دادگای لێکۆڵینەوە قەدەغەی گەشتکردنی خستەسەر وەزیری کارەبا
  2020-08-13       424       

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ قەدەغەی گەشتکردنی خستەسەر لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق و بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتەکە.
 
ئاوێنه‌: بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە بە واژۆی دادوەری یەکەم لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەت بە نەزاهە، زیا جەعفەر دەرچووە و ئاراستەی دەزگای هەواڵگریی کراوە، تیایدا بڕیاردراوە بە قەدەغەی گەشتکردنی لوئەی خەتیب و بەرپرسێکی دیکە لە وەزارەتی کارەبا بۆ دەرەوەی وڵات.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا، بڕیاردراوە قەدەغەی گەشکردن بۆ دەرەوەی وڵات بخرێتەسەر هەریەک لە گومانلێکراون، وەزیری پێشووی کارەبا، لوئەی خەتیب و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی کارەبا، فەلاح دلێمی.

لە بەڵگەنامەکەدا هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو داوایەی کە لە دژی خەتیب و دلێمی تۆمارکراوە، نەخراوەتەڕوو.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، لوئەی خەتیب رایگەیاند، هێزێکی چەکداری سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بەفەرمانی کازمی دەستیانگرتووەتە بەسەر خانووەکەیدا.

رۆژی ١٣ی تەمووزی رابردوو، لوئەی خەتیب رەخنەی لە لێدوانێکی مستەفا کازمی گرتبوو لەوەی رایگەیاندبوو کە حکوومەتی پێشوو (بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی) هیچ پرۆژەیەکی تایبەتی لەبارەی چاککردنەوەی کارەبا ئەنجام نەداوە.

لوئەی خەتیب رایگەیاندبوو، وەزارەتی ئێستای کارەبا هەمان وەزارەتەکەی پێشووە و تەنها وەزیرەکەی گۆڕاوە، وەک ئاماژەیەک بۆ خودی خۆی.

خەتیب ئاماژەی بەوەشکردبوو کە وەزیری ئێستای کارەبا، ماجید حەنتوش پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەری بووە کە پەیوەندارە بە داڕشتنی بەرنامەی چاککردنەوە.

وەزیری پێشووی کارەبای رووی قسەکانی ئاراستەی کازمی کردبوو و رایگەیاندبوو “تیمێکی بەدواداچوونی وەزاری تایبەتمەندمان پێکهێنا، لە رۆژی رادەستکردنی پۆستەکەمان تیمەکەتان هەڵوەشاندەوە، وێڕای ئەوەی حکوومەتی پێشوو تەنها یەک ساڵ کاری کرد”.

مانگی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەستپێکردنی بە لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستانەی کە وەزارەتی کارەبا لە میانی ١٤ ساڵی رابردوودا واژۆی کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×