عەبدولوەهاب ساعدی: ئامادەین لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاسایشی بەسرە قوربانی بدەین
  2020-08-23       415       
سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەسەر دۆخی ئەمنی بەسرە رایگەیاند، “هەر وەك چۆن قوربانیمان داوە لە پێناو هەموو عێراق، بەهەمان شێوەیش ئامادەین قوربانیی لە پێناو بەرقەراركردنی ئاسایشی بەسرە بدەین”.
 
ئاوێنه‌: فەریقی یەكەم عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق كە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی ئەمنی گەیشتووەتە بەسرە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا وتی، “هەر وەك چۆن قوربانیمان داوە لە پێناو هەموو عێراق، بەهەمان شێوەیش ئامادەین قوربانیی لە پێناو بەرقەراركردنی ئاسایشی بەسرە بدەین”.

مستەفا كازمی، دوێنێ‌ شەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق  بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی شاری بەسرە، سەردانی شارەكەی كرد.

هەریەك لە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی و بریكاری وەرزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی یاوەری كازمی دەكەن لە سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای بەسرە.

ئەو سەردانەی كازمی بۆ شاری بەسرە هاوكاتە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانەی كە چەند رۆژێكە لە شارەكە بەڕێوەدەچن ئەمەیش دوای ئەوەی ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی لە شارەكە كوژران.

هەر دوێنێ‌ خۆپیشاندەران ئاگریان لە باڵەخانەی نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگاكە بەردا و 73 كاتژمێر مۆڵەتیان بە پارێزگاری بەسرە، ئەسعەد عیدانی دا تاوەكو دەستلەكاربكێشێتەوە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر ژمارەیەك چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی شاری بەسرە بە ناوەكانی تەحسین ئوسامە، ریهام یەعقوب و فەلاح حەسەناوی لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە كوژران.

دوای ئەو رووداوانە و بەدیاریكراوی رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی هەریەك لە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی لە بەسرە و فەرماندی پۆلیسی پارێزگاکەی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×