عێراق داوای کڕینی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا ئاراستەی رووسیا دەکات
  2020-08-12       399       
نەهرۆ محەمەد، ئەندامی شانەی قەیرانەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “عێراق لەنێو ئەو ٢٠ وڵاتەدایە كە بۆ کڕینی ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، داوایەكی پێشكەش بە رووسیا كردووە”.
 
ئاوێنه‌: نەهرۆ محەمەد لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی “ئەلسەباح”ی نیچمە فەرمی ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق پێشتر داوای بۆ کڕینی ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پێشكەشكردووە و وتی، “بەرپرسانی رووسیا جەختیانكردووەتەوە كە ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەم زووانە دەگاتە عێراق”.

وتیشی، “هەر كاتێك ڤاكسینەكەی رووسیا دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بگاتە عێراق، سەرەتا بۆ ئەو تووشبووانە بەكار دەهێندرێت كە رەوشیان خراپ و ناجێگیرە و دواتر بەپێی پێویست بۆ تووشبووانی دیكە بەكار دەهێندرێت”.

بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا ١٥٦ هەزار و ٩٩٥ كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و ٥٣١ كەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٢ هەزار و ١٠٢ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.

دوێنێ‌ سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاندبوو كە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەكەی یەكەم ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە جیھاندا تۆمار كردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×