320 ملیار دینارەكەی بەغدا گەیشت
  2020-08-18       644       

لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق، نووسراوی تایبەت بە دابینكردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێگەیشت.

ئاوێنه‌: سەرچاوەیەكی بەرپرس لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق راگەیاند:" وەزارەتی دارایی عێراق، ڕەزامەندیی لەسەر دابینكردنی پارە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەو بڕەی كە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال لەسەری ڕێككەوتوون، بۆ ڕەوانە كردوون و نووسراوەكەیان پێگەیشتووە." وەك میدیاكانی نزیك لە پارتی بڵاویانكردووەتەوە.

ڕوونیشیكردەوە:" هەندێك ڕێوشوێنی ئاسایی ماون، تەواوی دەكەن و سبەی چوارشەممە ١٩ی ٨ی ٢٠٢٠، پارەكە ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەكەن."

دوێنێ دووشەممە ١٧ی ٨ی ٢٠٢٠، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ٣٢٠ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەكرێن، لەگەڵ ٢٧٠ ملیار دینار كە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە پێیان گەیشتووە، لەگەڵ ١٢٠ ملیاری داهاتی ناوخۆ و ٢٠ ملیار دیناری تەمویلی هاوپەیمانان كە سەرجەمیان ٧٣٠ ملیار دینارە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی پێ دابەش دەكەن كە بۆ سەرجەمی مووچە پێویستییان بە ٨٩٥ ملیار دینار هەیە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×