لەدوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، كازمی گەیشتە بەسرە
  2020-08-22       430       

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بە یاوەری وەفدێكی باڵای ئەمنی گەیشتە بەسرە، ئەوەش لەسایەی زیادبونی ئاستی پێشێلكارییەكان و كوشتنی چالاكوانان لەو شارەی باشوری عێراق.

ئاوێنە: بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، وەزیری ناوخۆی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنی، لە سەدارنەكەیدا بۆ بەسرە، یاوەری مستەفا كازمی-ن.

رۆژی چوارشەممەی رابردو، دوای كوژرانی ژنە چالاكوانێك و هاوڕێیەكی لە بەسرە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە، كازمی لە تویتێكدا رایگەیاند: ئێمە بەهۆی تیرۆرەكانی ئەم دواییەوە، فەرماندەی پۆلیسی بەسرەو بەشێك لە بەڕێوەبەرانی ئاسایشی شارەكەمان لەكارەكانیان لادان، هەمو شتێكی پێویست دەكەین بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان بە ئەركی خۆیان هەڵسن.

مستەفا كازمی جەختی كردبوەوە كە دەستتێكەڵكردن لەگەڵ بكوژان و چونەژێر باری هەڕەشەكانیان رەتدەكەینەوەو هەمو شتێكی پێویست دەكەین بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان و وەزارەتی ناوخۆ بە ئەركی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی هەڵبسن لەبەرامبەر هەڕەشەی دەرچوان لە یاسادا.

دوای سەردانەكەی بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتەوە بەغدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×