نرخی كارەبای‌ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كه‌مده‌كرێته‌وه‌
  2020-08-25       504       
وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌هاوكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با، نرخی كارەبای‌ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ، سەرەڕای ئەوەی نرخی یەك ئەمپێر كارەبای بەشێكی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان لە 130 دینار كەمكراوەتەوە بۆ 30 دینار، بەڵام بەهاوكاری وەزارەتی كارەبا لەهەوڵدان سەرجەم پڕۆژە كشتوكاڵییەكان نرخی كارەبایان بۆ كەم بكەنەوە.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی بەڕێز كاك كەمال محەمەد، وەزیری كارەبامان كرد، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵیەكان وەك پاڵپشتی لەكەرتی كشتوكاڵ‌و ئاودێری. گفتوگۆمان كرد لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت، لەپێناو بایەخدان بەكەرتی كشتوكاڵ، هەروەها لیژنەی هاوبەش بۆ ئاسانكاریی لەكەمكردنەوەی نرخی كرێی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان."

وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ راشیگه‌یاندووه‌، داوایانكردووه‌ هەریەك لەم پڕۆژانە كرێی كارەبایان بۆ كەمبكرێتەوە:
1_خانوی پلاستیكی
2_كارگەكانی ئالیك
3_سەربڕخانەكان
4_پڕۆژەكانی قارچك
5_ پڕۆژەكانی هێلكەو دەواجن
6_پڕۆژەكانی ماسی 
7_پڕۆژەكانی گاوداری‌و شیرەمەنی
8_كارگەكانی زەیتی زەیتوون
9_كارگەكانی دۆشاوی تەماتە
10_یانەی ئەسپسواری 
11_سەرجەم كارگەكانی  پیشەسازی خۆراك كە بەرهەمی خۆماڵی بەكار دەهێنن

له‌كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "وەزارەتی كارەبا هاوكارمان بون لەكەمكردنەوەی نرخی كرێی كارەبا بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، هەماهەنگیشمان بەردەوامی دەبێت بۆ ئاسانكاریی زیاتر ئەمەش وەك پاڵپشتی لەپڕۆژە كشتوكاڵییەكان."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×