مەلا بەختیار: سەرەتاكانی مەترسی لەسەر چارەنوسی هەرێم دەركەوتون
  2020-08-13       2730       

مەلا بەختیار، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی پێی وایە بێباكی حكومەتی هەرێم لەم دۆخەی ئێستادا ترسناكەو هۆشداریش دەدات كە سەرەتاكانی مەترسی لەسەر چارەنوسی هەرێم دەركەوتون و دەڵێت"مەرگی خۆمم پێ خۆشترە، لە روخاندنی حكومەتی هەرێم... حكومەتێك، بەڕاستی بتوانێ‌ تەنگوچەڵەمەكان چارەسەربكات‌و ژیانی مەدەنی پێشبخات.. نەك دەستەپاچە بێ‌ بەرامبەر كێشەكان، تەنانەت نەتوانێت‌ گەندەڵكارە رسواكانیش سزابدات!"

 ئاوێنە: مەلا بەختیار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، رایگەیاندوە: ژمارەی خۆپیشاندەرەكانی دوێنێی پاركی ئازادیی سلێمانی و لە رانیەو شارۆچكەكانی دیكەش زیاتر بون لە خۆپیشاندانەكەی پێشوی كە هەر لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە بانگەوازی بۆ كرا.

مەلا بەختیار وتوشیەتی"بەدەر لەوەی شاسوار، ئەزمونی سیاسی نییەو رەمزێكیش نەبوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ‌.. لە رەمزە سیاسییەكان‌و لایەنەكان، زیاتر چۆتە ناو شەپۆلی ناڕەزاییەكان."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە یەكێتی‌و پارتی رۆژی 11ی ئاب راگەیەندراوی هاوبەشیان دەركردو دورونزیك، دڵنیاییان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، لەپێشەوەدا، گێڕانەوەی پارەی دزراوی گومرگەكان‌و شیرینی نەوت‌و نەوتی قاچاخ، نەدایە خەڵك.

هەروەك ئاماژەی بەوە راگەیەندراوی دوێنێی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا كردوە دەربارەی شایستە داراییەكان و وەڵامدانەوەی دەستبەجێی بەغدا كە تێیدا بەرپرسیارێتییەكەی خستۆتە سەر حكومەتی هەرێم بەتایبەت لە رادەستنەكردنی گومرگەكاندا.

مەلا بەختیار وتوشیەتی"لە كۆبونەوەكانی حكومەتی هەرێمیشدا، بگرەو بەردە لەسەر دابینكردنی موچە، كەمكردنەوەی موچە، چۆنیەتی دابینكردنی موچە هەیەو ئاسۆ.. تاریكە!"

هەروەك لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە جگە لەو راستیانە، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی ناوچەكەدا، سەرەتاكانی مەترسیان لەسەر چارەنوسی هەرێمی كوردستان دەركەوتوەو وتوشیەتی"ئەگەری ئەوە لەئارادا هەیە، كە سەرەنجامی ئەم قەیرانە دارایی‌و سیاسی‌و ئاساییشەی دنیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بۆ جۆرێك لە چارەسەری سیاسی-ئابوری-ئاساییشی ئەوتۆ لەپشتی پەردەی بەرژەوەندیەكاندا، بگەڕێن‌و تیایدا.. زلهێزەكان لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمیەكان لەنێوان خۆیاندا رێكبكەون.. كە مێژو پێماندەڵێ‌، رێكەوتنی گەرمەی قەیران‌و مەترسیەكان، سەرەنجامەكەی، حكومەتە دیكتاتۆرەكان لەسەر  حسابی ماف‌و خەباتی گەلان، دەپارێزرێن‌و دەسەپێنرێن!!"

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕو"لەبەرامبەر ئەو روداوانەدا.. دەبێ‌ لەخۆمان بپرسین: ئایا، دەستەبەرێك لەعێراقدا هەیە، پیلانێك دژی هەرێم، لەئارادا نەبێ‌، ئەگەر دوچاری روداوی نەخوازراویش نەكرێ‌.. بەڵام ئایا مەترسی ئەوە نییە ناچاری پاشەكشەی چاوەڕوانەكراو، بكرێ‌!!"

