هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەربازگەی تاجی رادەستی هێزە عێراقییەکان کردەوە
  2020-08-23       451       
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش خاڵی ژمارە هەشتی لە سەربازگەی تاجی باكووری بەغداد، رادەستی هێزەكانی عێراق كردووەتەوە.

ئاوێنه‌: لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە رێورەسمێكدا، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، خاڵی ژمارە هەشتیان لە سەربازگەی تاجی رادەستی هێزەكانی عێراق كردەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەیش داوە، خاڵی ژمارە هەشت لە سەربازگەی تاجی لەلایەن هێزەكانی ئوسترالیا، نیوزیلاند و ئەمریكاوە بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عێراق بەكار دەهێندرا و باسی لەوەیش كردووە كە لەمەودا ئەو خاڵە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە بەكاردەهێندرێت.

وتیشی، “دوای تەواوبوونی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، خاڵی ژمارە هەشت لە سەربازگەی تاجی بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكوەزیرانی عێراق و رادەستی هێزەكانی عێراق كرایەوە”.

سەبارەت بە رادەستكردنەوەی خاڵەكانی دیكە، لیوا تەحسین خەفاجی روونی كردەوە كە پلان بۆ رادەستكردنەوەی خاڵەكانی دیكە داندراوە.

پێشتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش رایگەیاندبوو، بەپێی ئەو پلانەی كە پێشتر داندراوە، هێزەكانیان لە بنكەی تاجی باكووری بەغداد كشاونەتەوە و بنكەكەیشیان رادەستی هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×