یەکەمین دانیشتنی دادگا تایبەت بەکەیسی سکاڵای کۆمپانیای (داینا ستی) لەسەر ئاشتی هەورامی به‌ڕێوه‌چو
  2020-08-21       1709       
ئاشتی هەورامی
ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ یەکەمین دانیشتنی دادگا تایبەت بەکەیسی سکاڵای کۆمپانیای (داینا ستی) لەسەر ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکان لەدادگای (هایپترەیشن) لەلەندەن به‌ڕێوه‌چو، یه‌کێک له‌به‌شداربووانی‌ دادگا‌که‌ش‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر حکومه‌تی‌ هه‌رێم که‌یسه‌کە بدۆڕێنێت ده‌که‌وێته‌ ژێر قه‌رزێکی‌ زۆره‌وه‌.

ئاوێنه‌: رۆژنامەنوس دانا نەقی کە بەشێوەی “ئۆنلاین” بەشداری لەدانیشتنی دادگاکەدا کردووە، به تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ سلێمانی راگەیاندووه‌، “دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا بۆ پرساندن بو، دادگا مۆڵەتی پێنج هەفتەی بەهەردولا داوە بۆ ئەوەی هەریەکەیان دو کەسی شارەزا بهێنن لەسەر کەیسەکە‌و خەڵکانی ئاسایی لەهەرێمی کوردستان داخڵی پرۆسەکە بکرێن‌‌و قسەی خۆیان بکەن، دادوەر لای رون نەبو لەداهاتودا پۆستی ئاشتی هەورامی چی لێدێت، چونکه‌ له‌چه‌ند رۆژی‌ داهاتودا وه‌زیری‌ نوێی‌ سامانه‌ سروشتییه‌کان له‌کابینه‌ی‌ نۆی‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان دیاری‌ ده‌کرێت”.

وتیشی‌، “کۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) کە کۆمپانیایەکی لۆکاڵییە‌و که‌سێک بەناوی (هیوا ئاوات) سەرۆکایەتی دەکات، رۆژی 14ی ئابی 2019 لەدادگای شاهانەی بەریتانیا سکاڵایەکی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆمارکرد‌و لەسکاڵاکەیدا ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەکات بەوەی داوای بەرتیلی لێکردووەو بەهۆی ئەوەی بەرتیلی نەداوە کێشەی‌ بۆ گرێبەستێکی دروستکراوە بۆ کارکردن لەدو کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان.”

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ده‌ڵێت، “کۆمپانیای (دایناستی) یه‌که‌م کۆمپانیایه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان کە سکاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆمارکردبێت له‌دادگایه‌کی‌ جیهانی‌، که‌ پێموایه‌ ئه‌م که‌یسه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێم نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دۆسییه‌ی‌ نه‌وتی‌ تێدا هه‌ڵده‌درێته‌وه‌ که‌ نهێنی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌‌و بابه‌تی‌ زۆر شارا‌وه‌ی‌ تێدا باس ده‌کرێت، بۆیه‌ باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردو لایان رێکبکه‌ون‌و کێشه‌که‌یان له‌ناوخۆیاندا چاره‌سه‌ر بکه‌ن، چونکه‌ به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و دۆسیانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌پرسی‌ نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌ ئه‌وا کابینه‌ی‌ نۆی‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ به‌رپرسیارێتی‌ گه‌وره‌وه‌”.

رونیشیکرده‌وه كه‌ ‌”پارێزەرەکەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لەبنەڕەتەوە کۆتایی بەسکاڵاکەی کۆمپانیای (دایناستی) بهێنێت‌‌و لەدادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاکانی ناوخۆی عێراقی بکاتەوە، بەو پێیەی نەوتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتی‌و ئاشتی هەورامیش وەکو یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، بەڵام لەم هەوڵەدا سەرکەوتو نەبووە”.

تیمی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەرکەوتوبون لەیەکەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی کۆمپانیا (دایناستی) بۆچونی یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بکەن تایبەت بەشایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەکەی ئاشتی هەورامییەوە.

لەو شایەتیدانەدا بۆ کۆمپانیای (دایناستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەکردووە لەهەرێمی کوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت هیچ یاسایەکی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەکان لەنمونەی “پارێزبەندی” نایگرێتەوە.

کێشەی سەرۆکی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆکی دادگا وەکو پۆستێکی خاوەن پارێزبەندی، قایلکەر نەبووە، بۆیە سەرۆکی دادگاکە بڕیاریداوە، لەپێنج هەفتەی داهاتودا لەسەر ئەم کەیسە هەردولا (واتە تیمی پارێزەرانی ئاشتی هەورامی‌و تیمی پارێزەرانی کۆمپانیای دایناستی) هەریەکەیان دو کەسی شارەزای خۆیان وەکو شایەتحاڵ بهێننە ناو پرۆسەکەوە بۆ یەکلاکردنەوە بابەتە کێشەلەسەرەکان”.

هاوکات سەرکەوت شەمسەدین، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، وه‌ک شاهید دژی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ پێشوی‌ سامانه‌ سروشتییه‌کانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، له‌پرۆسه‌ی‌ دادگاییکردنه‌که‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ له‌نده‌ن به‌شداربووه‌.

ناوبراو رایگه‌یاندووه‌، “لەدادگاییەکەدا، بەڵگەکانم خستە بەردەست دادوەران‌و پارێزەران لەدژی ئاشتی هەورامی‌و حکومەتی هەرێم، کە نەوتی هەرێم خاوەنی هیچ سەروەرییەک نییەو ئاشتی هەورامیش خاوەنی پارێزبەندی نییە”.

کۆمپانیای (دایناستی) پشکەکانی کۆمپانیایەکی ئیسپانی (ریپسۆڵ) لەهەردو کێڵگەی (کوردەمیر)و (تۆپخانە) کڕیوەتەوەو بڕیاربو لەو دو کێڵگەیەدا کار بکات، بەڵام ئاشتی هەورامی رێگری لێکردووە‌و دەستوەردان ‌و “رێگری نایاسایی” کردووە‌و داوای پشکی گرێبەستەکەی لێکردووە بەبەهای 20% بۆ 30%. بۆیه‌ کۆمپانیاکه‌ داوای قەرەبوی (ملیارێک‌و 500 ملیۆن) دۆلار لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×