یەكگرتو راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی هەرێم بڵاوکردەوە
  2020-08-12       706       
یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، پشتگوێ خستنی چاكسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و خۆخەریككردن و خەڵك خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەكییەوە “یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە” كە هەردوكیان دەخوازێ حزبەكانی دەسەڵات لەسەری بوەستن.

ئاوێنه‌: ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتو كۆبونەوەی خۆی بە رێگای ئۆنلاین ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێکیشدا رایگەیاند، “دۆخی بژێوی فەرمانبەران و كەمی و دواكەوتنی موچە و قوفڵ بونی جوڵەی بازاڕ و بێباكی و بێ بەرنامەیی حكومەت لە ئاستێكدایە كە تەقینەوەی رق و خەم و بێ چارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم و ناكرێت دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەربن”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پشتگوێ خستنی چاكسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و خۆخەریككردن و خەڵك خافڵاندن بە هەندێک شتی لاوەكی یەوە یان “نیشانەی نەبونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە” كە هەردوكیان دەخوازێت حزبەكانی دەسەڵات لەسەری بوەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن.

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان باسی لەوەشکردوە، “دەستی دەستی كردن بە یەكتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێكی ئەخڵاقی و نیشتمانی نیە و ئەبێ ئەحكامی لە ناكاو و ئیسعافی پەیرەو بكرێ و هەل و مەرجەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ”.

ئەوەش خراوەتەڕو، “ئێمە لە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان كە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەكریزیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی گەلەكەمانداین و لەگەڵ خواستی رەوای هاوڵاتیان داین، ئەمڕۆ هەست بە مەترسی پەرچەكرداری تەقینەوەیەكی حساب بۆ نەكراو ئەكەین لەم بێ متمانەیی و بێ وەزعیەی كۆمەڵگە و برسیكردن و فشار و ستەمەی لە هاوڵاتی ئەكرێ و لەم بێ منەتی و بێ باكی و ناكاراییەی دەسەڵاتدا”.

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتو رونیشیکردەوە، پێویستە بە بڕیاری مەحكەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات روبەڕوی دۆخەكە ببنەوە تا كار لەكار نەترازاوە و كەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەتەكەمان بە هەمو سەرنشینەكانیەوە نغرۆ نەبوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×