مسته‌فا كازمی سه‌ردانی ئوردن ده‌كات
  2020-08-25       441       

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25ى ئابى 2020، مستەفا كازمی بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی سێ قۆڵیی نێوان عێراق، میسر و ئوردن بەغدای پایتەختی جێهێشتووە و بەرەو عەممان پایتەختی ئوردن بەڕێكەوتووە، کەمێک پێش ئێستا کازمی گەیشتە عەمانی پایتەختی ئەو وڵاتە.

ئاوێنه‌: بەپێی ڕاگەیەندراوەكە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە میانی لووتكە سێ قۆڵییەكەدا لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی كۆدەبێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو گە لە میانی لووتكەی سێقۆڵییەكەی نێوان عێراق، ئوردن و میسر كە ئەمڕۆ لە عەممان دەبەسترێت، سەبارەت بە دۆسیەكانی هاوكاری ئابووری و هاوبەشی نێوان هەر سێ وڵات گفتوگۆ دەكرێت، هەروەها پتەوتركردنی كاری وەبەرهێنان و بازرگانی لەنێوان عێراق، ئوردن و میسر تاوتوێ دەكرێت.

ئاماژە بەوەیش دراوە كە هەر لە میانی لووتكەكەدا، ئەو دۆسیە هەرێمییانە دەخرێنە بەرباس كە دەبنە هۆی پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە.

ئەمڕۆ سیشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی لووتكەی سێقۆڵیی نێوان هەر سێ وڵات لە شاری عەممان پایتەختی ئوردن دەبەسترێت.

لووتكەی سێقوڵیی نێوان ئەو سێ وڵاتە بۆ یەكەمجار لە ئاداری 2019دا لە قاهیرەی پایتەختی میسر سازكرابوو كە لە میانیدا نێوان عێراق، ئوردن و میسر رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هاوكاری ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان پتەوتر بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×