وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم دەداتەوە
  2020-08-12       804       

وەزارەتی دارایی عێراق سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بە راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكا پەلەبكات لە بەجێهێنانی ئیلتیزمات و ئەركە دەستورییەكانی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی خستەڕو كە تێیدا هاتبو: هەمو مەرجەكانی بەغدایان لەچوارچێوەی دەستور قبوڵكردون بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەڵام زیاتر لە سێ مانگە بەغدا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، ئەمەش وای کردوە حکومەتی ھەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بکات.

لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمدا ئەوەش هاتبو"ئەنجومەنی وەزیران"بە توندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور چارەسەر بکات و ڕێز لە  ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و پابەندبونە دەستورییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات."

لەبەرامبەر ئەوەدا، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئەنجامی دانوستانەكانی پەیوەست بە شایستە داراییەكان و رێكخستنەوەی داهاتە فیدراڵییەكان و دەروازە سنورییەكان لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا، جێی سەرسوڕمانمان بو.

ئەوەشی خستۆتەڕو: گفتوگۆكانی نێوانمان قۆناغی باشیان بڕیوە، حكومەتی فیدراڵ لە هەر سەرەتاوە بەپەرۆشەوە بۆ مافی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەستی بە گفتوگۆكان كردوە بە ئامانجی گەرەنتیكردنی موچەكانیان، بەتایبەت دوای ئەوەی رونبوەوە كە ئەو شایستە داراییانەی دەنێردرێن بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناگەنە هەمو ئەوانەی شایستەن و هەروەها حكومەتی فیدراڵ دەیان هەزار داواكاری ئیمزاكراوی فەرمانبەرانی هەرێمی بەدەست گەیشتوە كە داوا دەكەن موچەكانیان لەڕێگەی بانكەكانەوە بۆ ببەسترێت.

وەزارەتی دارایی عێراق وتوشیەتی: راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم، بەپێی پێویست ورد نییە لە دیاریكردنی بنچینەی كێشەكەدا بەتایبەت لەگەڵ ئەو نەرمییە زۆرەی كە حكومەتی فیدراڵ نیشانی داوە بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە لە خزمەت گەلی كوردستانی عێراقدا بێت و لە چوارچێوەی مافە دەستورییەكانیشدا حكومەتی فیدراڵ بنەمای شەراكەتی بۆ گەرەنتی چاودێری خاڵە سنورییەكانی هەرێم پێشنیار كردوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە، نەرمی نەنواندنی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە و دواتر هەوڵی سەرزەنشتكردنی حكومەتی فیدراڵ لەسەر شایستە داراییەكان بەر لە یەكلاكردنەوەی ئەو رەهەندانەی پەیوەستن بە داهاتەكانەوە، هەڵهاتنێكی قبوڵنەكراوە لە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر پەرۆشی حكومەتی فیدراڵدا بۆ زامنكردنی داخوازی فەرمانبەران و موچەخۆران لەچوارچێوەی یاساداو بەشێوەیەك كە روبەڕوی بڕین و بەهەدەردان نەبێتەوە.  

ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە بنەمای گفتوگۆكان لەچوارچێوەی ئەو نوسراوەدا هاتوە كە رۆژی 19ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوە كە بەپێی نوسراوەكە فەرمانی خەرجكردنی 400 ملیار دینار بۆ مانگی نیسان بۆ هەرێم دراوە تا هەردولا پێكەوە بچنە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كۆتایی كێشەكانی نێوانیان لەماوەی یەك مانگدا بە پشتبەستن بە یاسای كارگێڕی دارایی فیدراڵ، كە ئەوەش هەژماركردنی داهاتی نانەوتی هەرێم و وردبینیكردنی لەخۆدەگرێت بەر لە ناردنی هەر بڕە پارەیەكی دیكە لەلایەن بەغداوە.

وتوشیەتی" حكومەتی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر ناوەڕۆكی ئەو نوسراوە ئەوەش لە نوسراوێكی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمدا كە لە هەمان رۆژ دەرچوە."

وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوە كردۆتەوە كە حكومەتی فیدراڵ پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەو پرسەدا لەچوارچێوەیەكی دۆستانەو دەستوریداو هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، فەرمانیداوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان و نواندنی نەرمی تەواو بەمەبەستی گەرەنتیكردنی مافی گەلی كورد.

هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە پەلەبكات لە بەجێهێنانی ئیلتیزمات و ئەركە دەستورییەكانی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×