مەلا بەخیتار جەختی كردۆتەوە كە "لەم دۆخەی ناوچەكە، عێراق، كوردستان، هێزە سیاسیەكان، حكومەتی هەرێم‌و توڕەیی لەڕادەبەدەری جەماوەردا، حكومەت بەم بێباكیە بەرامبەر تاڵانكردنی گومرگەكان‌و نادیاری داهاتی شیرینی نەوت‌و نەوتی دزراو، هاوكات سەرسەختی حكومەتی كازمی بۆ چارەسەركردنی شایستە داراییەكان (كە ئەوان حكومەتی هەرێم.. بە راست‌و درۆ دەكەنە پاساو) ئایا، ئەم دۆخە سیاسی-ئابورییە.. نیشانەی سەرەتاكانی لە گرێژنە دەرچونی هەلومەرجی بابەتی نییە؟"

رونیشیكردۆتەوە كە "هەلومەرجی بابەتی.. ماناكەی رون‌و رۆشنە، ئەویش ئەوەیە، كە حكومەت توانای چارەسەركردنی قەیرانی نەمابێ‌‌و خەڵكیش بە چارەسەرە نیوەچڵەكانی حكومەت رازی نەبێ‌.. كە حكومەت توانای چارەسەركردنی قەیرانی نەماو خەڵكیش پشوی بگاتە كۆتایی.. ئیتر دۆخی شۆرشگێڕانەی گۆڕانكاری دەخوڵقێ‌.. لەم سەردەمەشدا، دەركەوت بەبێ‌ حیزبێكی مێژویی بەهێزیش.. حكومەتەكان دەگۆڕدرێن."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"بەندە.. مەرگی خۆمم پێ خۆشترە، لە روخاندنی حكومەتی هەرێم.. وەكو حكومەتی خەڵك.. حكومەتێك، بەڕاستی بتوانێ‌ تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكات‌و ژیانی مەدەنی پێشبخات.. نەك دەستەپاچە بێ‌ بەرامبەر كێشەكان، تەنانەت نەتوانێ‌ گەندەڵكارە رسواكانیش سزا بدات!"

هۆشداریشیداوە كە "بێباكی لەم دۆخە مەترسیدارەدا، ترسناكە."

مەلا بەختیار پێی وایە لەم دۆخەدا تەنها مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەتوانێت كۆنگرەیەكی كۆردستانی بۆ: حیزبەكان، رێكخراوەكان، پسپۆڕەكان، سازبدات‌و بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی قەیرانەكان، لەناو كۆنگرەكەدا، دیاری بكرێن‌ بەڵام "بەمەرجێ‌ تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێ بكرێ‌. نەك كۆنگرە بۆ دەستخەڕۆكردنی رایگشتی!!"

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەداوە كە ئەگەر مەسعود بارزانی بەو داوایەی رازی نەبێت، ئەوا داوا دەكات "حكومەتی هەرێم رێگای شیاوتر بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە. یاخود، رادیكاڵانە.. داهاتی گومرگەكان‌و نەوتی دزراو.. كۆنترۆڵ بكات‌و بۆ حكومەتی بگێڕێتەوە.. هەتا فریای موچەی خەڵك بكەون."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بێباكی.. ناكاتە ئەستۆپاكی. بەڵكو بێباكی لای خەڵك وا لێكدەدرێتەوە، كە تاڵانی‌و گەندەڵی.. دادەپۆشرێ‌.. شۆڕەسوارەكانی گەندەڵیش.. یەك بە یەك، لە ویژدانی خەڵكدا ناسراون. تەنها هەلپەرست‌و مشەخۆرەكان، پارەیان بۆ دادەدۆشن‌و دادەپۆشن!!"


زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×