ئەمڕۆ لەعێراق زۆرترین ژمارەی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركرا
  2020-08-15       751       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا چوار هەزارو 293 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون و 76 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوەو دو هەزارو 571 توشبوش چاكبونەتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 18 هەزار و 295 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان چوار هەزارو 293 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە ئەوەش زۆرترین تۆماری رۆژانەی توشبون بە كۆرۆنایە لەو كاتەوەی ڤایرۆسەكە هاتۆتە عێراق.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 76 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو دو هەزارو 571 توشبوی دیكەش چاكبونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 172 هەزار و 583 كەس و لەوانە پێنج هەزارو 785 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 122 هەزارو 700 كەسیان چاكبونەتەوەو 44 هەزار و 98 كەسیشیان لە نەخۆشخانەكانن كە لەوانە 590 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×