ژمارەیەك كەسایەتی هۆشداری لە هەوڵی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای "رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی" دەدەن
  2020-08-13       1583       

كۆمەڵێك نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و یاساناس ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە هەوڵی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان لەژێرناوی "رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی"دا دەردەبڕن و بە هەوڵێك بۆ "بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان" لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوی دەبەن. ئەوان داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەكان دەكەن پرۆژە یاساكە رابگرن و تەنها بڕیارێك دەربكەن كە میدیای ئەلیكترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی.

ئاوێنە: ئەو نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و یاساناسانە، كە ژمارەیان 26 كەسە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند"لەكاتێكدا كوردستان بەدۆخێكی زۆر خراپی سیاسی و ئابوریی تێدەپەڕێت و نەهامەتی و برسێتی خەڵك گەیشتۆتە دۆخێكی زۆر مەترسیدار. موچەو قوتی موچەخۆرانی كوردستان چۆتە قوڕگی شێرو دیار نییە چی بەسەردێت. رۆژانە بەڵگەو دۆیكۆمێنتەكانی گەندەڵی و خراپیی حكومڕانیی ئەم وڵاتە لەمیدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی بڵاودەكرێتەوە. پرۆژە یاسایەك لەژێر ناونیشانی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی گوایە بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنییە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە."

ئاماژەیان بەوەشداوە كە پڕۆژەكە كە ئێستا ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا دەبێت "پێناچێت بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیی بێت، بەڵكو هەوڵێكە بۆ بەرتەسككردنەوەو ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان تاوەكو نەتوانن لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رەخنەو تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی روداوەكان و گرفت و كەموكوڕیی و گەندەڵییەكانی حكومڕانی دەرببڕن."

جەختیشیان كردۆتەوە كە "بۆ رەتکردنەوەی ئەم یاسایە هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین هیچ جیاوازییەک لەنیوان ئەکاونت و پەیجی دامودەزگا میدیاییەکان و ئەکاونت و پەیجە شەخسییەکاندا ناکات. ئەمەش مانای وایە دەشێت هەر هاوڵاتییەک لەسەر نوسین یان کۆمێنتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپێچی بنکەی پۆلیس و دادگا بکرێت."

هەر سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەو پڕۆژە یاسایانە، ئاشكرایان كردوە كە "ئاماژەکردن بە یاسای تیرۆر (لە پڕۆژە یاساكە) دەرگا لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەسەر نوسین و بڵاوکردنەوە، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە کە یاسا دەبێ هەمیشە بە دور بێت لە هەمو ناڕونی و ئاڵۆزییەک، چونکە ئەمە بواری تەفسیری جیاواز دەڕەخسێنێ و دەشێت ببێتە ئامڕازی بێدەنگکردن، نەک پاراستنی مافەکان. ئەوەی ئێستا لەپرۆژەكەدا هاتوە بیانو دەداتە دەسەڵاتداران و كاربەدەستان تا بەئارەزوی خۆیان تۆمەت بخەنە پاڵ هاوڵاتیی یان فەرمانبەر یان هەركەسێك لەم وڵاتە، دواتر بەو تۆمەتە لەكارو وەزیفە دوریبخەنەوە یان زیانی پێبگەینن."

ئەوان ترسی خۆیشیان لەوە نەشاردۆتەوە كە "یاساكە بەشێوەیەكی خراپ و بۆ مەبەستی شەخسی و حزبی بەكاربهێنرێت!" هاوشێوەی چەند یاسایەكی دیكەی وەك یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007.

هۆشداریشیان داوە بە هەمو لایەك كە پڕۆژە یاساكە، "نەك میدیا بگرە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كۆت و بەند دەكات، كۆمەڵێك رێكارو سزاو غەرامە لەخۆدەگرێت پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی یاساو رێكارە كارپێكراوەكان رێكخستنی كاروباری حكومڕانییە."

هەروەك ئەوەشیان خستۆتەڕو كە "خراپی ئەم حكومڕانییە بەڕێگرتن لەناڕەزایی خەڵك چارەسەر نابێت، هەروەك ئینكاری كردنی راستیی هیچ لەراستییەكان ناگۆڕێت."

لەكۆتاییشدا وتویانە"ئێمە وەكو ژمارەیەك زۆر نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمیی و یاساناسانی كوردستان، دەمانەوێت دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەینینە دەسەڵاتداران و خەڵكی كوردستانیش لە وەها هەوڵێك ئاگاداربكەینەوە. داوا لەحزب و لایەنە سیاسییە حكومڕانەكان و حكومەت و ئەندامانی پەرلەمان و هەمولایەك دەكەین، ئەم پرۆژە یاسایە راگرن پێویست بەپرۆژەیەكی وەها ناكات، بەڵكو تەنها بڕیارێك دەربكەن كە میدیای ئەلیكترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007."

دەقی بەیاننامەكە...

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
نوسەرو رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان
كاربەدەست و بڕیاربەدەستانی كوردستان

لەكاتێكدا كوردستان بەدۆخێكی زۆر خراپی سیاسی و ئابوریی تێدەپەڕێت و نەهامەتی و برسێتی خەڵك گەیشتۆتە دۆخێكی زۆر مەترسیدار. موچەو قوتی موچەخۆرانی كوردستان چۆتە قوڕگی شێرو دیار نییە چی بەسەردێت. رۆژانە بەڵگەو دۆیكۆمێنتەكانی گەندەڵی و خراپیی حكومڕانیی ئەم وڵاتە لەمیدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی بڵاودەكرێتەوە. پرۆژە یاسایەك لەژێر ناونیشانی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی گوایە بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.

