“هه‌رێم ئاماده‌یی ته‌واوی تێدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد”
  2020-08-11       531       
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداد له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ حه‌مید غه‌زی، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی ته‌واوی تێدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد.
 
ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداد، فارس عیسا سه‌ردانی حەمید غه‌زی كردوه‌ و له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی په‌تای كۆرۆنا و بارودۆخی ئابوری عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی ئیتیحادی و هه‌رێم كردوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد رایگه‌یاندوه‌، “نابێت موچه‌و قوتی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌ و ململانێ سیاسیه‌كان بكرێت و ده‌بێت حكومه‌تی ئیتیحادی ئه‌م بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكات”.

له‌باره‌ی ئاماده‌یی هه‌رێمیش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد، فارس عیسا ئاشكرایكردوه‌، حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی ته‌واوی تێدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌پێی ده‌ستور.

بڕیاره‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غداد بكات، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیشدا به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاندبو، شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غداد بۆ واژۆكردنی رێكه‌وتنێكی كاتی، ساڵی داهاتوش رێكه‌وتنی نوێ ده‌كرێت.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×