ماوەی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ تاپۆكردنی زەوی ئەو گوندانەی دەكەونە ناو سنوری ماستەرپلانی سلێمانی دیاریكرا
  2020-08-09       1058       

ئەمڕۆ یەكشەممە پارێزگاری سلێمانی لەكۆبونەوەیەكدا بە ئامادەبونی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، ماوەی پێشكەشكردنی فۆرمی تایبەت بە تاپۆكردنی ئەو گوندانەی دەكەونە ناو سنوری ماستەرپلانی سلێمانی دیاریكرا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبونی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە تاپۆکردنی ئەو گوندانەی دەکەونە ناو ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا ڕێکارو ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٢)ی تایبەت بەم بابەتە دانران و لەڕۆژی ٢٠٢٠/٨/١٥وە تا ڕۆژی ٢٠٢٠/١٢/٣١ دیاریکرا بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتیەک بەپێی یاساکە مافی هەیە فۆڕمی تایبەت پێشکەش بە لیژنە لاوەکیەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بکات و وابڕیارە لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەمو ئەو زەوی و موڵکانەی لە یاساکەدا دیاریکراون بەپێی ڕێکارە یاسایی و هونەری و ئەندازەییەکان تاپۆ بکرێن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر هاوڵاتیەک تا ڕۆژی ٢٠٢٠/١٢/٣١ داواکاری پێشکەش نەکات موڵکەکەی بەپێی یاسا دەبێتە موڵکی شارەوانی و مافی کەسیی بەسەریەوە نامێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×