سەرۆك وەزیرانی لوبنان بەڕەسمی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی راگەیاند
  2020-08-10       388       

حەسان دیاب، سەرۆك وەزیرانی لوبنان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بەڕەسمی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی راگەیاندو جەختیكردەوە كە تۆڕەی گەندەڵی لە لوبنان گەورەترە لە دەوڵەت و تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت-یشی بە یەكێك لە نمونەكانی گەندەڵی ناوبرد.

ئاوێنە: حەسان دیاب، ئێوارەی ئەمڕۆ لە وتەیەكدا بۆ لوبنانییەكان، دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی راگەیاندو وتی"تۆڕی گەندەڵی گەورەترە لە دەوڵەت و ئێمە ناتوانین لێی دەرباز بین، یەكێك لە نمونەكانی گەندەڵیش تەقینەوەكەی بەیروت بو."

ئاماژەی بەوەشدا كە ئێمە هێشتا لە كارەساتی تەقینەوەكەدا دەژین كە بەهۆی ئەو گەندەڵییە درێژخانەیەوە رویدا كە لە بەڕێوەبەردندا هەیەو هێمای بۆ ئەوەش كرد كە قەبارەی كارەساتەكە گەورەترە لەوەی وەسف بكرێت.

حەسان دیاب وتی"داوای گۆڕانكاری لە لوبنانییەكان دەكەین، بەڵام لەنێوان ئێمەو گۆڕانكاریدا دیوارێكی زۆر ئەستور هەیەو لەلایەن چینێكی دەسەڵاتدارەوە بەهەمو شێوازێكی پیس دەپارێزرێت لەپێناو مانەوەی ئەو دیوارەو كۆنترۆڵكردنی دەوڵەتدا."

دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی لوبنانی دوای دەستلەكاركێشانەوەی چەند وەزیرێكی حكومەتەكە هات لەژێر گوشاری خۆپیشاندەرانداو لەسایەی تەقینەوەكەی رۆژی سێشەممەی رابردوی بەندەری بەیروتدا كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان كەس و برینداربونی هەزارانی دیكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×