رێكخراوێكی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكا رێگەبدەن رۆژنامەنوسان ئازادانە روماڵی خۆپیشاندانەكان بكەن
  2020-08-14       477       

كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: داوا لە دەسەڵاتدارانی كورد دەكات واز لە هەراسانكردنی راگەیاندنەكان بهێنن و رێگە بە رۆژنامەنوسان بدەن ئازادانە روماڵی خۆپیشاندانەكان بكەن بێ ئەوەی ترسیان لەوە هەبێت هێرشیان بكرێتەسەرو دەستگیربكرێن.

ئاوێنە: كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ هەینی، لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات كە رۆژی 12ی ئاب، هێزەكانی ئاسایش هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك و بۆ ماوەیەك رۆژنامەنوس و كارمەندان ئەو كەناڵەیان لە نوسینگەكە دەستبەسەركردون.  

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هێزە ئەمنییەكان لە شاری هەولێر، هەمان رۆژ، تیمی كەناڵی ئێن ئاڕ تی-یان لە بۆ ماوەیەكی كەم دەستبەسەركردون كاتێك كە سەرقاڵی خۆپیشاندانەكان بون لەو شارە.

ئیگاسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، رایگەیاندوە: لەڕێگەی دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بەبێ فەرمانی دادوەرو دەستگرتن بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانداو هێرشكردنە سەر پەیامنێران لە شەقامەكاندا، دەسەڵاتدارانی كوردی لە هەرێمی كوردستان، نیازی ئەوەیان هەیە سانسۆری روماڵكردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەگەر هەرێمی كوردستان بەجددی بانگەشەی دیموكراسیەت دەكات، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە رێگە بە سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن بدەن كە ئازادانە كاری خۆیان بكەن بەبێ جیاوازی ئینتیمایان.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە هەمان رۆژ هێزێكی ئاسایش لە هەولێر، سوكایەتی بە تیمێكی كەناڵی پەیام كردوەو دەستیان بەسەر كەرەستە رۆژنامەوانییەكانیاندا گرتوە.

هەروەك هێماشی بۆ ئەوە كردوە كە دوێنێ، هێزەكانی ئاسایش لە دهۆك، رێگە لە بەڕێوەچونی رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆركردنی وەداد حسێن نەداوەو هێرشی كردۆتە سەر چەند رۆژنامەنوسێك و بۆ ماوەی چەند سەعاتێك دەستگیریان كردون و لێیان داون.

ئەو رێكخراوە داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردوە ئەو كەلوپەلە رۆژنامەوانیانەی كە دەستیان بەسەرداگرتون بۆ كەناڵ و رۆژنامەنوسەكان بگێڕنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×