هەشت خاڵ سەبارەت بەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا
  2020-08-10       727       

کاروخ خۆشناو



بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٠/١١/٣) واتە (دوای ٨٥ ڕۆژی تر) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجام بدرێت: 

١- ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئەمریکا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەخت چەقی داڕشتنی بڕیارە چارەنوسسازەکانی جیهانە.

٢- لە مێژووی ئەمریکادا هیچ کات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوا نەخراوە، لە کاتی شەڕی ناوخۆ و شەڕی دەرەکیشدا هەموو چوار ساڵ جارێک (بە گوێرەی مادەی دووی دەستوری ئەمریکا) هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، (ئەگەرچی نزیکەی ۱۰ ڕۆژ لەمەوبەر تڕەمپ داوای دواخستنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام هەر زوو داواکەی لەلایەن کۆماری و دیموکراتەکانەوە ڕەتکرایەوە)

٣- هەڵبژاردنی ئەمجارە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا، ئەمریکا ڕۆژانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە ڕێژەی توشبووان و ڕێژەی مردووان.

٤- هەردوو ڕکابەری سەرەکی (دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆماریەکان و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان) بە شێوەیەکی قوڵ ڕای گشتی و شەقامی ئەمریکایان دابەشکردووە.

٥- هەریەکێک لە وڵاتانی (چین و ڕوسیا و ئیران) بە شێوازی ئاشکرا و نهێنی هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکەن (وەک لە بەیاننامەی دوێنێی ویلیام ئیڤانینا بەڕێوەبەری ناوەندی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرەنگاربونەوەی سیخوڕی ئەمریکیدا ئاماژەی پێکراوە)

٦- بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان سنوردارکراون و کۆنفڕانسی هەردوو حیزب مانگێک دواکەوتووە (لەمانگی تەموزەوە بۆ مانگی ئاب) هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆری دەنگدانی هاوڵاتیان لە ڕێگای پۆستەوە بێت.

٧- بە شێوەیەکی گشتی پارتی کۆماری پارێزگار و (کۆنزەرڤاتیڤن) لەگەڵ بچوکردنەوەی رۆڵی حکومەت و فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی باج و نەهێشتنی لەباربردن...هتد، بە پێچەوانەوە پارتی دیموکرات کراوەتر و لیبڕاڵترن لەگەڵ فراوانکردنی ڕۆڵی حکومەت و سنوردارکردنی کەرتی تایبەت و  پشتگیری مافی پەناپەران و ئازادی کەسی و مافی لەباربردن...هتد

٨- میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا تایبەت و جیاوازە لە هەموو وڵاتانی دونیا، خەڵک دەنگ دەدەن بە دەستەیەک کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) ژمارەی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێس و سێنات (ئەنجومەنی نوێنەران و پیران) و سێ ئەندام وەک نوێنەری واشنتنی پایتەخت، واتە ژمارەی  دەستەکە [٥٣٨] ئەندامن (٤٣٥+١٠٠+٣=٥٣٨)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (٢٧٠) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بهێنێت دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×