عەدنان عوسمان: نابینە پاسەوانی یاسا شکێنی و ئه‌و قاچاخچێتیەی کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوە
  2020-08-11       727       
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: پێوستە دەست بەجێ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەو هەردوو حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەم یاسا شکێنی و قاچاخچێتیە کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوەو بوەتە هۆی بەهەدەردانی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی هەرێم.

ئاوێنه‌: عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت دەڵێت: بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها لە پێناو چاکسازی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی بووە، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەک نابینە پاسەوانی ئەم بەد ڕەفتاری و کارە نایاساییانە، بەڵکو بەھەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی دەبینەوەو بێدەنگ و بێھەڵوێست نابین.

راگەیەندراوی رۆژنامەوانی:

ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام لەبری ھەنگاونانی خێرا بۆ چاکسازی و چارەسەری کێشەی موچە، کەچی قەبارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زیادی کردوە.

بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها لە پێناو چاکسازی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی بووە، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەک نابینە پاسەوانی ئەم بەد ڕەفتاری و کارە نایاساییانە، بەڵکو بەھەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی دەبینەوەو بێدەنگ و بێھەڵوێست نابین.

ئێستا سەرباری گەندەڵی و قۆرخکاری کۆمپانیاکانی نزیک لە حیزب، کەچی بەشێک لە بەرپرسان بەھاوکاری دامەزراوە ئەمنیەکان، سەرقاڵی قاچاخچێتی مەترسیدارن و بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخیان داناوەو ھەموو کاڵایەکی قەدەغەکراو بەبێ ھیچ پشکنینێک دەھێننە کوردستانەوە، کە ئەمەش جگە لە یاسا شکێنی و گەندەڵی، مەترسیشە لەسەر تەندروستی ھاوڵاتیان.

گۆڕان پێداگیری دەکات لە سەر چاکسازی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوری و باج و سیستەمی موچە، هەروەها پێویستە دەست بەجێ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەو هەردوو حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەم یاسا شکێنی و قاچاخچێتیە کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوەو بوەتە هۆی بەهەدەردانی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی هەرێم.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان

11-8-2020
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×