لەسەر پێشێلكارییەكان لە زاخۆو بەسرە، داوای دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت
  2020-08-20       643       

یوسرا رەجەب، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، لە کاردانەوەی پێشێلکارییەکانی دوێنێی زاخۆ و بەسرەدا داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەكات.

ئاوێنە: دوێنێ لە بەسرە چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێك كرد كە چوار ژنی تێدابون، دوانیان كوژران و دوانەكەی دیكەش بە سەختی برینداربون. یەكێك لە كوژراوەكان، ژنە چالاكوان ریهام یەعقوب بو.

شەوی رابردوش، لە زاخۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڵاتیان و كاسبكاران دژی بڕیاری رێگەدان بە هاتنەناوەوەی شۆفێرانی بارهەڵگرانی تورك بۆ نێو خاكی هەرێم، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. خۆپیشاندانەكە گرژی لێكەوتەوەو بە دەستگیركردن و لێدانی چەندین خۆپیشاندەر كۆتایی هات.

یوسرا رەجەب، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كردوە بۆ دەربڕینی هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی بەسرەو زاخۆ كۆبونەوەیەكی بەپەلەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

یوسرا رەجەب وتویەتی"خوێنڕشتن بەدرێژایی نەخشە لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ بەردەوامە."

ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتویەتی"داواکارم لەدەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنێکی نائاسایی سازبکەن بۆ وەستان و هەڵوێستوەرگرتن لەسەر ڕوداوەکانی ئەم دواییەو بۆ ئەوەی بە دیدێکی ڕونەوە لێی دەربچین و هۆکار بێت بۆ وەستانی ئەم کوشتنکارییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دوبارەبونەوەی ئەم کردەوانە هەموان دەخاتە بەردەم بەرپرسارێتی نیشتیمانی."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×