بەرپرسێكی تەندروستی رەخنەی توند لە تێچوی چارەسەری توشبوانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەكان دەگرێت
  2020-08-10       934       

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ توشبوانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە "هەڵكردنی ئاڵای سپی" وەزارەتەكە بۆ كەرتی تایبەت و ناودەبات و دەشڵێت: ئەوپەڕی "فەشەلی" ئیدارەدانی كەرتی گشتییە لە دابینكردن یان كۆنتڕۆڵكردنی تەشەنەسندنی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا وتی"ئەو جۆرە بازرگانیكردنە بە نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەت هەڵكردنی ئاڵای سپی وەزارەتی تەندروستیە بۆ كەرتی تایبەت و ئەوپەڕی فەشەلی ئیدارەدانی كەرتی گشتییە لە دابینكردن یان كۆنتڕۆڵكردنی باری تەندروستی و تەشەنەسندنی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و بە تایبەتیش لە زۆنی زەرد كە هیچ خزمەتێك بە فراوانكردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە كۆرۆنا ناكا جگە لە جیاكاری چینایەتی هاوڵاتیان و كەوتنەژێر پێی خەڵكی نەدار".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکە ئاراستەیەكی خراپە بۆ ساردكردنەوەی كارمەندانی كەرتی گشتی بەو پێیەی ئەوان بێ موچە خزمەت دەكەن و لەولاوە كارمەندانی كەرتی تایبەت بە "پاككراوی لێی ئەخۆن".

ئەوەش هاتوە، "ئەم جۆرە لە داهێنان بەس لە قەدو باڵای ئەم جۆرە لە ئیدارەیە ئەوەشێتەوە كە نەتوانێت سادەترین خزمەتگوزاری بۆ كۆی هاوڵاتیانی دابین بكات، من تا ئێرە ڕوسورم كە ئەوەی لە توانام دابوبێت لەگەڵ هاوكارەكانمان كردومانە بەبێ بەرامبەر و شانازی بە سەرجەم ستافی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و دەوروبەری دەكەم كە لە كارگوزارێكەوە تا بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی ڕابردو ئێستاشدا بەردەوامن لە دابینكردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بۆ توشبوانی كۆرۆنا لە سەنتەرەكانمان".

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری داوەو وتویەتی"لێرە بەدواوە ئۆباڵی بەلاڕێدابردنی ئەو خزمەتە لە ئەستۆی ئێمەدا نیە".

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخەکانی خزمەتگوزاری چارەسەری نەخۆشخانی کۆرۆنای لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان راگەیاند و بە گوێرەی بڕیارەکە ئەوانەی لەژێر چاودێری چڕی هەناسەدان بە ئامێری Ventilator دا دەبن، بۆ هەر شەوێک بڕی ملیۆنێک 500 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×