كونسوڵی توركیا لە هەولێر: قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق نزیكبۆتەوە لە ئاستی پێش كۆرۆنا
  2020-08-21       839       

هاكان كاراچای، كونسوڵی توركیا لە هەولێر، رایگەیاند: لە ئێستادا قەبارەی بازرگانی توركیا لەگەڵ عێراق نزیكبۆتەوە لە ئاستی پێش كۆرۆناو دەشڵێت: له‌ حه‌وت مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا ئاستی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق گەیشتۆتە چوار ملیارو 800 ملیۆن دۆلار. وێڕای ناڕەزایەتییەكانی كاسبكاران و هاوڵاتیانی زاخۆش، كاراچای ئاشكرایكرد: له‌ شه‌وی رابردوه‌وه‌ رێگه‌ به‌ شۆفێرانی بارهه‌ڵگری تورك دراوە بێنه‌ ناو خاكی عێراق.

ئاوێنە: هاكان كاراچاری، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی سەبارەت بە رێگەدان بە شۆفێرانی تورك بۆئەوەی بێنە نێو خاكی هەرێم، راگەیاند"حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ رێگه‌ده‌ده‌ن به‌ شۆفێرانی بارهه‌ڵگر كه‌ خه‌ڵكی توركیان دوای ئه‌نجامدانی پشكنین بۆیان بێنه‌ ناو خاكی عێراق و باره‌كانیان دابنێن. به‌ڵام به‌ چه‌ند هۆكارێك ئه‌مه‌ دواكه‌وت. له‌ ١٩ی ئابه‌وه‌ ئیرادە نیشان درا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌ شه‌وی رابردوه‌وه‌ دوای ئه‌نجامدانی پشكنین رێگه‌ به‌ شۆفێرانی بارهه‌ڵگری توركیا ده‌درێت بێنه‌ ناو خاكی عێراق و كاڵا و پێداویستییه‌كانیان دابنێن".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دو رۆژ لەمەوبەر لە زاخۆ خۆپیشاندانێكی گەورە بۆ رێگریكردن لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراو گرژیشی لێكەوتەوەو دەیان كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربون.

كاراچای ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێم مەرجی ئەنجامدانی پشکنینی داناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەو وتی"کاتێک بیرمان لە قەبارەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان کردەوە لە دەروازەی سنوری خابور-ئیبراهیم خەلیل، بۆمان دەرکەوت کە پێویستمان بە ناوەندێکی پشکنینی کۆرۆنایە کە پشکنینەکان بەشێوەیەکی خێرا ئەنجامبدرێت، چاودێری دروستکردنی ناوەندێکی لەم شێوەیەمان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردو ئێمەش سەردانی ناوەندەکەمان کردو لەنزیکەوە ئاگاداری شێوازی کارکردنی ناوەندەکە بوین".

ناوبراو داوا لە شۆفێرە تورکەکان دەکات گرنگی بدەن بە پاکوخاوێنی و پۆشینی دەمامک و دەستکێش و وتی"داوا دەکەین هەمویان رێوشوێنەکانی خۆپارێزی پەیڕەوبکەن، نەچنە ناو قەرەباڵغی و ئەو بارانەی پێیانە لەزوترین کاتدا دایبگرن و بگەڕێنەوە."

کاراچای ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا بەهۆی پەتای کۆرۆنا بازرگانی پەکی کەوتبو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بازرگانی بێبەرکەوتن (گۆڕینی شۆفێری بارهەڵگر لەسەر سنور) بوژانەوەی بەخۆیەوە بینی.

هاکان کاراچای وتیشی"دوای دەستپێکردنی بازرگانی بێبەرکەوتن جارێکی دیکە بازرگانی بوژایەوەو لە ئێستادا قەبارەی بازرگانی نزیکبۆتەوە لە ئاستی پێش کۆرۆنا. لەئێستادا رۆژانە ١٣٥٠-١٤٠٠ بارهەڵگر دێنە ناو عێراق. هیواخوازین ئەم میکانیزمە نوێیە نەبێتە هۆی هیچ کێشەو ئاستەنگێک و ژمارەی بارهەڵگرەکان زیاتربکرێت."

کاراچای بەم شێوەیە لەبارەی زیادبونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیاوە دوا"سه‌ره‌ڕای په‌تای جیهانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ربەست، له‌ حه‌وت مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بازرگانیی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق گه‌یشتوه‌ته‌ چوار ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×