاح رۆژهەڵاتی زیقار خۆپیشاندانیان سازكردووە كە لە میانیدا بۆ ناڕەزاییەتی دەربڕین لە هەمبەر خراپبوونی رەوشی كارەبا، ژمارەیەك رێگەی سەرەكییان داخستووە لەوانە رێگەی زیقار- میسان.

بەپێی میدیاكان لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، خۆپیشاندەران داوایان لە حكوومەتی خۆجێی كردووە كە گرفتی كەمی كارەبا لە سایەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا چارەسەر بكات، هەروەها داواشیان كردووە كە قایمقامی قەزای ئیسلاح لە پۆستەکەی لابدرێت.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی دانوستان و واژووكردنی گرێبەستی بە بەهای زیاتر لە یەك ملیار یورۆ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وزەی كارەبا لە وڵاتدا، بە وەزیری دارایی دابوو.

بەپێی وەزارەتی كارەبای عێراق، بەرهەمهێنانی كارەبا، دەگاتە 13 هەزار و 500 میگاوات و پلانیش داندراوە كە لە میانی ئەمساڵدا، لەڕێگەی وەگەرخستنی ژمارەیەك وێستگەی نوێ، سێ هەزار و 500 میگاواتی دیكە زیاد بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×