یەكێتی ئەوروپا جارێكی دیكە هۆشداری دەداتە توركیا
  2020-08-16       942       

یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ یەكشەممە، جارێكی دیكە هۆشداری دایە توركیا، دوای ئەوەی ئەنكەرە رایگەیاند كارەكانی كەشتی "یاوز" بۆ گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت و غازدا لە ئاوە كێشە لەسەرەكانی دەرباری ناوەڕاستدا لەنزیك كەنارەوەكانی قوبرس تاوەكو ناوەڕاستی ئەیلول درێژدەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دەریاوانیی توركیا، سێ كەشتی دیكە هاوڕێیەتی كەشتی "یاوز" دەكەن و وتوشیەتی"بەجددی ئامۆژگاری هەمو كەشتییەكان دەكەین نەیەنە ناوچەكە."

لەچەند هەفتەی رابردودا گرژییەكانی نێوان توركیاو یۆنان كە ئەندامی یەكێتی ئەروپایە، توندیان بەخۆیانەوە بینیوە سەبارەت بە گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت و گازدا لە دەریاری ناوەڕاست و هەفتەی رابردوش بەریەككەوتنێكی سوك لەنێوان كەشتییەكی توركی و یۆنانی رویدا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، جۆزیب بۆریل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند: بەرنامەی گەڕان و پشكنینەكەی توركیا ناوچەیەك لەخۆدەگرێت كە میسر و قوبرس لەچوارچێوەی دیاریكردنی سنوریی ئاوی نێوانیاندا دایانناوەو ئەوەش گرژی دروست دەكات.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا داوا لە توركیا كرد دەست بەجێ ئەو چالاكییەی رابگرێت و دەست بە گفتوگۆ بكات.

جۆزیب بۆریل لە بەیاننامەیەكدا وتی"ئەو كارەی توركیا ئەنجامی نەرێنی دەبێت و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لاواز دەكات."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×