لەراستیدا ئەو پرۆژەیە كە ناوەڕۆكەكەی ئێستا ئاشكرادەبێت، پێناچێت بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیی بێت، بەڵكو هەوڵێكە بۆ بەرتەسككردنەوەو ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان تاوەكو نەتوانن لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رەخنەو تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی روداوەكان و گرفت و كەموكوڕیی و گەندەڵییەكانی حكومڕانی دەرببڕن.

بۆ رەتکردنەوەی ئەم یاسایە هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین هیچ جیاوازییەک لەنیوان ئەکاونت و پەیجی دامودەزگا میدیاییەکان و ئەکاونت و پەیجە شەخسییەکاندا ناکات. ئەمەش مانای وایە دەشێت هەر هاوڵاتییەک لەسەر نوسین یان کۆمێنتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپێچی بنکەی پۆلیس و دادگا بکرێت. جگە لەوەش ئاماژەکردن بە یاسای تیرۆر دەرگا لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەسەر نوسین و بڵاوکردنەوە، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە کە یاسا دەبێ هەمیشە بە دور بێت لە هەمو ناڕونی و ئاڵۆزییەک، چونکە ئەمە بواری تەفسیری جیاواز دەڕەخسێنێ و دەشێت ببێتە ئامڕازی بێدەنگکردن، نەک پاراستنی مافەکان. ئەوەی ئێستا لەپرۆژەكەدا هاتوە بیانو دەداتە دەسەڵاتداران و كاربەدەستان تا بەئارەزوی خۆیان تۆمەت بخەنە پاڵ هاوڵاتیی یان فەرمانبەر یان هەركەسێك لەم وڵاتە، دواتر بەو تۆمەتە لەكارو وەزیفە دوریبخەنەوە یان زیانی پێبگەینن.

خەڵكی كوردستانی بێدەرەتان
ئازادیخوازانی كوردستان

ئاشكرایە كە ئازادی و پاشەگەردانی جیاوازیی زۆریان هەیە، هەمومان دەزانین دەركردنی یاسا بۆ رێكخستنی ژیان زۆر گرنگە، بەڵام ترسێكی زۆرمان هەیە كە یاساكە بەشێوەیەكی خراپ و بۆ مەبەستی شەخسی و حزبی بەكاربهێنرێت! هەربۆیە دەبینین یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 لە ساڵی 2007 ەوە دەرچوە بەڕونی رێگریی دەكات لە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بەڵام تائێستا رۆژنامەنوس لەسەر نوسین و دەستگیردەكرێن! چونكە بەشێك لەدادوەران لەژێر كاریگەریی بارودۆخی حزبیی كوردستان بەیاسای دیكە تۆمەت دەخە پاڵ رۆژنامەنوسان!
پێویستە هەمولایەك ئاگاداربێت كە ئەم پرۆژەیە یاسایەی ئێستا بەردەستە، نەك میدیا بگرە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كۆت و بەند دەكات، كۆمەڵێك رێكارو سزاو غەرامە لەخۆدەگرێت پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی یاساو رێكارە كارپێكراوەكان رێكخستنی كاروباری حكومڕانییە.

خراپی ئەم حكومڕانییە بەڕێگرتن لەناڕەزایی خەڵك چارەسەر نابێت، هەروەك ئینكاری كردنی راستیی هیچ لەراستییەكان ناگۆڕێت. ئێستا تاكە رێگایەك بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەگرتن لەحكومڕانیی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، چونكە حكومەت و بەشێك لەحكومڕانانی هەرێم هەمو گۆڕەپانەكانی كۆبونەوەی جەماوەریی و خۆپێشاندانیان بەڕوی خەڵك داخستوە، بێگومان بەیاسای رێكخستنی خۆپێشاندان، كە دیسان ئەویش خراپ بەكاردەهێنرێت.

ئێمە وەكو ژمارەیەك زۆر نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمیی و یاساناسانی كوردستان، دەمانەوێت دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەینینە دەسەڵاتداران و خەڵكی كوردستانیش لە وەها هەوڵێك ئاگاداربكەینەوە. داوا لەحزب و لایەنە سیاسییە حكومڕانەكان و حكومەت و ئەندامانی پەرلەمان و هەمولایەك دەكەین، ئەم پرۆژە یاسایە راگرن پێویست بەپرۆژەیەكی وەها ناكات، بەڵكو تەنها بڕیارێك دەربكەن كە میدیای ئەلیكترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007.

ئەم نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و یاساناسانەی ئیمزایان كردوە:

1-    مەریوان وریا قانیع
2-    سەردار هەركی/ یاساناس
3-    رەوف بێگەرد
4-    مەسعود عەبدولخالق
5-    خالد دۆسكی
6-    سەرتیپ جەوهەر
7-    ئاوات عەلی – سەرۆكی دامەزراوەی نالیا
8-    ئاسۆس هەردی
9-    سەردار محەمەد
10- موحسین عوسمان
11- رێبین هەردی
12- شادمان مەلا حەسەن
13- شوان داودی
‎14- شوان محەمەد
15- رێبوار كەریم وەلی
16- دڵشاد مەجید
17- بورهان حاجی عەلی
18- هیوا قادر
19- ئارام سەعید
20- خالید سلێمان
21- د. هەردەوان نەقشبەندی – مامۆستای زانكۆ
22- ئەحمەد عەبدولقادر/ پارێزەر و یاساناس
23- مەكی ئامێدی
24- ئەیوب ئەنوەر – مامۆستای زانكۆ
25- ئیبراهیم عەباس
26- شیلان دەرگەڵە


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×