ڕێبوار كەریم: تاكە چارەسەر گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانە بۆ سەر بەغدا
  2020-08-13       414       
نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عیرق ڕایدەگەیەنێت كە بەغدا پێیوایە گواستنەوەی مووچە بۆ سەر حکومەتی عیراق بە یەکێک لە چارەسەرەکان.

ئاوێنه‌: ڕێبوار كەریم لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: ئەگەرچی تا دوێنێ شەو حکومەتی هەرێم ڕازی بو نیوەی گومرکەکانی هەرێم بداتە بەغداو ڕێگە بدا چەند فەرمانبەرێکی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەکان بێنە نێو گومرکەکانەوە بەپێی ماددەی (۱۱٤)ی دەستور. لەبەرامبەردا بەغدا بڕی (۳۲٠) ملیار دیناری دەدایە هەرێم، بەڵام ڕۆژی چوار شەممە، حکومەتی هەرێم لەو رێگەپێدانەی بە نوێنەرانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەکان پەشیمان بویەوە.

ڕوونیشیكردەوە كە بەغدا بە هۆی ئەو پاشگەزبوونەوەیەی هەرێمەوە “بڕیاری دا پارە نەنێرێت”.

پەرلەمانتارەكە لەو بڕوایەدایە كە “ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە سەری بگرتایە بە ئاسانی مووچە هەمو مانگێک بەبێ لێبڕین دەدرا. بەڵام پەشیمانبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم لە ڕێگرییەکانی بەغدا لە قاچاخچێتی گومرکەکان ڕیسەکەی کردەوە بە خوری”.

ڕێبوار كەریم ڕاشیگەیاند “چاوەڕێی ڕێکەوتن مەبن، تەنها گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر بەغدا چارەسەرە، ئەوەش لە بەیاننامەکەی ئەمشەوی وەزارەتی دارایی عیراقدا هاتووە کە تیایدا دەڵێت دەیان هەزار ئیمزامان بۆ هاتووە بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێدانی لەڕێی ئەژماری بانکییەوە لەبەغداوە”.

هەروەها دەڵێت: “ئیتر بەسە دەبێ کێشەی مووچە بەشێوەیەکی یەکجارەکی چارەسەر بکرێت” و داواش لە مووچەخۆران دەكات بۆ جێبەجێكردنی داواكاری گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، “بەردەوام بن لە ئیمزا کۆکردنەوەو ساردمەبنەوە”.
 
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×